بە دیمەن

ژنان دژی کودەتای قەیوم ڕێپێوانیان کرد: بەرخۆدان بەردەوام دەبێت

بە پێشەنگایەتی پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان ڕێپێوان ئەنجامدرا، ژنان دووپاتیان کردەوە، قەیوم قبووڵ ناکەن و درێژە بە بەرخۆدان دەدەن.

ڕێپێوانی ژنان دژی قەیوم

پلاتفۆرمی ژنانی دێرسیم دژی دانانی قەیوم ڕێپێوانێکی ڕێکخست، ژنان لە شەقامی هونەرەوە بەرەو گۆڕەپانی سەید ڕەزا بە بەرزکردنەوەی درووشم ڕێپێوانیان کرد.

هاوسەرۆکی گشتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) چیدەم کلیچگون ئوچار و سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت و هاوسەرۆکی شارەوانی وان، نەزلیهان شەدال بەشداربوون.

ژنان سەرەتا لەبەردەم شارەوانی گەمارۆدراوی دێرسیم وەستان و ڕاگەیاندراویان خوێندەوە، لەوێ گوڵستان کیلیچ کۆچیگیت تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی لەمێژینەی گەلی دێرسیم بەرامبەر ستەمکاران، گوتی: "دەسەڵات بە یاسای دوژمنایەتی ڕووبەڕووی کورد و عەلەوی و ژن دەبێتەوە. بەرامبەر ئەمە هەرگیز پاشەکشەمان نەکردووە. سێیەم جارە ئیرادەی گەلەکەمان دەستبەسەر دەکەن. گەلەکەمان هەموو جارێک ئیرادەی خۆی نیشان داوە.

هەروەها تیشکی خستەسەر ئێشکگری دژی دەستبەسەراگرتن، ڕایگەیاند قەیوم بە بلۆکی کۆنکرێت شارەوانییەکەی گەمارۆداوە چونکە دەزانێت شەرعییەتی نییە، گوتی: "دژی کودەتا و قەیوم بەرخۆدان دەکەین. گەلەکەمان و دێرسیم و گەلانی کوردستان و تورکیا سەردەکەون. ئێمە وڵاتێکی یەکسان و ئازاد و دیموکراتیک و ئاشتییانە بنیات دەنێین".

پاشان ژنان بەرەو گۆڕەپانی سەید ڕەزا ڕێپێوانیان کرد.

"سەر نەوی ناکەین"

لە گۆڕەپانی سەید رەزا، سیاسەتمەدار سەباحەت تونجەل تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی ژنان دژی کودەتای قەیوم، گوتی: "ئێمە خاوەنداری لە شارەوانییەکانمان دەکەین. دێرسیم مێژووی ئێش و بەرخۆدانە. مێژووی دژایەتی ستەمە. هۆکاری چارەسەرنەکردنی پرسی کورد، سیاسەتی نکۆڵی و لەناوبردن و پشتگوێ خستنە. دەمانەوێت بە زمان و ناسنامەی خۆمان بژین. دێرسیم شاری عەلەوی و کورد و سۆسیالیستەکانە. وەک ژنان دەڵێین ئیدی بەسە. سەر لەبەردەم توندوتیژی سیاسی و ئابووری نەوی ناکەین. پێکەوە ژیانێکی یەکسان و ئازاد و دیموکراتیک بنیات دەنێین".

پەرلەمانتاری ئەمەپە سەڤدا کاراجا ڕایگەیاند بۆ ژیانی خۆمان و ئایندەی وڵات، دژی توندوتیژی قەیومی دەسەڵاتی ئاکەپە بەرخۆدان دەکەین.

سکرتێری گشتی کەسک سەڤگی یەڵماز داوای مەزنکردنی بەرخۆدانی کرد.

هاوسەرۆکی گشتی داد قەدریە دۆغان سڵاوی لە بەرخۆدانی گەلی دێرسیم کرد و جەختی کردەوە حەقیقەت بەرامبەر تاریکی سەردەکەوێت.

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "ژن ژیان ئازادی" کۆتایی هات.