مانگێکە هیچ زانیارییەک دەربارەی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد وەرنەگیراوە

ماوەی مانگێکە هیچ زانیارییەک لە ڕۆژنامەنووسی بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز، سلێمان ئەحمەد، کە لەلایەن پەدەکە ڕفێندراوە، بەدەست نەهاتووە.

ڕۆژنامەنووسی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، سلێمان ئەحمەد، ڕۆژی ١ی تشرینی یەکەم بۆ سەردانی بنەماڵەکەی لە گەڕەکی شێخ مەقسودی شاری حەلەب سەردانی ڕۆژئاوای  کوردستانی کردبوو.  ڕۆژی 25ی تشرینی یەکەم، کاتێک سلێمان ویستبووی لە دەروازەی پێش خابوور (سێماڵکا) بگەڕیتەوە باشووری کورددستان، لەلایەن هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ڕفێندرا و ماوەی 30 ڕۆژە هیچ هەواڵێکی نازانرێت.

دوای هەفتەیەک لە دیارنەمانی سلێمان ئەحمەد، هێزە ئەمنییەکانی پەدەکە لە دهۆک، دانیان بەوەدا نا کە ئەوان ڕفاندوویانە و بە بەیاننامەیەکی پێچەوانەوە، ڕایانگەیاند، کە ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد بەهۆی کاری ڕۆژنامەوانییەوە نەبووە و بە ئاشکرا هەڕەشەی سزادانیان کرد. سلێمان ئەحمەد نزیکەی ٥ ساڵە وەک ڕۆژنامەنووس لە بەشی عەرەبی ڕۆژنیوز کاردەکات.

 ڕۆژنیوز بە توندی تۆمەتەکانی پۆلیسی دهۆکی پەدەکەی ڕەتکردەوە و شەرمەزاری کرد.  هەروەها داوا دەکات چارەنووسی سلێمان ئەحمەد ئاشکرا بکرێت و بە زووترین کات ئازاد بکرێت.

 لەگەڵ زیادبوونی کاردانەوە و هەڵوێستەکان دژ بە ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد، گومان و نیگەرانییەکان لە سەر ژیانی زیاتر دەبن. بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخی سلێمان ئەحمەد نەدراوە.