لە سلێمانی چلەی شەهید حوسێن ئاراسان بەرزڕاگیرا
لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، مەراسیمی چلەی شەهید حوسێن ئاراسان بەڕێوەچوو، داواکرا تاوانباران دەستگیربکرێن.
لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، مەراسیمی چلەی شەهید حوسێن ئاراسان بەڕێوەچوو، داواکرا تاوانباران دەستگیربکرێن.
ڕۆژی ٩ ی حوزەیران، حسێن ئاراسان، لەبەردەم بینای ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا، لەشاری سلێمانی درایە بەر دەستڕێژی گولـلە، پاش مانەوەی نزیکەی ١٧ کاتژمێر لە نەخۆشخانە، بەرەبەیانی ١٠ـی مانگ شەهید بوو، لەسەر وەسییەتی خۆی بە مەراسیمێکی شکۆدار لەگۆڕستانی شەهیدانی بناری قەندیل، تەرمەکەی سپاردەی خاک کرا.
ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیا مەراسیمێکیان ڕێکخست بۆ بەرزڕاگرتنی چلەی شەهید حوسێن ئاراسان. لە مەراسیمەکەدا چەندین کەسایەتی و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و سیاسی و هاوڕێیانی شەهید حسێن ئامادەبوون.
لە مەراسیمەکەدا، دەوڵەتی داگیرکەر وەک تاوانباری سەرەکی لە کوشتنی وڵاتپارێزان و پەدەکەش وەک خیانەتکار و چاوساغی دوژمن شەرمەزارکران.
پاش خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدانی کوردستان، خانەوادەی شەهیدان مۆمیان لەپێش وێنەی شەهیدان داگیرساند. دواتر حەسەن کاجار، ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوی کرێکارانی میزۆپۆتامیای خوێندەوە و گوتی: "بە هۆی چلەی شەهید حسێن ئاراسانەوە ئەمڕۆ پێکەوە کۆبووینەتەوە، چونکە ئەڤیندار و دڵسۆزی وڵاتەکەی بوو، ئێمەش هەتا ئازادی وڵات مسۆگەر نەکەین، وەحشگەری و ئاستەنگەکانی دوژمن ناتوانێت لە بەردەم تێکۆشانی ئێمە ڕێگربێت، ئەگەر تەنیا یەک کەسیش لە ئێمە بمێنێتەوە ئەو تێکۆشانە بەردەوام دەبێت، دووژمنی گەلی کورد هیچ یاسایەکی مرۆڤایەتی و گەردونی ناناسێت، لە شەهید زەکیەوە هەتا شەهید حسێن ئاراسان، ڕاستی دووژمن نەگۆڕاوە هەر ئەوەیە".
پاشان بەناوی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستانەوە، هەرێم مەحمود وتەیەکی پێشکەشکرد و گوتی: "سەری ڕێز و نەوازش لە پێناو ئەو شەهیدانە دادەنەوێنن کە خوێنی خۆیان لە پێناو ئازادی گەلەکەیان بەخت کردووە، بە ناوی دەستەی بەڕێوەبەری تەڤگەری ئازادیەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەکانیان دەکەین، ئەو هەڤاڵانەی تیرۆرکراون بە تەنها شەهیدی بەشێکی وڵات نین، بەڵکوو شەهیدی هەر چواربەشی کوردستانن، پەنابەریش نین و لە وڵاتی خۆیان تێکۆشانیان کردووە هەتا گەیشتوون بە شەهادەت، شەهیدی ڕێگا و ڕێبازی حەقیقەتن".
پاش پیشاندانی بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی شەهید حوسێن ئاراسان، مەراسیمەکە بە گوتنەوەی درووشمەکانی "شەهید نامرێت" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" مەراسیمەکە کۆتایی هات.