نەتەوە یەکگرتووەکان: ڕاگواستنی زۆرەملێ و ئاوارەکردن قەدەغەیە!

کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆلکەر تورک ڕایگەیاند بەپێی یاسا نێونەتەوەییەکان ڕاگواستنی زۆرەملێی گەلی غەززە بۆ وڵاتانی تر "بێگومان" قەدەغەیە.

سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ پێشنیاری کرد غەززە کۆنتڕۆڵ بکات و هاوڵاتیانی شارەکە بگوازێتەوە بۆ وڵاتانی جیاواز، کۆمیسەری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆلکەر تورک لەم بارەیەوە قسەی کرد.

ڤۆلکەر گوتی: "دیاریکردنی چارەنووس ڕەگەزێکی سەرەکییە لە یاسای نێونەتەوەیی، وەک دیوانی دادی نێونەتەوەیی بەم دواییانە ڕامانگەیاند، پێویستە ئەم ڕەگەزە لەلایەن هەموو دەوڵەتانەوە بپارێزرێت. ڕاگواستن و ئاوارەکردنی زۆرەملێی هاوڵاتیان لە هەرێمە داگیرکراوەکان بێگومان قەدەغەیە".

ڤۆلکەر تورک ڕایگەیاند کۆتاییهاتنی شەڕ لە هەرێمەکە و ئاوەدانکردنەوەی غەززە بەگوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان زۆر گرنگە.

لەکۆتاییدا گوتی: "فەڵەستینی و ئیسرائیلییەکان پێویستیان بە ئاشتی و ئاسایش و یەکسانییە".