پەژاک بە بۆنەی ساڵیادی حیماسەی قەندیل راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

پەژاک: یەکگرتن و ئاوێتەبوونی ئیرادەی گەریلا و گەل رزگاریی گەلی چەوساوەی کورد و گۆڕینی ئەقڵیەتی فاشیستی دەوڵەتە باڵادەستەکان لە چوار بەشی کوردستان مسۆگەر و گەرنتی دەکات.

سبەینێ ١٦ی تەمووز ساڵیادی خوڵقاندنی حیماسەی یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان (یەرەکە)یە بەرامبەر بە داگیرکەریی سوپای پاسدارانی دەوڵەتی فاشیستی ئێران کە هێرشی کردبووە سەر قەندیل. پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بەبۆنەی ساڵیادی حیماسەی قەندیلەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی شەهیدانی ئەو حیماسەیەی بەرزڕاگرت. پەژاک جەختی لەوەکردەوە کە بە یەکگرتنی گەلی و گەریلا دەتوانرێت بەو پەڕی هێزەوە شکست بە لۆزانە نوێکانیش بهێندرێت.

دەقی راگەیەندراوەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:

"حیماسەی قەندیل گەورەترین تێکۆشانی گەریلا لە دژی جینۆساید و کۆمەڵکوژی بوو"

سیستمی فاشیستی ئێران لەپێناو بە ئەنجامگەیاندنی سیاسەتی کۆمەڵکوژی دژ بە گەلی کورد و بزوتنەوە ئازادیخوازیەکەی، لە ١٦ی تەمووزی ٢٠١١ هێرشی کردە سەر قەڵای لەبن نەهاتووی قەندیل. گەریلاکانی بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەلەکەمان بەو پەڕی گیانبازییەوە رووبەڕووی دوژمنی فاشیستی ئێران بوونەوە و جارێکی دیکە قەندیلی هێمای خۆڕاگریی گەلەکەمانیان بە سەربەرزی راگرتەوە. لە ١٢یەمین ساڵیادی ئەم داستان و حیماسە  مێژوویەدا، یاد و بیرەوەری شەهیدانی ئازیز و بەنرخمان بەرز و بەڕێز رادەگرین.

ئەوەی ١٢ ساڵ بەر لە ئێستا لە لوتکە سەرکەشەکانی قەندیل بووە حیماسەخوڵقێنی مێژووی خەباتی گەلەکەمان، بەرخودانی بێهاوتای رۆڵەکانی ئەم گەلە خۆڕاگرەبوو. گەریلای تێکۆشەر بە ورەیەکی پڕ لە هیوا بە ئازادی گەلی کورد توانی هێرشەکانی دوژمنی فاشیست کە بە ئامانجی کۆمەڵکوژی بەربڵاوتر و لەبنهێنانی قەڵای تێکۆشانی مێژوویی گەلەکەمان ئەنجامدرا، شکست پێبهێنێت. بێگومان ئەگەر ئامانجی گەورە واتە پارێزگاری لە هەبوونی لەخوبوردەترین گەل و گەلانی چەوساوە نەبوایە، بەرخودانێکی لەم چەشنە ئەستەمبوو بێتە ئاراوە.  ئەوەی ورەی خۆڕاگری بە گەریلا گیانبازەکان بەخشی، پاڵپشتیی گەلەکەمان و هیوای پڕ لە بڕوا و باوەڕ بە ئازادی بوو. ئەم ورەیە لەمڕۆشدا حیماسەی قەندیلی لەسەر رێڕەوی بەدەستهێنانی ئازادی یەکجارەکی بە زیندوویی راگرتووە. هێرش بۆ سەر قەندیل دوای بەردەوامبوونی سەد ساڵ سیاسەتی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکاری دوژمن لە ئەنجامی پەیمانی نەگریسی لۆزان هاتەئاراوە، بەڵام سەرکەوتنی گەریلا گۆڕدرا بۆ سەرکەوتنی گەلەکەمان و هەبوون و مانەوەی کورد گەرنتیەکی مێژوویی پێبەخشرا. ئەمساڵ کە پەیمانی سەد ساڵەی لۆزان دەگاتە کۆتایی، بە دڵنیاییەوە تەنیا بە پشت بەستن و بە بنەماگرتنی رێگەی راستەقینەی بەرخودانی شەهیدانی قەندیل دەتوانرێت رێگریی لە دروستبوونەوەی لۆزانەکانی دیکە بکرێت. هێنانەدی ئەم ئامانجەش بێگومان پێویستی بە پشتیوانی بێ پسانەوەی گەلەکەمان لە هێزە گیانبازەکانی گەریلا و بزوتنەوەی ئازادیخوازی گەل هەیە بۆ ئەوەی بەو پەڕی هێزەوە بەرامبەر بە فاشیزمێک کە لە هەوڵی داڕشتنی پیلانی دژە مرۆیی دیکەدایە، رێگریی لێبکات. یەکگرتن و ئاوێتەبوونی ئیرادەی گەریلا و گەل رزگاری گەلی چەوساوەی کورد و گۆڕینی ئەقڵیەتی فاشیستی دەوڵەتە باڵادەستەکان لە چوار بەشی کوردستان مسۆگەر و گەرنتی دەکات. گەریلا کە پاڵپشت بە ئیرادەی خۆی توانی حیماسەی قەندیل لە چەشنی ئازادی بخوڵقێنێت، دەتوانێت بە قارەمانێتی و لەخۆبوردوویی بێ دوودڵی دیکە لەپێناو گەلەکەیدا فیداکاری و گیانبازی دیکەش بکات. تێکۆشانی گەریلا و پشتیوانی گەلەکەمان لە کاتی شەڕەکانی قەندیل، شکستی بە پلانی سەدساڵەی دوژمن هێنا و لە بری ئەوە رێگەی بۆ زیاتر لێک نزیکبوونەوەی گەل و بزوتنەوەی ئازادیخوازی خۆشکرد.

رۆحی گیانبازی و چۆکدانەدانی شەهیدانی وەک سمکۆ سەرهەڵدان، عەگید سنە، ساریا، زەردەشت، بەرفین چلچەمە و هەڤاڵە شەهیدەکانی دیکەمان ئێمە و گەلەکەمان بۆ درێژەدان بە تێکۆشان هان دەدەن و ئەرکی قورستریان خستووەتە سەر شانمان. پەژاک لەپێناو جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بەرامبەر بە شەهیدان و پارێزگاری لە هەبوونی گەلەکەمان هەمیشە ئامادەیە بۆ گیانبازی. هێڵی لۆزانەکان، هێڵی شەڕ و کۆمەڵکوژییە، بەڵام هێڵی حزبەکەمان هێڵی تێکۆشان و ئازادیخوازییە بە ئاراستەی بەرگریی رەوا لەپێناو رزگاری گەلێکی گیرۆدەی جینۆساید. تاکە رێگەی گەرنتی کردن و دەستەبەرکردنی ئاشتی، ئازادی و دیموکراسی بۆ رزگاری گەلی کورد لە سیاسەتی تواندنەوەی کولتوری، یەکگرتنی گەریلا و گەلە لە تێکۆشاندا. ئەو ئەرکەی شەهیدانی قەندیل بە ئێمەیان سپاردووە، هێنانەدی ئاواتەکانیانە. گەلەکەمان پێداگرە لەسەر ئەوەی بە رێبازە دیموکراتیکەکان و خۆپاراستنی رەوا تا گەیشتن بە دوامەنزڵ و خاڵی کۆتایی درێژە بە رێگاکەی بدات. هیچ دوژمنێک توانای شکستدانی هێزێکی لەم جۆرە و رێگەیەکی راستەقینەی لەم جۆرەی نابێت. داستان و حیماسەی قەندیل تەنیا شەڕێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکوو پەروەردە و تاقیکردنەوەیەکی گەورەبوو بۆ بە ئازادی ژیان و بەرخودانێک بوو بە ئامانجی کۆتاییهێنان بوو بە شەڕانگێزییەکانی دوژمنان.

وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) یاد و بیرەوەری شەهیدانی رێگەی ئازادی بە تایبەتی شەهیدانی حیماسەی قەندیل بەرز رادەگرین و بەو پەڕی تواناوە پابەندی بەها مرۆڤدۆستانەکانیان دەبین. ئاواتە ئازادیخوازانەکانی شەهیدان سمکۆ، عەگید، ساریا، زەردەشت و بەرفین و شەهیدە هەمیشە زیندووەکانی دیکەمان کە لە قەندیلی سەربەرز گەلەکەمانیان سەربەرز کرد، مانیفیستۆی رێگەی تێکۆشانمان دەبێت. تا ئەو کاتەی ئەم رێبازە بگرینەبەر، بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. گەلەکەمان دڵنیا و دڵئارخەیان دەکەینەوە کە تا گەیشتنی بە ئازادی یەکجارەکی گەلەکەمان و هاتنەدی ئاواتی شەهیدانمان بۆ ساتێکیش ناوەستین و ئاڵای ئازادی لە لوتکەی قەندی و قەندیلەکانی نیشتمانمان بە شەکاوەیی رادەگرین. لەم رێگە دژوار و لە هەمان کاتدا جوان و ناوازەیەدا وەک هەموو کات پێویستیمان بە پشتیوانی گەلەکەمان هەیە. هەموو کات لەخۆبوردەیی گەلەکەمان و گیانبازی شەهیدانمان لە سەد ساڵ تێکۆشانی بێوچان دژی دوژمنانی کۆمەڵکوژکار لە یادە و لە یادیشمان دەبێت. داوا لە کۆمەڵانی گەلەکەمان دەکەین بە ئامادەبوونیان لە گۆڕەپان و مەیدانەکاندا، چرای رووناکی حیماسەی قەندیل بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و بە بڕوای قووڵ بە دیموکراسی و ئازادی لە هەر شوێنێک کە تیایدا دەژین، بکەنە رۆشنکەرەوەی رێگەی تێکۆشانیان. تێکۆشانی گەورەی گەلەکەمان بە یادی شەهیدان، سەرکەوتن و ئازادی گەورەی بەدواوە دەبێت. یادی شەهیدان بەرز و بەڕێزبێت و تێکۆشانی گەلەکەشمان هەرمان و بەردەوام بێت".

هـ . ب