بە دیمەن

ڕێپێوانی درێژ لە فەرەنسا بە دانوستانی دیپلۆماتیک بەردەوامە

ڕێپێوانی درێژی ٢٦ ڕۆژە بە داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد، ٢١ ی کانوونی دووەم لە شاری لۆرێنتی فەرەنسا دەستی پێ کرد، لە ١٦ هەمین ڕۆژدا لە شاری کرێل بە دانوستانی دیپلۆماتیک بەردەوام بوو.

شاندی ڕێپێوانەکە لە چوارچێوەی دانوستانی دیپلۆماتیکدا لەگەڵ سەرۆکی شارەوانی هەرێمی نۆجێنت_ سور_ ئۆیسی کرێل، جان فرانسیۆس داردین کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشکخرایەسەر گۆشەگیری ڕێبەر ئاپۆ و پیلانگێڕی نێونەتەوەیی و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕێپێوانی درێژی ٢٦ ڕۆژە.

هەروەها دۆسیەیەک دەربارەی تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی تورک لە ڕۆژئاوا ڕادەستکرا.

شاندەکە بانگەوازی لە هێزە دیموکراتیکەکان و گەلانی فەرەنسا کرد بۆ پشتگیری لە ڕێپێوان و گردبوونەوەی مەزنی ١٥ ی شوبات لە ستراسبۆرگ.

سەرۆکی شارەوانی داردین ڕایگەیاند ئەو ئاشنای ڕێبەر ئاپۆ و فەلسەفەکەیەتی، لە نزیکەوە چاودێری شۆڕشی ڕۆژئاوا دەکات و گوتی: "پارادایمی ئازادیی ژن، دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لە ڕۆژئاوا دامەزرا، سیستەمی کۆنفیدراڵ و کۆمۆناڵ کە ئۆجالان پێشنیاری کردووە، نەوەک تەنها بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ تەواوی جیهان دەتوانێت ببێتە مۆدێلێک".

ڕێپێوانەکە تا ستراسبۆرگ بەردەوام دەبێت و بە گردبوونەوەیەکی مەزن کۆتایی دێت.