پژاك: تیرۆری مامۆستا شه‌ماڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی تێكۆشان به‌ بیر ئازادیخوازان ده‌هێنیته‌وه‌

له‌ راگه‌یه‌نراوێكی پژاكدا هاتووه‌: ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ سایه‌ی تێكۆشانی مامۆستا شه‌ماڵ و هه‌ڤالانی بووه‌ته‌ تروسكایی هیوا بۆ گه‌لی ئازادیخوازمان له‌ باشوری كوردستان.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا تیرۆری مامۆستا شه‌ماڵ له‌لایه‌ن كورده‌ به‌كرێگیراوه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركی به‌ توندی شه‌رمه‌زار كرد و داوای له‌ سه‌رجه‌م گه‌لی كورد كه‌ به‌ ده‌وری بزوتنه‌وه‌ی ئازادی كوردستان به‌ پێشه‌نگایه‌تی په‌كه‌كه‌ یه‌ك بگرن:

ده‌قی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی پژاك به‌م جۆره‌یه‌:

"شه‌هیدبوون تێچوویه‌كه‌ له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی ئازادی. شه‌هیدبوونی تێكۆشه‌ری گه‌وره‌ "سوهه‌یل خورشید عه‌زیز (مامۆستای شه‌ماڵ)" ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی "ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگای كوردستان" بۆ گه‌لی كورد و بزوتنه‌وه‌ی ئازادی كۆست و زیانێكی گه‌وره‌یه‌. وێڕای شه‌رمه‌زاركردنی تیرۆری مامۆستا شه‌ماڵ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌یان و گه‌لی كورد ده‌كه‌ین و یاد و بیره‌وه‌ی ئه‌و به‌رز و به‌ڕێز راده‌گرین.

زیادبوونی هێرشه‌كانی دوژمنان و پلانگێڕییه‌كانیان بۆ له‌ناوبردنی بزوتنه‌وه‌ی ئازادی له‌ هه‌ر چوار به‌شی كوردستان، پێویستی فراوانكردنی تێكۆشان به‌ بیر گه‌له‌كه‌مان و ئازادیخوازان و شۆڕشگێڕان ده‌هێنێته‌وه‌. بێ گومان بوونی "ته‌ڤگه‌ری ئازادی كۆمه‌ڵگای كوردستان" بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی دیموكراسی له‌ باشوری كوردستان ئه‌وه‌ش به‌ پێشه‌نگایه‌تی ره‌نجده‌رانێكی وه‌ك مامۆستا شه‌ماڵ، گرنگ و ژیانییه‌. ته‌ڤگه‌ری ئازادی له‌ سایه‌ی تێكۆشانی مامۆستا شه‌ماڵ و هه‌ڤاڵانی بووه‌ته‌ تروسكایی هیوا بۆ گه‌لی ئازادیخوازمان له‌ هه‌رێمی باشوری كوردستان.

هه‌روه‌ها تیرۆركردن و شه‌هیدكردنی مامۆستا شه‌ماڵ سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌یه‌ كه‌ دوژمنانمان له‌ فراوانبوونی چالاكییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و ئازادیخوازان بۆ چه‌سپاندنی دیموكراسی كه‌ گه‌وره‌ترین بۆشاییه‌ له‌ باشوری كوردستان، تۆقیون. هه‌ر بۆیه‌ به‌ سیناریۆی تیرۆری ئازادیخوازان و پێشه‌نگانی گه‌ل له‌ هه‌وڵی تۆقاندن و ترساندنی گه‌ل و شۆڕشگێڕانی گه‌لدان.

تیرۆری مامۆستا شه‌ماڵ پێویستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی تێكۆشانی گه‌ل به‌ بیر ئازادیخوازان ده‌هێنێته‌وه‌. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دوژمنان به‌ زیادكردنی تیرۆره‌ دڕندانه‌كانیان به‌ ئامانجی خۆیان بۆ ترساندن و كپ كردنی ئازادیخوازان ناگه‌ن. چونكه‌ ته‌ڤگه‌ری ئازادی سه‌لماندوویه‌تی كه‌ هیوای هێنانه‌دی ژیانی ئازاد و دیموكراتیك له‌ باشوری كوردستان زیندوكردووه‌ته‌وه‌. روونه‌ كه‌ ده‌توانرێت له‌ هه‌ر چوار به‌شی كوردستان به‌تایبه‌تی باشوری كوردستان له‌ دۆخی ئێستادا بچێته‌ قۆناغێكی نوێ له‌ هه‌لومه‌رجی تێكۆشانه‌وه‌. رۆڵی گه‌له‌كه‌مان بۆ به‌رزكردنی تێكۆشانی دیموكراتیك له‌ پێناو رێگری له‌ پیلانگێڕی دوژمنان زۆر گرنگ و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه‌.

وه‌ك پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) وێڕای شه‌رمه‌زاكردنی تیرۆری مامۆستا شه‌ماڵ، به‌ بۆنه‌ی شه‌هیدبوونیه‌وه‌ سه‌رخۆشی له‌ بنه‌ماڵه‌ به‌ڕێزه‌كه‌ی، ئازادیخوازان و گه‌لی كورد ده‌كه‌ین و یادی به‌رزراده‌گیرین. هیوادارین كه‌ به‌ به‌شداری گه‌له‌كه‌مان له‌ گۆڕه‌پانه‌كانی تێكۆشان و پشتیوانی له‌ ئازادیخوازان، پیلانگێڕییه‌كانی دوژمنان له‌ قۆناغی چاره‌نوسسازی ئێستا پوچه‌ڵ ده‌كرێته‌وه‌. ئه‌ركی گه‌له‌كه‌مانه‌ كه‌ رێگه‌ نه‌ده‌ن دوژمنانی سوێنخواردوو، هه‌رێمی باشوری كوردستان بكه‌نه‌ شوێنی كوشتار و كۆمه‌ڵكوژی و تیرۆر و ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌و به‌شه‌ی كوردستان بخه‌نه‌ مه‌ترسیه‌وه‌. شه‌هیدكردنی مامۆستا شه‌ماڵ زه‌نگێكی مه‌ترسییه‌ بۆ ته‌واوی كۆمه‌ڵگا هه‌ر بۆیه‌ داوا له‌ سه‌رجه‌م ئازادیخوازان و دیموكراسیخوازان ده‌كه‌ین كه‌ له‌ هه‌ر چوار به‌شی كوردستان و ئه‌وروپا تێكۆشانی خۆیان تا هێنانه‌دی ئازادی و دیموكراسی و كه‌ ئاوات و خۆزگه‌ی مامۆستا شه‌ماڵ و هه‌موو گه‌له‌كه‌مانه‌، به‌رز بكه‌نه‌وه‌".

هـ. ب