قەرەسوو: پێویستە هەموو پارتە کوردییەکان یەکێتییەکی نەتەوەیی پێکبهێنن_٢

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، مستەفا قەرەسوو، ڕایگەیاند، نابێت مرۆڤ چاوەڕوانی ئەوە بێت پەدەکەی هاوکاری دەوڵەتی تورک بێتە نێو ڕیزی یەکێتی نەتەوەییەوە و گوتی: "پێویستە هەموو پارتە کوردییەکان یەکێتییەکی نەتەوەیی پێکبهێنن".

ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە، مستەفا قەرەسوو، لە بەرنامەیەکی تایبەتی میدیا خەبەردا، نرخاندنی بۆ پەرەسەندنە هەنوکەییەکان کرد، نرخاندنەکانی قەرەسوو بەم جۆرەیە:

دەبێت سیخوڕێتی لە کوردستان نەفرەتی لێ بکرێت

بە ڕێزەوە سڵاو دەنێرم بۆ گەنجەکەی ڕحا، ڕێگەیەکی سەرەکی دەوڵەتی تورک بۆ قڕکردنی تێکۆشانی ئازادی کوردستان بەسیخوڕکردنی خەڵکە، کڕینیانە بە بڕێک پارە و هەڕەشەکردنە لە ئەندامانی بنەماڵە، دەڵێن هەڵدەکوتمە سەر شوێنکارەکەت، دەتخەمە زیندان، ناتوانیت دووبارە دەربچی، سیخوڕێتی سیاسەتێکی سەرەکی شەڕی تایبەت و دوژمنکاری دەوڵەتی تورکە بەرامبەر کورد، گەورەترین دوژمنکارتی ئەوەیە گەلی ڕابکێشێت بەرەو سیخوڕێتی و فشاری لێ بکەیت لەپێناو سیخوڕێتی، گەورەترین دوژمنکاری سەپاندنی سیخوڕێتییە لەسەر گەلی کورد، بیکەیت بە کەرەستەیەک بۆ بەگژاچوونەوەی تێکۆشانی گەل، ئەمە دوژمنایەتی کوردە.

دوێنێ بیستمان: بە باوکێک دەڵێن، یان دەبیتە سیخوڕ، ئەگەر نا کوڕەکەت لە زیندان دەمێنێتەوە، ئەمەیان کردۆتە ڕێبازی دەستدرێژی. لە باشوری کوردستان وەها دەکەن، هەندێک وڵاتپارێزیان کوشت کە بەمە ڕازی نەبوون. دەبێت هەموو کوردێک لەم ڕووەوە هەستیار بێت، هیچ شتێک وەک سیخوڕی ناشیرین نییە، لەمە بەدتر نییە، لەمە سوکتر نییە، لەمە ستەمکارانەتر نییە، هەرکەس سیخوڕ بێت، نزمترین مرۆڤی سەر زەوییە، کەسێکی نەفرەتییە. هەرکەس بە سیخوڕێتی ڕازی بێت، مرۆڤێکی مردووە، با مردن قبووڵ بکات و ملکەچی سیخوڕێتی نەبێت، با ٣٠ ساڵ بخرێتە زیندان و ملکەچی سیخوڕیتی نەبێت، فرۆشگای هەیە؟ با مایەپووچ بێت، سیخوڕێتی نەکات، سیخوڕێتی مانای پیسکردنی کوڕ و کچ و خوشک و براکانتە، واتە ستەمکردن لە هەموویان، واتە سوکایەتیکردن بە هەموویان، سیخوڕ تەنها سیخوڕێتی لەسەر پەکەکە و تێکۆشەران ناکات، دەبێتە دوژمنی خوشک و براکانیشی، دوژمنی مناڵەکانی،  هەمووان پیس و گەندەڵ دەکات، لەم بارەیە سیخوڕێتی لە کوردستان شەرمەزار دەکەم. دەبێت لە هەموو کۆبوونەوە و گوتارێک باسی لێ بکرێت، دەبێت سیخوڕێتی بنێژرێت، ئافراندنی زیهنیەتێکی وەها لە جڤاکدا خراپترین شتە، ئەوکات سیخوڕبوون ئاسان نییە.

 هاوڕێیان کەسێکیان ئاشکرا کردووە بە پاشناوی تۆپباش خەڵکی ئێلح، سەر بە ژینگەیەکی وڵاتپارێزە، ئەمە چۆن دەبێت؟ ئەو خاڵییە لە مرۆڤایەتی، خۆی بۆ پارە دەفرۆشێت، ئەمە خراپترین شتی نێو سەرمایەدارییە، سەرمایەداری زیاتر لەگەڵ مادەپەرستی گەشەی کرد، تاکگەرایی گەشەپێدا، پاشکۆیەتی لەسایەی سەرمایەداری ئاسانە، پێش سەرمایەداری خەڵک وەها ئاسان خۆیان نەدەفرۆشت، ئەگەر بشیانکوشتایە. ئێستە بۆ پارە خۆیان دەفرۆشن، بەم هۆیەوە، دەبێت جڤاکی کورد هەستیار بێت لەم بارەیەوە، ئەمە سوکایەتییە بە کورد.

با هەموو جڤاکی کورد ئەمە ببینێت، دەوڵەت دوژمنی کورد، دوژمن نەفرەتییە، کورد بە مرۆڤ نازانێت، کورد دەتوانێت ببێتە سیخوڕ و خیانەت لە چواردەوری بکات، بەڵام ئەوان نیگایان بۆ ئەم کوردە ناگۆڕێت، سیاسەتی سیخوڕێتی بەربڵاوە، دەبێت لە جڤاکدا شەرمەزار بکرێت و قبووڵ نەکرێت، خراپترین شتە لە جیهاندا، چەندێک باس لە پیسێتی و خراپی بکەیت بۆ سیخوڕان هێشتا کەمە، دەبێت جڤاک لەم بارەیەوە هەستیار بێت. بەڵێ، دەوڵەت فشار دەکات، بەڵام با ملکەچێتی قبووڵ نەکەن، با بمرن باشترە لەوە، مەگەر لە سیخوڕێتی خراپتر هەیە؟ ئەگەر تا ئێستە وایان کردووە، با خۆیان ڕادەستی گەل بکەن، با بڕۆنە شوێنێکی پارێزراو، بڵێن تا ئێستە وامان کردووە، چیتر وا ناکەین، ڕەنگە بەمە پاک ببنەوە و هەمدیسان بگەڕێنەوە نێو مرۆڤایەتی، وەک دەڵێن، زەرەر لە نیوە بگەڕێتەوە، قازانجە.

ئەم ڕاستییە زۆر گرنگە. سڵاو لەو گەنجە دەکەم، دەبێت ئەو هەڵوێستە بخرێتەڕوو، دەبێت هەمووان ئەم هەڵوێستە بگرنەبەر، کەس ناتوانێت سوکایەتی بە کورد بکات، ناتوانن بمانکەن بە سیخوڕ. ئێمە گەلێکی وەها نین. لە کۆنترین گەلانی مێژووین، ئێمە مرۆڤایەتی و چاندەکەیمان ئافراند. پێویستە هەموو ڕۆڵەکانی گەلی کورد هەڵوێست وەربگرن بەرامبەر سیخوڕان کە دەیانەوێت لە مرۆڤایەتی دامانبماڵن.

قڕکردنی چاندی و جەستەیی

کاتێک باس لە قڕکردنی کورد دەکەین، مەبەستی سەرەکی قڕکردنی چاندییە، مانای ئەوە نییە سەری هەموو کوردێک دەبڕن و دەیانکوژن، جەستییەن لەناویان دەبەن، بەڵکو قڕکردنی چاندییە، قڕکردنی چاندی گەورەترین قڕکردنە، خودی کۆمەڵکوژییە، دەتوانن ٥٠ هەزار کەس کۆمەڵکوژ بکەن یان ١٠ هەزار، بەڵام بە قڕکردنی چاندی دەتوانن ملیۆنان کەس قڕبکەن.

جارێکیان پێناسەی ئەو کوردانەم کرد کە گۆرانی کوردی وەردەگێڕن بۆ تورکی و بە زمانی تورکی دەیچڕن و خۆیان بە هونەرمەندی کورد دەناسێنن، ئەمانە ستەمکارن، هێندەی ئەوانەی ١٠٠ هەزار کەس دەکوژن تاوانبارن. پێویستە هەموو کوردێک لەم بارەیەوە هەستیاربن، پێویستە گەنجان هەستیاربن. دەبێت بزانن قڕکردنی ڕاستەقینە دوژمنایەتی کوردە، لەسەر ئاستی چاندی بەڕێوەدەچێت. لەئێستەدا هەوڵی جدی هەن بۆ قڕکردنی چاندی کورد، دەبێت هەمووان هەڵوێست وەربگرن بەتایبەت هونەرمەندانی کورد. ئەوانەی بەشداری ئەم ڤیستیڤاڵانە دەکەن بەشدارن لە قڕکردنی کورد، هونەرمەندی تورک بن یان هونەرمەندی کورد و چەپ، هەموویان ستەمکارن، ئەم ڤیستیڤاڵانە بۆ قڕکردنی کورد ئەنجام دەدرێن، نایانەوێت لەمەوە چاندێک بۆ گەنجان و گەلی کورد پێشکەش بکەن، تا گەنجان بێنە ناو جڤاکەوە، بەڵکو ئەمە شەڕی تایبەتە، هێرشی چەکی ئەتۆمی بۆ سەر گەلی کورد و هێرشی چاندی لەڕێگەی ئەم ڤیستیڤاڵانەوە جیاوازی نییە، هەردووکیان یەکسانن. هەندێکیان بێ تاوان دەرەکەون، بەڵام وەها نییە، ئەمە ترسناکترە لە چەکی کۆمەڵکوژ، پێویستە هەمووان لەم بارەیەوە هەستیاربن، هەڵوێستی پتەو وەربگرن دژی ئەو کەسانە، نەچنە ڤیستیڤاڵەکان، دەبێت ئەو کەسانەی بەشداری ڤیستیڤاڵەکان دەکەن شەرمەزار بکرێن، وەک بەشداری قڕکردنی کورد، دەبێت گۆشەگیری بکرێن.

خاوەندارێتی لە ئێزدییەکان پابەندبوونە بە ڕێنماییەکانی ڕێبەر

بەڕێز و سوپاسەوە یادی هەموو ئەو ئێزدییانە دەکەمەوە لە هێرشی چەتەکانی داعش شەهیدبوون، ویستیان دڕندانەترین تاوانی مێژوویی ئەنجام بدەن، ویستیان هەموو ئێزدییەکان قڕبکەن و لە خاکەکەیان دایانبڕن، ئەمە قڕکرنە، هەموو چاندێک لەسەر خاکەکەی گەشەدەکات، وەک چۆن هەموو گوڵێک ڕەنگ و بۆنی لە خاکەکەی وەردەگرێت. ویستیان شەنگال لە کورد خاڵی بکەن، ئێزدییەکان ناچار بە کۆچ بکەن، ئێزییەکان قڕبکەن. لەبەرامبەر ئەمەدا، گەریلاکانی هەپەگە وەستانەوە، دژی داعش سەرهەڵدانیان کرد، دواتر یەپەگە و یەپەژە ڕێگەیەکی ئارامیان کردەوە، بەم هۆیەوە ئێزدییەکان لە قڕکردن پارێزران.

با ئێزدییەکان ئەمە بزانن، پێشتر ڕێبەر هۆشیاری پێ دابووین، گوتی، ئێزدییەکان بپارێزن، پێش هێرشی داعش هۆشداری پێ دابووین، پاراستنی ئێزدییەکان ڕێنمایی ڕێبەرە، ئەم ئەرکە ڕێبەر خستیە ئەستۆمان. گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە بە جوانترین شێوە ئەرکەکەیان ڕاپەڕاند.

ئێستە ئێزدییەکان دەگەڕێنەوە خاکەکەیان، بەڵام پاش قڕکردن و هێرشەکان، دەبێت ڕۆڵەکانی ئەم گەلە ئازاد و سەربەخۆ بن، ناسنامە و چاندە جیاوازەکانی جیهان بەبێ خۆبەڕێوەبەری هەبوون و ئازادیان پارێزراو نییە. بەم بۆنەیەوە، دەبێت هەموو گەلانی جیهان و هێزە دیموکراتیک و مرۆڤایەتی و ئێزدییەکان ئەم تێکۆشانە بپارێزن لەسەر بناغەی ئازادی و دیموکراسی و هەبوون، هاوڕێتی لەگەڵ ئێزدییەکان واتە خۆشویستی ئێزدییەکان و پشتیوانی تێکۆشانەکەیان لەپێناو خۆبەڕێوەبەری. هەرکەس پشتیوانی خۆبەڕێوەبەرییەکەیان نەکات، دژی خەونی ئێزدییەکانە. هەروەها ڕێگەی خۆشویستنی ئێزدییەکان قبووڵکردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە. بەپێچەوانەوە، ئێزدییەکان لە ژیان نامێننەوە، ئەمڕۆ لێرەن و سبەی نامێنن، بەتایبەت لەسایەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری، چاند و ناسنامە و باوەڕکان ناتوانن هەبوونیان بپارێزن بەبی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، بەپێچەوانەوە، چارەنووسی هەموو ناسنامە و باوەڕەکان لەسایەی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و دەوڵەت_نەتەوەدا، هەر قڕکردنە.

دەبێت هەموو ئێزدییەکان ڕووبکەنە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری

بێگومان لەم ڕووەوە بەرخۆدان هەیە، داعش شکستێکی گەورەی بەرکەوت، بەڵام ئەرکەکە لەئەستۆی هەمووانە، ئێزدییەکان دەبێت ببنە خاوەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بۆ پاراستنی هەبوونیان، دەبینین ئێزدییەکان پێداگرن لەسەر ئەم پرسە، دەبێت ئێزدییەکانی هەموو جیهان لەمەدا بەشداربن، دەبێت ئێزدییەکانی ئەوروپا ئەم پرسە لەبەرچاوبگرن. بەهەمانشێوە ئێزدییەکانی ئەوروپا و ڕوسیا و ڕۆژئاوا. دەبێت هەموو ئێزدییەکان لەگەڵ ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بن، ئەگەر نەبنە خاوەنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، تووشی قڕکردن دەبنەوە و لە مێژوودا دەسڕێنەوە.

لۆزان پەیماننامەی قڕکردنی کوردە

لۆزان نەوەک هەر بۆ کورد، بۆ هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین گرنگە، لۆزان پەیماننامەی قڕکردنی کوردە، لە ڕاستییدا، لە ئەرزەڕۆم و سێواس لە تورکیا پێش لۆزان کۆنگرە بەسترا، میساقی میللی ڕاگەیاندرا، ئەوکات دەوڵەتی هاوبەشی کورد و تورک دادەمەزرا، دەبوونە خاوەنی دەوڵەتی هاوبەش و ئیدارەی هاوبەش، بۆیە کوردەکان پشتیوانی تورکەکان بوون بۆ بونیادنانی دەوڵەتی ئازاد و سەربەخۆ، چی ڕوویدا، لە دەستووری ساڵی ١٩٢١، هەبوونی کورد دیسان قبووڵکرا، بەڵام لە دەستووری ١٩٢٤ تەواو نکۆڵی لێ کرا، ئەوەش لەسەر بناغەی پەیماننامەی لۆزان.

ئەمەیە پەیماننامەی لۆزان، بەریتانییەکان ئەم خاڵانەیان لەسەر تورکەکان سەپاند، موسڵ و کەرکوک بۆ ئێمە جێبهێڵن، وتیان ئەگەر ئەمە بکەن، دەتوانن گەلی کورد لەنێو سنوورەکانتان قڕبکەن، لەپێناو کەرکوک و موسڵ ڕازی بوون بە قڕکردنی کورد، هەریەک لە دەوڵەتی تورک و ئیدارەی کەمالی، کەرکوک و موسڵیان دایە بەریتانییەکان لەبەرامبەر قڕکردنی کورد، واتە لۆزان پەیماننامەی قڕکردنی کوردە، دەبێت وەها بڕوانینە ئەم ڕاستییە.

بێگومان ئینگلتەرا و فەرەنساش بەرپرسن، نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەرپرسە. بە دەستبەرداربوون لە موسڵ و کەرکوک، حکومەتی تورک مافی قڕکردنی گەلی کوردی دەسکەوت، ڕەزامەندی ئینگلتەرا و فەرەنسای دەسکەوت، بەریتانیا و فەرەنسا ڕازیبوون بە قڕکردنی کورد لەبەرامبەر کەرکوک و موسڵ. دەبێت هەمووان ئەو ڕاستییەش بزانن، دەوڵەت نەتەوە کە سەرچاوەی سەرمایەدارییە، قڕکردنە، دەوڵەت_نەتەوە واتە سیستەمی قڕکردن، لە مێژووی دەوڵەت_نەتەوەکانی جیهاندا، زۆرێک لە گەلان و چاندەکان ڕووبەڕووی قڕکردن بوونەتەوە.

لەم ڕووەوە، کاتێک ڕووبەڕووی لۆزان دەبینەوە، کاتێک بەرامبەر سیاسەتی قڕکردن دەوەستینەوە، پێویستە دژی ڕاستی دەوڵەت_نەتەوە بوەستینەوە، چەمکی دەوڵەت_نەتەوە ئەمڕۆ قڕکردنی کورد دەهێنێت، ئەمڕۆ تورک و فارس و عەرەب دەخوازن دەوڵەت_نەتەوەی خۆیان دامەزرێنن و چاندەکانی تر قڕبکەن، باشترین نموونە دەوڵەتی تورکە.

دەوڵەتی تورک لە دوژمنایەتی کورددا پێشەنگە، کەس ناتوانێت خۆی بە کوردێکی وڵاتپارێز بزانێت، بەبێ بینی ئەم ڕاستییەی دەوڵەتی تورک وەک پێشەنگی دوژمنایەتی کورد. ئەوانەی خۆیان بە کورد دەزانن ئەم ڕاستییەی دەوڵەتی تورک دەبینن وەک پێشەنگی دوژمنایەتی کورد. دەوڵەتی تورک لە لۆزان مافی قڕکردنی کوردی بەدەستهێنا. ئێستەش کوردەکان قڕدەکات، بەمە ڕازی نییە و دەیەوێت تەڤگەری ئازادی کوردی لەناوببات، بەم شێوەیە دەخوازێت ئەو هەرێمە کوردییەی لەنێو میساقی میللی دانی پێدا نراوە، بکرێتە هەرێمێکی ژێر هەژموونی تورک، دەیەوێت ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بخاتە ژێر ڕکێفی خۆی و ناسیۆنالیزمی تورکی بڵاوبکاتەوە، کاتێک باس لە لۆزان دەکەین، دەبێت ئەم ڕاستیییە ببینین.

پەدەکە یەکێتی نەتەوەیی ناوێت

کۆنفرانسی لۆزان بەسترا، چاودێریمان کرد، گرنگ بوو، پرسی یەکێتی نەتەوەیی گفتوگۆی لەبارەوە کرا، چونکە لۆزان گەلی کوردی کردە چوار پارچە، بەڵام کاتێک باس لە یەکێتی نەتەوەیی دەکەین، با واقیعی بین، بەبێ ڕوانین لە ڕەوشی ئێستەی پەدەکە، چەمکی "یەکێتی نەتەوەیی" مانای شکستی بەدیهاتنی یەکێتی نەتەوەییە، چونکە پەدەکە بەربەستە. هەندێک وا دەزانن بەبێ پەدەکە یەکێتی نەتەوەیی بەدی نایەت، بەڵێ، پێویستە پەدەکەش بەشداربێت. بەڵام پەدەکە نایەت، یەکێتی نەتەوەیی ناوێت، دەیەوێت هەموو گەلان و هێزە سیاسییەکان جڵەوبکات، دەڵێت "دەبمە تاکە فەرمانڕەوا"، یەکێتی نەتەوەیی ناوێت، کەی هاتووە؟ لە ساڵی ٢٠١٢_٢٠١٣ ئاگربەست لەگەڵ تورکیا هەبوو، ئەوکاتە هات. کاتێک تورکیا شەڕی دژمان ڕاگەیاند، پەدەکە کتوپڕ پاشەکشەی کرد. یەکێتی نەتەوەیی لەم ڕووەوە گرنگە، دەبێت هەموو گرووپ و پارتە کوردیەکان یەکبگرن. بەڵام ئەمە ڕاستییە، تا پەدەکە دەستبەرداری هەوڵی هەژموون و سەپاندنی قسەکانی نەدات، ئەم یەکێتییە نەتەوەییە پێکنایەت، بەڵکو بەربەستە لەپێش ئەم یەکێتییە. هەردەم باس لە یەکێتی نەتەوەیی دەکرێت. هەموو کوردێک یەکێتی نەتەوەی دەوێت، بەڵام پەدەکە بەربەستە، دەبێت ئەم ڕاستییە بزانرێت.

بۆچی دەڵێین یەکێتی نەتەوەیی؟ ئەمە واتە ئێمە ناتوانین وا بکەین، بەردەوام گلەیی دەکەین، بەڵام بەربەستەکە چییە؟ دەبێت ئەوەش ببینرێت.

کوردەکان ڕێگەدەگرن لەبەردەم ڕۆحی قڕکردنی پەیماننامەی لۆزان

پەیماننامەی لۆزان بەسترا، کوردستان کرایە چوار پارچە، بەڵام کورد ڕێگە دەگرن لەبەردەم قڕکردنی کورد، کە ڕۆحی پەیماننامەی لۆزانە و ڕێگەی لێ دەگرن. بەڵێ، ئامانجەکەیان دەوڵەت_نەتەوە نییە، بەڵام قڕکردنی کورد دەوەستێنن و هەبوونیان دەپارێزن، دەیانەوێت ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە چوارپارچە فەراهەم بکەن. لەم ڕووەوە، هەنگاوی گەورەیان ناوە، پەرەسەندن هەبووە، لە ڕۆژئاوا پەرەسەندنی مەزن هەیە، لە باشوریش پەرەسەندن هەیە. گەلی کورد لە باکوری کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک لە تێکۆشان، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش بەهەمانشێوە، دەسکەوتی سەرەکی ئەوەیە: ڕاستی تێکۆشانی کورد و ڕاستی جڤاکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و جیهان هەیە، گەلی کورد بەهێزەوە هەبوونی دەردەخات، ئەمە دەسکەوتی سەرەکییە، ئەمە جێبەجێ دەکرێت لەڕێگەی تێکۆشانی چوار پارچەی کوردستانەوە.

شۆڕشی ڕۆژئاوا، سەرەڕای خاڵە لاوازەکان، شۆڕشێکی مەزنە

سڵاو بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا دەنێرم کە خاوەنی زیاتر لە ٢٠ هەزار شەهیدە، بەڕێز و سوپاسەوە یادی شەهیدان دەکەمەوە. بەڕێز و سوپاسەوە یادی ٣٣ سۆسیالیستەکەی تورکیا دەکەمەوە کە بە گەشتیارانی خەون دەناسرێن، ئەوانەی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و هێز بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوا هاتنەپێش. شۆڕشی ڕۆژئاوا شۆڕشێکی مەزنە، پرسی دڕکاوی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەن. پرسی نەتەوەیی و باوەڕ و چاند و ژن و دیموکراسی، ئەم شۆڕشە چارەسەری ڕاستەقینە بۆ هەموو پرسەکان دەخاتەڕوو. لەلایەک ئەم شۆڕشە تەنها بۆ چارەسەری پرسی کورد نییە، بەڵکو پارادایمێک بۆ چارەسەری هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوین دەخاتەڕوو، بۆیە زۆر گرنگە. تێگەی نەتەوەی دیموکراتیک و کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیک هەیە، پێکەوەژیانی باوەڕە جیاوازەکان هەیە، هەروەاه تێگەی ژنی ئازاد ئامادەیە، ململانێ تائیفی و نەتەوەییەکان دەخرێنەلاوە، شەڕی دەسەڵات دوورخراوەتەوە، لەبری شەڕی دەسەڵات بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییەکان، پرسەکان چارەکراون بەبێ ئامادەیی چەمی دەسەڵات و دەوڵەت... چونکە تێگەی دەوڵەت و دەسەڵات هەموو پرسەکان دەگەیەنێتە بنبەست و دوور لە چارەسەر، هەر کە دەچینە نێو چەمکی دەوڵەت و دەسەڵاتەوە، هیچ چارەسەرێک بۆ پرسی ناسنامە و باوەڕ و ژن و دیموکراسی نامێنێتەوە.

شۆڕشی ڕۆژئاوا بەم زیهنیەتە شۆڕشێکی مەزنی پێکهێنا، ئەم گۆڕانە لە گۆشەنیگای ڕیبەر ئاپۆ و هێڵی ڕێبەر ئاپۆ بوو، بەشێوەیەکی بەرجەستە لە ڕۆژئاوا بەدی کرا.

بەڵام دەمەوێت ئەمە دووپات بکەمەوە، ناتوانین بڵێین هەموو هێڵی ڕێبەر ئاپۆ لە تەواوی ڕۆژئاوا بەدی هاتووە، بەڵام هەمووان ئاستی گرنگی و نرخەکەی دەزانن، هەرچەن کەموکورتی هەیە، وا دیارە، شۆڕشی ڕۆژئاوا لەم ڕووەوە، بۆتە گۆڕەپانی ئازادی و جەوهەر و پارادایم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەم ژینگە پڕ لە فشار و سەرکوتەدا.

ئێمە دڵنیایین شۆڕشی ڕۆژئاوا و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێتە پارادایم، بۆ نموونە، لە ئێستەدا دەبێتە چارەسەری سوریا، ئاخۆ سوریای نوێ بە تێگەیشتنی ئەو چەتە و گرووپانەی سەر بە تورکیا بونیاد دەنرێت؟ ناتوانن بونیادی بنێن. ئاخۆ بەبێ گۆڕان لە تێگەیشتنی ڕژێمی ئێستە، سەقامگیری لە سوریا بەدی دێت؟ بەدی نایەت، خاڵی هاوبەش بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە سوریا، پرەنسیپەلانی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریایە، پرەنسیپی سیاسی و جڤاکیین، بە مانایەکی تر، کۆدەنگیەییەک لەسەر بناغەی پرەنسیپەکان دێتەدی.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەتوانێت بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام چۆن دەتوانێت لەگەڵ چەتەکان و تورکیا ڕێک بکەوێت؟ بێگومان ڕژێم ناگاتە ڕێککەوتن، کورد و ئەوانیتریش هەروا، ئەگەر ڕژێم خۆی نەگۆڕێت، ناتوانێت سەقامگیری و چارەسەر فەراهەم بکات، بەم هۆیەوە، سەقامگیری و چارەسەری سەرەکی لەدەوری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێت، ئەمە کاریگەری زۆر دەبێت، هەروەها کاریگەری دەکات سەر سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین.

لەلایەکی ترەوە، ڕۆڵی یەکخستنی هێزە دیموکراتیکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گیڕا، دەوڵەتی تورک پاشڤەڕۆترین دەوڵەتی ڕۆژهەڵاتی ناوینە، هاوپەیمانی عەرەبی_کوردی دژی پاشڤەڕۆیی دەوڵەتی تورک لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوین دەرکەوت. ڕاستی، ئەمە پەرەسەندنی گرنگە، نەوەک هەر بۆ سوریا، بەڵکو بۆ سەرتاپای ڕۆژهەڵاتی ناوین. بەم بۆنەیەوە سڵاو لەم شۆڕشە دەکەم، دڵنیام گەلی کورد و عەرەب و سریانی و جەرکەس، ئەم شۆڕشە دەپارێزن دژی هەموو هێرشەکان لەڕێگەی زیهنیەتی نەتەوەی دیموکراتیکەوە. ئەم شۆڕشە، شۆڕشێکی جوانە، ڕەنگە کەموکورتی هەبێت، بێگومان هەیە، بەتەواوی پابەندی هێڵی ڕێبەر ئاپۆ نەبوون. بەڵام لەم شێوەیەدا، شۆڕشێکە بۆ لەخۆگرتنی هەموو گەلان، دەبێتە نموونەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، بە ڕێز و سوپاسەوە سڵاو دەنێرم بۆ ئەوانەی ڕۆڵیان لەم شۆڕشەدا گێڕا.

دەبێت ناتۆ نەبێتە هاوبەشی کۆمەڵکوژی کوردان

کورد لە ژێر هەڕەشەی جینۆسایدان، نەک هەرلە باکوور، لە رۆژئاوا، باشوور و رۆژهەڵاتیش لە ژێر ئەو مەترسی و هەڕەشەیەدان. تورکیا دەیەوێت ئەو کۆمەڵکوژییە بگەیەنێتە ئەنجام. پەنابەرانیش وەک کارتی فشار و سەرانەسەندن بەکاردەهێنێت، بابەتی ئەندامێتی لە ناتۆش دەکاتە کارتی فشار، هەروەها پەیوەندییەکانی لەگەڵ رووسیاس دەکاتە کارتی فشار. دەوڵەتێکی سەرانە وەرگرە، ئیدارەیەکە سەرانەسێنە. دەڵێت من جۆن مامەڵە لەگەڵ کورد دەکەم، دەبێت ئێوەش بەو جۆرە مامەڵە بکەن. وڵاتانی ئەوروپیش کە بەخۆیان دەڵێن دیموکراتیک بەو جۆرە دەجوڵێنەوە، ئەمەش دووڕوویە.

ئیتر دەبێت کورد بزانن، دەبێت جیهان بزانێت. دەوڵەتی تورک خاوەنی هەمووجۆرە هاوپەیمانی، پەیوەندی، دامودەزگا، ناتۆ و یەکێتی ئەوروپایە. تاکە ئامانجی جێبەجێکردنی کۆمەڵکوژی کوردانە. لەپێناو کۆمەڵکوژی کوردان بووە ئەندامی ناتۆ و هەوڵەکانی بۆ بوون بە ئەندابوونی یەکێتی ئەوروپا بەردەوامە. ئەگەر رۆژ بڵێن دەست لە کۆمەڵکوژی کوردان هەڵبگرە، نە لە ناتۆدا دەمێنێتەوە نە لە یەکێتی ئەوروپا.

ئێستا دەوڵەتی تورک دەڵێت بمانکەن بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. دەوڵەتی تورک نایەوێت بچێتە ناو یەکێتی ئەوروپاوە. تەنیا دەیەوێت سوود لە هەندێک دەرفەتی یەکێتی ئەوروپا وەربگرێت. کەی دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا؟ ئەو کاتەی کۆمەڵکوژی کوردان دەگەیەنێتە ئەنجام. تا ئەو کاتە ناچێتە یەکێتی ئەوروپاوە. لەبەر ئەوەی یەکێتی ئەوروپا خاوەنی پێوان ورێوشوێنە و مەرجی خۆبەڕێوەبەری هەرێمی هەیە. ئەگەر یەکێتی ئەوروپا بڵێت هەر ئێستا ئێوە دەکەین بە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا، تورکیا ناچێت. لەئێستادا تەنیا شانتاژ دەکات و دەڵێت بۆ نامکەن بە ئەندام. کاتێک بکرێت بە ئەندام دەبێت دەست لە سیاسەتی قڕکردنی کورد هەڵبگرێت، ئایا دەوڵەتی تورک دەست هەڵدەگرێت؟ بەپێچەوانەوە لە ناو پرۆسەی بەئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپاش دەیەوێت ئەو یەکێتییە بۆ مەبەستی کۆمەڵکوژی بەکاربهێنێت. با کەس خۆی نەخەڵەتێنێت، لەئێستادا تورکیا هیچ خواستی و خەمێکی بۆ ئەندامبوون لە یەکێتی ئەوروپا نییە.

دەبێت هەم یەکێتی ئەوروپا و هەمیش لە ناوخۆی تورکیا کەس وا بیرنەکاتەوە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا. ستێکی بەو جۆرە بوونی نییە. لەئێستادا ئەوروپاس نایەوێت وەریبگرێت. دەیانەوێت ئەو پەیوەندییانە بەردەوام بن. تورکیا دەیەوێت هەندێک ئەوروپا بەکاربهێنێت. ئەوروپاش دەیەوێت هەندێک تورکیا بەکربهێنێت. پەیوەندی هاوبەشی بەو جۆرە هەیە.

لەم رووەوە هەم ناتۆ و هەم یەکێتی ئەوروپا بوونە ئەو دامەزراوانەی کە دەوڵەتی تورک پرسی کوردی تێدا بەکاردەهێنێت. ئێمە وەک کورد هۆشیاری پێدەدەین، دەبێت ناتۆ نەبێتە هاوبەشی کۆمەڵکوژی. وتنی ئەوەی کە ئێمە لە نیگەرانییەکانی تورکیا تێدەگەین بە چ واتایەکە؟ تورکیا هەموو رۆژێک هێرش دەکاتە سەر رۆژئاوا. چ نیگەرانی و هەستیارییەک؟ سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە باکوور لە دژی کوردان هەیە. هەموو سیاسەتمەدارانی کورد لە زینداندا، چ نیگەرانی و هەستیارییەک؟

بەراستیش کۆبوونەوەی ئەم دووایەی ناتۆ پەڵەیەکی شەرمی مێژووییە. لەسەر کورد و لە سەر پەکەکە سات و سەودا کرا.

ناتۆ پەیوەندی لەگەڵ پەدەکە هەیە. پەیوەندی لەگەڵ پەدەکە بەواتای پەیوەندی لەگەڵ کورد نییە. تورکیا پەدەکە بەکاردەهێنێت. پەدەکەش لە پێناو بەدەستهێنانی دەسەڵات لە دوو شارەکە هاوکاری دەکات. نوێنەرایەتی هەموو کوردان ناکات. هەردوو شارەکەش لە پەدەکە ناڕازین. بووەتە بنەماڵەیەک. بنەماڵەی بارزانییە، باسی کام کورد دەکرێت؟

لەم رووەوە بە راستیش پێویستە هەموو کورد لە دژی ناتۆ و لە دژی یەکێتی ئەوروپا هەڵوێست بگرن. دەبێت وشیاری بکەنەوە. دەبێت ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا نەبنە هاوبەشی قڕکردنی کوردان. ئێستا هاوکارن. پێشتریش هاوبەشی قڕکردنی ئەرمەنیەکان بوون. سیاسەتی ئەوسەردەمە، ناکۆکی، پێکدادان و هاوسەنگیەکانی لە ناو خۆیاندا بوونە هۆکاری ئەنجامدانی قڕکردنی ئەرمەنییەکان. ئێستاش دیسان لەو هاوسەنگیانەدا و لە ناو سیاسەتدان. دەبنە هاوکاری خنکاندنی پرسی کورد. دەبێت دەستبەجێ دەست لەوە هەڵبگرن.

هـ . ب