لە کۆبوونەوەی ئەردۆغان و شەرع باس لە "باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا" کرا

ڕاگەیاندرا لە کۆبوونەوەی تەیب ئەردۆغان و ئەحمەد ئەل شەرع باس لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرا.

سەرۆکی ئیدارەی سوریا و تەحریر ئەل شام (هەتەشە) محەمەد ئەل جۆلانی (ئەحمەد ئەل شەرع) لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆککۆماری تورک تەیب ئەردۆغان کۆبووەوە. پاش کۆبوونەوەکە کۆنگرەی ڕۆژنامەنووسی بەسترا.

ئەردۆغان ڕایگەیاند باسیان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە، گوتی: "هەنگاوەکانمان تاوتوێ کرد. ئێمە هاوکاردەبین لە کۆنتڕۆڵکردنی کەمپەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بۆ سەلامەتی و ئاسایشی هەرێمەکەمان، هیچ ڕێگەیەکی ترمان نییە بێجگە لە کارکردن بۆ هەمان ئامانج".

ئەل شەرع ڕایگەیاند باسیان لە یەکێتی خاکی سوریا و پەیوەندی مێژوویی نێوان تورکیا و سوریا کردووە، گوتی: "دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان بگۆڕین بۆ هاوکاری ستراتیژیی قووڵ. دەبێت لە هەموو بوارێکدا هاوکاری یەکدی بکەین. یەکێک لە ستراتیژە هاوبەشەکان بواری ئەمنی دەبێت. باسمان لە هەڕەشەکان کرد، بەتایبەت باسمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد. پێویستە فشاری نێونەتەوەیی لەسەر ئیسرائیل بسەپێنرێت و ئیسرائیل بگەڕێنرێتەوە بۆ سنوورەکانی ساڵی ١٩٦٧".