ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە لە لوزەرن پیرۆزکرا
لە لوزەرن هەزاران کەس بەبۆنەی ٤٦ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە کۆبوونەوە و داوای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیان کرد.
لە لوزەرن هەزاران کەس بەبۆنەی ٤٦ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە کۆبوونەوە و داوای ئازادیی ڕێبەر ئاپۆیان کرد.
٤٦ هەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە بەشداری هەزاران کوردستانی و دۆستەکانیان لە شاری لوزەرنی سویسرا پیرۆزکرا. هۆڵی ئاهەنگەکە بە پۆستەری ڕێبە ئاپۆ و کادرانی پێشەنگی پەکەکە و شەهیدان و ئاڵای پەکەکە و کەجەکە ڕازێنرایەوە.
کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارەکانی سویسراوە بەشداربوون و درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی پەکەکە"یان بەرزکردەوە و داوای ستاتۆی کوردستان و ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆیان کرد.
"پەکەکە بووەتە هیوای گەلان"
ئاهەنگەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان دەستی پێ کرد. هاوسەرۆکانی جەدەکە_سە جەمال ئۆزدەمیر و دیلان چەتین کایا قسەیان کرد، جەختیان کردەوە تێکۆشانی ئازادیی ٤٦ ساڵە نەوەک هەر بۆ گەلی کورد، بۆ گەلانی جیهان بووەتە هیوا، ئاماژەیان بەوە کرد بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو گۆڕەپانێک تێکۆشان مەزن دەکەن.
فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" لە هەموو شوێنێکە
ئەندامی تەژەکە_ئە شوکران سنجار تیشکی خستەسەر گرنگی تێکۆشانی ٤٦ ساڵەی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ.
سنجار ڕایگەیاند پەکەکە پێش هەموو شتێک تەڤگەری ژنانە، ڕایگەیاند فەلسەفەی "ژن ژیان ئازادی" گەیشتووەتە هەموو شوێنێکی جیهان، تیشکی خستەسەر هێرشی داگیرکاری لە کوردستان و گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ و گوتی: "پێویستە هەمووان بزانن، ئێمەی ژنان ڕێبەر ئاپۆ ئازاد دەکەین. ڕێبەر ئاپۆ هۆکاری بەرخۆدان و تێکۆشانمانە".
فوئاد کاڤ: پەکەکە پارتی گەلانی جیهانە
سیاسەتمەدار فوئاد کاڤ گوتی: "وەک ڕێبەر ئاپۆ گوتی، پەکەکە مێژووە. مێژووی کوردستان و جیهانە. پەکەکە ٤٦ ساڵ پێش ئێستە لە کوردستان دامەزرا، بەڵام ئەمڕۆ بووەتە پارتی گەلانی جیهان. نەوەک تەنها کورد، هەموو گەلان لەنێو پەکەکەدا جێی خۆیان دەگرن. واتە ئیدی پەکەکە پارتی گەلانی جیهانە. سەرۆک ئاپۆش وەهایە. سەرۆک ئاپۆ تەنها ڕێبەری گەلی کورد نییە، هاوکات ڕێبەری گەلانی جیهانە... بۆیە ئێستە لە تەواوی جیهان داوا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ دەکرێت".
"با هەڵمەتی ئازادی مەزنتر بکەین"
کاڤ تیشکی خستەسەر هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد"، گوتی: "ئەرکی ئێمەیە ئەم هەڵمەتە مەزنتر بکەین و ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکەین. چونکە ئیتر باش دەزانین ئازادی ڕێبەر ئاپۆ مومکینە".
هەروەها تیشکی خستەسەر گرنگی بەرخۆدانی پەکەکە، گوتی: "ئەوانەی ٤٦ ساڵە بیر لە شکست پێ هێنان و لەناوبردنی پەکەکە دەکەنەوە، بەهەڵەدا چوون. پەکەکە ئێستە لە هەرکات بەهێزترە. ئەوەی پێویستە ئەوان تێی ناگەن، ئەویش ئەوەیە: پەکەکە شکست ناهێنێت".
ئاهەنگەکە بە گۆرانی و هەڵپەڕکێ تا درەنگانێک بەردەوام بوو.