لە سلێمانی یادی شێرکۆ بێکەس کرایەوە

لە سلێمانی یادی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس کرایەوە.

ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی ئۆتێل رامادا لە شاری سلێمانی مەراسیمی یادی ٨هەمین ساڵیادی کۆچی دوایی شاعیری گەورەی کورد شێرکۆ بێکەس بەڕێوەچوو. یادەکە لەلایەن کۆمەڵگەى پەروەردەی مارگرێت رێکخرابوو و ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان، شاعیران، کەسایەتییەکان و نووسەران تیایدا ئامادە بوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک رێزگرتن دەستیپێکرد. دوای ئەوە لەلایەن هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی وتەیەک پێشکەشکرا و وتی، "شێرکۆ بێکەس مرۆڤێک بوو، کە قاچی نەبوو، بەڵام رێگای هەبوو. رێگاکەى دەگەیشتە ئەحمەد خانی، بابا تاهیری هەمەدانی، مەلای جزیری، مەولەوی، بێساراینی، نالی، سالم و کوردی".

هەڤاڵ ئەبوبەکر هیوای خواست، کە خەون و داواکانی شێرکۆ بۆ مرۆڤایەتی و کورد بەدی بێن و ئاشتی و ئارامی بچەسپێت.

دوای ئەوەش بە ناوی یەکێتیی نووسەرانی کوردەوە پەیامێک لەلایەن شاعیر کەژاڵ ئەحمەدەوە خوێندرایەوە. داواکرا، رۆژی کۆچی دوایی شێرکۆ بێکەس ناو بنرێت "رۆژی شێرکۆ".

هەروەها دیکۆمێنتارییەک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی شێرکۆ بێکەس پێشکەشکرا.

لە کۆتایدا دوو کتێبی شێرکۆ بێکەس بڵاوکرایەوە، کە یەکێکیان ناوی شناختنامە بوو، کە چاوپێکەوتنەکانی شێرکۆ بێکەسی تیادا بە زمانی فارسی کۆکرابووە. کتێبەکەى تریش دیوانێکی هەڵۆ شێرکۆی کوڕی شێرکۆ بێکەس بوو بە ناوی "خۆزیا باوکم ئەم شیعرانەی بدیایە".

ژ.ت