شێخ سەعید لە ساڵی ١٩٢٥دا پێشەنگایەتی بۆ سەرهەڵدانی گەلی کورد لە دژی دەسەڵاتی نوێی کۆماری تورک کرد و لەوپێناوەدا گیانی بەخشی و بووە یەکێک لە بەها و نرخەکانی گەلی کورد، هەربۆیە لە ساڵی ٢٠١١ شارەوانی گەورەی ئامەد کە ئەو کات بە دەست پارتی دیموکراسی و ئاشتی (بەدەپە) بوو، ناوی شێخ سەعیدی لە سەر بولڤاری سەر رێگەی فارقین- خارپێت دانا. بە بانگەشەی ئەوەی کە 'شارەداری ئامەد کە بەدەست قەیومەوەیە ئەو ناوەی لەسەر بولڤارەکە داناوە' شێخ سەعید لەلایەن پارتە سیاسیەکانی تورک، نەژادپەرست، فاشیست و هەندێک نوسەرەوە کرایە ئامانج و هەندێک دەیانەوێت وەک ئامرازێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاری بهێنن، هەندێک مێژوو ناسنامەی دەسڕنەوە و هەندێکیش لە کەسایەتی ئەودا سوکایەتی بە گەلی کورد و تێکۆشانەکەی دەکەن.
لەوبارەوە سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) حافز ئەحمەد تورهالی قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و رایگەیاند، کەس ناتوانێت نرخ و بەهاکانی کوردان بکاتە کەرستە و ئامرازێک بۆ هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەکرد، کە سەرباری ئەوەی ناوی شێخ سەعید لە سەردەمی سەرۆکایەتی عوسمان بایدەمیر لە شارەوانی ئامەد، لەسەر ئەو بولڤارە دانراوە، بەڵام ئێستا و لە سەروبەندی هەڵبژاردنی خۆجییدا هەوڵ دەدرێت وا وێنا بکرێت کە تازە لەلایەن قەیومەوە دانراوە و بەم جۆرە خەڵک بخەڵەتێنن و چەواشەیان بکەن.
ئەوەشی بە بیرهێنایەوە، کە ئەو قەیومانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە لە جێگەی سەرۆک شارەوانیە هەڵبژێردراوەکان دانران، "هەموو شتێکی پەیوەست بە کورد و کوردایەتیەوە لەناو برد و ئەوەی پەیوەندی بە کولتوری کوردیەوە هەبوو لەناویان برد، بۆیە مێشکێک کە کولتور و ناوی کوردی قەدەغە دەکات چۆن دەتوانێت خاوەنداری لە شێخ سەعید بکات. ئەمە گەمەیەکی هەڵبژاردنە، پێنج مانگی ماوە بۆ هەڵبژاردن و بەم جۆرە دەیانەوێت خەڵک بخەڵەتێنن".
سەرۆکی گشتیی جیک ئاماژەی بەوەشکرد کە هەندێک لایەن لە ژێر ناوی ئیسلامەوە دەیانەوێت ئەرک و راستی شێخ سەعید پێچەوانە بکەنەوە و لە ناسنامەی کوردی دایبماڵن و وەک شەهیدی ئیسلام ناوی ببەن. لەو رووەوە جەختی کردەوە، " ئەو ستەمەی لە کورد دەکرێت رێک دوژمنایەتی کردنە بەرامبەر بە ئیسلام. هەروەها ئەو لایەنانەی سەر بە دەسەڵات دەیانەوێت لەم رێگەوە لە سەر ناوی شێخ سەعید لەناو کورداندا ئەقڵیەتی سەنتەزی تورک-ئیسلام پەرە پێبدەن. دەیانەوێت بەهاکانی گەلی کورد لە دژی گەلی کورد بەکاربهێنن و بەم جۆرە ئەو بەهایانەی کە شێخ سەعید لە ناو کۆمەڵگەی کورددا ئافراندویەتی لەناو ببەن، بۆیە دەبێت گەلەکەمان باش لەو گەمەیە تێبگات و هەڵنەخەڵەتێت".
لە وەڵامی ئەو نەژادپەرستانەشی کە شێخ سەعید بە خیانەت تۆمەتبار دەکەن، سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) حافز ئەحمەد تورهالی وتی، "ئەوەی خیانەتی کرد دەوڵەتی تورک بوو، چونکە ئەو بەڵێنانەی کە پێش دروستبوونی کۆمار بە کوردیان دابوو جیبەجێنەکرد و ناپاکیان لە کورد کرد، لە دژی ئەو خیانەت و ناپاکیەش شێخ سەعید پێشەنگایەتی سەرهەڵدانی گەلی کوردی کرد".
هەر لەو بارەوە روونی کردەوە، "تۆمەتبارکردنی شێخ سەعید هەوڵدانە بۆ هەڵگێڕانەوە وپێچەوانەکردنی راستیەکان. خودا خائینانی خۆش ناوێت. ئێستا خیانەت چییە، دەبێت سەرەتا ئەوە دەستنیشان بکەین و دواتر بزانین کێ خائینە. ئەگەر تۆ بەڵێنێک بدەیت و دواتر بەڵێنەکە جێبەجێ نەکەیت کەواتە تۆ خیانەتت کردووە. مستەفا کەمال و هاوڕێکانی بەڵێنیان بە کورددا کە وڵاتێکی هاوبەش بونیاد دەنێن. لە ژێر ناوی برایەتی ئایینیدا کورد شان بە شانی تورکەکان وەستانەوە، بەڵام کاتێک دەوڵەتی تورکەکان دامەزرا خیانەتیان لە کورد کرد، شێخ سەعید بۆ ئەوەی بەر بەو خیانەتە بگرێت و مافەکانی گەلی کورد بپارێزێت، وەک ئەرکێکی ئیسلامی، کە ئیسلامی راستەقینە ئەمەیە، ئەو بەرپرسیارێتیەی لە ئەستۆ گرت و لە دژی خیانەتی کەمالیستەکان و دەوڵەتی تورک لە کوردان، کە نکۆڵییان لەگەلی کورد دەکرد و هەوڵی سڕینەوە و لەناوبردنیان دەدا پێشەنگایەتی گەلی کرد. قورئان وەستانەوە بەرامبەر بە خیانەت بە فەرز و ئەرک دادەنێت. شێخ سەعیدیش ئەو ئەرکەی جێبەجێ کرد.
لە کۆتاییشدا سەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی ئیسلامی کوردستان (جیک) وتی، "شێخ سەعید سەرباری ئەوەی تەمەنی هەڵکشابوو، قەبوڵی نەکرد کە گەلی کورد لە وڵاتی خۆیدا نکۆڵی لێبکرێت. لەپێناو مافەکانیدا تێکۆشا، بۆ رزگاری کوردستان خەباتی کرد و لەدژی دەوڵەتێکی ستەمکار کە گەلی کورد بە نەبوو دادەنێت وەستایەوە و تێکۆشانی بۆ ماف و مرۆڤایەتی کرد. شێخ سەعید پێشەنگ و بەهایەکی گەلی کوردە".
هـ . ب