پارتە سیاسیەکان سەردانی بنەماڵەی داغ و ئەریان کرد

یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیکی گەلی کوردستان لە هەولێر سەردانی بنەماڵەی عەبدولرەحمان ئەر و مەزڵوم داغی کرد و داوای کرد داواکارییەکانی زیندانی مانگرتوو جێبەجێ بکرێن.

٦٤ رۆژە مەزڵوم داغ و عەبدولرەحمان ئەر لە دژی گوشار، ئەشکەنجە و سەباندنی یەکپۆشی لە زیندانی پەدەکە لە هەولێردا مانیان لە خواردن گرتووە. بەهۆی خراپی دۆخی تەندروستی داغ و ئەر و ئەو هەڕەشانەی لە سەر ژیانیان هەیە، بنەماڵەکانیان بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی رۆڵەکانیان بەر لە چەند رۆژ گەیشتنە باشووری کوردستان. بنەماڵەی داغ و ئەر بە مەبەستی کۆکردنەوەی پشتیوانی و پاڵپشتی سەردانی ژمارەیەک پارتی سیاسیان کرد و پارتە سیاسیەکانیش بە ئامانجی دەربڕینی پاڵپشتی لە هەولێر سەردانی بنەماڵەکان دەکەن.

لەو چوارچێوەدا ئەمڕۆ کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیکی گەلی کوردستان شاخەوان خالید و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی جەلال ئیسماعیل و هەڤاڵ هەرێم سەردانی نوێنەرایەتی هەدەپە لە هەولێریان کرد و لە نوێنەرایەتیەکە لەگەڵ بنەماڵەی داغ و ئەر کۆبوونەوە. لە دیدارەکەدا پشتیوانی خۆیان بۆ بنەماڵە و زیندانیان راگەیاند.

'دۆخی تەندروستیان خراپتر دەبێت' لە میانی سەردانەکەدا دایکی مەزڵوم داغ، قودرەت داغ قسەی کرد و وتی، "دۆخی کوڕەکەم لە زینداندا زۆر خراپە. لە زیندان ئەوانیان خستووەتە ناو تیرۆریستانەوە. ئەوان تیرۆریست نین، ئەوان زیندانی سیاسین. لەپێناو جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان لە زیندان، مانیان لە خواردن گرتووە و رۆژ لە رۆژ تەندروستیان خراپتر دەبێت".

دواتر دایکی عەبدوڵرەحمان ئەر فاتمە ئەر قسەی کرد و وتی، "دۆخی ئێمە باش نییە، لە بەر دۆخی کوڕەکانمان نازانین کەی رۆژە، کەی شەوە. دۆخیان زۆر خراپە. ئەوانیان لە ناو چەتەکانی داعشدا راگرتووە. وەک ئەوەی تیرۆریست بن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. پێویستە داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت".

مامی مەزڵوم داغ، حەمید داغیش وتی، کە داواکاری ئەوان ئەوەیە کە مافی داغ و ئەر لەزیندان پێشێل نەکرێت. داغ وتی: "ئەوە جاری سێهەمە لە زینداندا مان دەگرن. ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی تەندروستیان تێکبچێت. لەبەر ئەوە نامانەوێت لە ناو چەتەکاندا رابگیرێن. ئێمە دەمانەوێت بە گوێرەی یاسا داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت".

لەلایەکی دیکەوە کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتیکی گەلی کوردستان شاخەوان خالید پشتیوانی خۆی بۆ داواکاری بنەماڵەکانی داغ و ئەر دوپاتکردەوە. خالید داوای کرد کە داخوازییەکانی هەردوو زیندانیەکە جێبەجێ بکرێن.

هـ . ب