پەکەکە: لە ساڵی ٤٦ هەمیندا، ڕێگەمان کراوەیە و بەرچاومان ڕووناکە
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بانگەواز لە هەمووان دەکات بەشداربن لە کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دەڵێت: "لە ساڵی ٤٦ هەمیندا، ڕێگەمان کراوەیە و بەرچاومان ڕوونە".
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بانگەواز لە هەمووان دەکات بەشداربن لە کەمپەینی ئازادی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و دەڵێت: "لە ساڵی ٤٦ هەمیندا، ڕێگەمان کراوەیە و بەرچاومان ڕوونە".
کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە بەبۆنەی ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەوە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە، بانگەواز دەکات ٤٦ هەمین ساڵی پەکەکە، بکرێتە ساڵی ئازادی جەستەیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و چارەسەری پرسی کورد.
ڕاگەیاندراوی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە، بەم جۆرەیە:
"ئێمە لە ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکەی پێشەنگی ئازادیمانداین. وەک تەڤگەر و گەل و مرۆڤایەتی دیموکراتیک لەسەر بناغەی کەمپەینی ئازادی نێونەتەوەیی، بەشێوەیەکی بەهێزتر و پێداگرتر دەست بە ٤٦هەمین ساڵی تێکۆشان دەکەین. لەو باوەڕەداین، لە ٤٦ هەمین ساڵیادی پارتەکەدا لە چوارچێوەی مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆدا، دەسکەوتنی مەزن بەدەست دەهێنین.
ساڵی ٤٥ هەمین بوو بە ساڵی تێکۆشان و دەسکەوتی مەزن
لەسەر ئەو بناغەیە، ٢٧ ی تشرینی دووەم ڕۆژی دامەزراندن و جەژنی پارتەکە،، لە ڕێبەر ئاپۆ و هەموو هاوڕێیان و گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستە شۆڕشگێڕ و دیموکراتەکانمان پیرۆز دەکەین. لە هاوڕێ حەقی قەرارەوە تا شەهیدانی ساڵی ٤٥ هەمین کە هاوشانی لەیلا و ئاخین و ڕۆژهات و ئەرداڵ بوون بە سیمبول، بە ڕێز و خۆشەویستی و سوپاسەوە هەموو شەهیدە قارەمانەکانمان یاد دەکەینەوە. لە ساڵی ٤٦ هەمینی پەکەکەدا، بەشێوەیەکی بەهێزتر لەسەر هێڵی ڕێبەرێتی و شەهیدان شەڕ دەکەین و هێندەی تر سەردەکەوین.
وەک دەزانرێت ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە لەناو بەرخۆدانی چالاکانەدا سەریانهەڵنەدا و دەرفەتی ئەو جۆرە بەرخۆدانانەیان وەرنەگرتووە. بەپێچەوانەوە؛ لە سەردەم و کەشوهەوایەکدا سەریان هەڵدا کە هەموو ڕاپەڕینە کلاسیکییەکان شکستیان هێنابوو، داینامیکیەکان لەسەر ئەم بناغەیە لەناوچووبوون، گەلی کورد لەسەر بناغەی قڕکردنی چاندی لە لێواری لەناوچوون بوو. لە ڕەوشێکی وەهادا، وەک ڕزگاریی نەتەوەیی هاوچەرخ، وەک تەڤگەری دیموکراسی و ئازادی سەریانهەڵدا و پێشکەوتن. دامەزراندنی و پێشکەوتنی لە سایەی هەوڵی داهێنەرانەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، ئازایەتی و فیداکاری مەزنی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان بەدیهات. بۆیە هەموو ساتێکی بە تێکۆشانێکی مەزن بەسەر دەبرد، هەموو ساڵێک بە بەرخۆدان و شەڕێکی بەرفراوانتر بە بەراورد بە ساڵی پێشوو بەسەر دەبرد، لە بڵاوکردنەوەی چەند وشەیەکەوە تا دەگاتە ئافراندنی ژیانێکی ئازاد، هەموو شتێکی لەسەر بناغەی بەخشینی شەهید و قوربانیدان بەدەست هێنا. ٤٥ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی فەرمی، بەم جۆرە بوو بە ساڵی تێکۆشان و دەسکەوت.
ڕێبەرێتیی ئاپۆیی بووە بە نێونەتەوەیی
ئێستا هەمووان ئەم ڕاستییە دەزانن و قبووڵی دەکەن کە گەلی کورد بە تێکۆشانی مەزنی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە کاریگەریی قڕکردنی چاندی شکاند؛ هەموو شتێک بەناوی هەبوون و ئازادی لە سایەی تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکە هاتەدی. بە تێکۆشانی نیو سەدە، ئەو کوردایەتیە کۆیلەیەی کە لە لێواری لەناوچووندا بوو، لەناوچوو، کوردایەتییەکی ئازاد ئافرێنرا کە لەپێناو ئازادیدا هەموو جۆرە باجێکی لەبەرچاو گرتووە. کوردستان چیتر قەڵای پاشڤەڕۆیی نەبوو، کوردستان بوو بە قەڵای تێکۆشانی ئازادی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بندەست. جڤاکی کوردی ئاشنای ئایدۆلۆژیای ئازادی ئاپۆیی بوو، خۆی ڕێکخست و مانادارترین شەڕی ئازادی لە مێژوودا دەستپێکرد. ڕێبەرێتی ئاپۆیی لەسەر بناغەی تێکۆشانێکی وەها گەردوونی بوو، تێکۆشانی ئازادیی کورد گۆڕا بۆ ڕووناکییەک بۆ ڕۆشنکردنەوی ڕێگەی مرۆڤایەتی بندەست.
سەدەی بیست و یەکی گۆڕی بۆ سەدەی ئازادی ژن
تێکۆشانی ساڵی ٤٥ هەمینی پەکەکە هەموو ئەو ڕووداو و پێشهاتانەی گەیاندە بەرزترین ئاست. بەرخۆدانی مێژوویی گەریلا کە بە پێشەنگایەتی زاپ و ئاڤاشین و مەتینا دەکرێت، تێکۆشانی قارەمانانەی گەلەکەمان لە چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەی وڵات، تێکۆشانی دۆستانمان لە هەموو گۆڕەپانێکدا، گورزێکی گرانی لە فاشیزمی ئاکەپە-مەهەپە وەشاندووە و نزیکی کردۆتەوە لە لێواری داڕمان. بەرخۆدانی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی کە لە دژی سیستەمی قڕکردن و ئەشکەنجە و گۆشەگیری لە ئیمراڵی، بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، گەیشتە ئەو هێزەی کە مۆرکی خۆی لەسەر سیاسەتی هەرێمی و نێونەتەوەیی دابنێت. تەڤگەری ئازادی ژنانی کوردستان کە لەسەر هێڵی ژن، ژیان، ئازادی دەستی پێکرد، بە تێکۆشانی ئایدیۆلۆژی و پراکتیکی خۆی کاریگەری لەسەر ژنانی سەراپای جیهان هەبوو، سەدەی بیست و یەکەمی کردە سەدەی ڕاستەقینەی ئازادی ژن. تەڤگەری گەنجانی کورد دژ بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، بوو بە پێشەنگی تەڤگەرێکی گەنجانی نێونەتەوەیی کە خاوەندارێتی لە ئەڵتەرناتیڤی مۆدێرنیتەی دیموکراسی دەکات، هەروەها ئیرادەیەکی هێنایەکایەوە تاوەکو پاشەڕۆژی خۆی بەدەستی خۆی بئافرێنێت.
بانگەواز بۆ بەشداربوون لە کەمپەینی ئازادی نێونەتەوەیی
سڵاو لەم بەرخۆدانەی گەریلا و گەل و ژن و گەنجان دەکەین، کە لە ساڵی ٤٥ی پەکەکەدا، لە زیندانەکانەوە تا چیا، لە چوار پارچەی کوردستانەوە تا چوار لای جیهان لەسەر ڕێگەی بەرخۆدانی مێژوویی ئیمراڵی بەڕێوەچوون. هیوای سەرکەوتن دەخوازین و جارێکی تر بە ڕێزەوە یادی شەهیدە قارەمانەکانمان دەکەینەوە. لەو باوەڕەداین، ئەم بەرخۆدانی ئازادییەی لەسەر هێڵی فیداکاری ئەنجام دەدرێت، لە ساڵی ٤٦ هەمیندا هێندەی تر بەهێزتر دەبێت و سەردەکەوێت، لەسەر ئەو بناغەیە هیوای سەرکەوتن دەخوازین.
لەسەر بناغەی کەمپەینی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەر بۆ پرسی کورد" کە 10ی تشرینی یەکەم ڕاگەیەندرا، دەست بە ساڵی ٤٦ هەمینی پارتەکەمان دەکەین. کەمپەینی ئازادی نێونەتەوەیی لەلایەن دۆستانمانەوە دەستی پێکرد، گەلەکەمان و مرۆڤایەتیش پشتیوانیان لێ کرد. ئێستا له هه موو گۆڕەپانێک و هه موو ڕۆژێک له پێناو ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەرکردنی پرسی کورد چالاکی بەڕێوەدەچێت. گەلەکەمان و دۆستانمان لەم چالاکییانەدا پێشوازی لە ساڵی نوێی پارتەکە دەکەن. ژنان و گەنجان پێشەنگایەتی ئەم کەمپەین و چالاکییانە دەکەن کە لەسەر ئاستی نێونەتەوەیی بەڕێوەدەچێت. بە هەموو ڕەنگ و ڕەگەز و نەتەوە و بەشەکانی جڤاکەوە، مرۆڤە دیموکرات و ئازادیپارێزەکان بەشداری کەمپینەکە دەکەن. لە ئاستی نێونەتەوەییدا تێکۆشانێکی نوێی دیموکراسی و ئازادی دەستی پێکردووە. ئەم تێکۆشانە مەزنە لە دەوری ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و لەسەر بناغەی قبوڵکردنی پارادایمی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک و ئازادیی ژنان بەڕێوەدەچێت، هاوکات ئەوە نیشان دەدات کە "تەڤگەرێکی دیموکراسی نێونەتەوەیی" دەستی پێ کردووە.
دیارە ساڵی ٤٦ هەمینی پەکەکە لەسەر بناغەی ئەم کەمپەینی ئازادی و چالاکییانە دەرباز دەبێت. هەر لە گەریلاوە تا ژنان، لە گەنجانەوە تا بەرخۆدانی گەل، هەموو تێکۆشانەکان لەم کەمپەینە نێونەتەوەییەدا یەکدەگرن. بزووتنەوەکەمان، گەلەکەمان، دۆستەکانمان، دژی دیکتاتۆری فاشیست-قڕکەری تەیب ئەردۆگان و هاوپەیمانی گەل، لەسەر بناغەی ئەم کەمپەینە تێدەکۆشن و سەردەکەون. لەگەڵ تێکۆشانی ساڵی ٤٥ هەمیندا، بناغەکانی سیستەمی فاشیستی-قڕکەر لەرزۆککران و هاوسەنگی تێکدرا. بە تێکۆشانی ساڵی ٤٦ هەمین، فاشیزمی ئاکەپە – مەهەپە هەڵدەوەشێتەوە و ئەم پرۆسەیە تەواو دەبێت. لەسەر ئەم بناغەیە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد مسۆگەر دەکرێت. لەو چوارچێوەیەدا بانگەواز لە هاوڕێیانمان و گەلی وڵاتپارێزمان و دۆستانی دیموکراتیکمان دەکەین، باش لەوە کەمپەینی ئازادییە نێونەتەوەییە تێبگەن کە لە ١٠ ی تشرینی یەکەمدا دەستی پێکرد، یەکگرتوو و بەهێز بن، بە شێوەی فرەلایەن و داهێنەرانە ئەم تێکۆشانە سەربخەن.
ڕێگەمان کراوەیە و بەرچاومان ڕووناکە
ئامانجمان بۆ ساڵی ٤٦ هەمین، پێداگری و ئیرادەی سەرکەوتنە لەسەر ئەمە بناغەیە. لەسەر بناغەی کەمپەینی ئازادی نێونەتەوەیی، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین، پرسی کورد چارەسەر دەکەین، بەجۆرێک، هیچ هێز و هیچ هێرشێکی داگیرکەر و کوژەر، هیچ زوڵم و فێڵبازییەک نەتوانێت ڕێگری لەمە بکات. گەلی کوردستان نابێت هەرگیز ڕێگە بدەن وەک خەڵکی غەززە ببنە قوربانی شەڕ و بەرژەوەندییە هەرێمی و نێونەتەوەییەکان. پێویستە بەرامبەر لیبراڵیزمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری کە لە ڕێگەی ئایینپەرستی و نەتەوەپەرستی و ڕەگەزپەرستی و زانستی پۆزەتیڤەوە ئەم جۆرە شەڕانە دەئافرێنێت، لە هەموو گۆڕەپانێکدا تێکۆشانی بەهێز و کاریگەر ئەنجام بدرێت. گەلان و بندەستان، هۆشیار بکرێنەوە و ڕێکبخرێن و تێکۆشانی هاوبەش و کار بکرێت، لەسەر هێڵی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک کە پشت دەبەستێت بە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک. لەسەر ئەم بناغەیە، هێڵی هاوپەیمانی ستراتیژی لەڕێگەی تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادی گەلان و بندەستانەوە بگیرێتەبەر و سود لە هەموو جۆرە پەیوەندییەکی تاکتیکی وەربگیرێت.
ئاشکرایە لە ساڵی ٤٦ هەمینیشدا ڕێگامان کراوەیە و بەرچاومان ڕوونە. دیارە لە کوێ چی بکەین و چۆن بیکەین. لەگەڵ ساڵی ٤٦ هەمیندا، باشتر و قووڵتر لەم ڕاستیانە تێبگەین، پارادایمی ئازادی ئاپۆیی بەشێوەیەکی بەهێزتر قبوڵ بکەین، بەهێزتر بەشداری کەمپەینی ئازادی نێونەتەوەیی بکەین و لە هەموو گۆڕەپانێکدا بە ڕێبازی داهێنەرانە تێکۆشان بکەین و کەمپینەکە سەردەخەین. با ساڵی ٤٦ هەمینی پەکەکە بکەینە ساڵی ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد!
لەسەر ئەم بناغەیە؛ جارێکی تر لە ناخی دڵەوە، ٢٧ی تشرینی دووەم، جەژنی پارتەکەمان، لە ڕێبەر ئاپۆ و سەرجەم هاوڕێیانمان و گەلەکەمان و دۆستانمان پیرۆز دەکەین. بانگەواز لە هەموو کەسێک دەکەین، بە چالاکی فرەلایەن و جۆشێکی مەزن، بە کەمپەینی ئازادی نێونەتەوەیی، ڕۆژی دامەزراندنی پەکەکە پیرۆز بکەن.
هەروەها بەبۆنەی ٢٥ ی تشرینی دووەم، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، هەموو جۆر و ئاستێکی پیاوسالاری شەرمەزار دەکەین. لەو باوەڕەداین، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان بەهێزتر دەبێت و شۆڕشی ئازادی ژنان هێندەی تر بەهێزتر دەبێت. لەسەر ئەم بناغەیە دەڵێین، پێویستە پیاوانیش هاوشانی ژنان بەشداری چالاکییەکان ببن، لەسەر بناغەی شۆڕشی ئازادی ژن، سڵاو لە هەموو چالاکییەکان دەکەین و هیوای سەرکەوتن دەخوازین!"