کودەتای قەیوم لە شارەکانی کوردستان و تورکیا شەرمەزارکرا

دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکانی دێرسیم و پولورلە چەند شارێک بە چالاکی شەرمەزارکرا. لە چالاکییەکاندا بانگەوازکرا بۆ مەزنکردنی بەرخۆدان.

لە دێرسیم چالاکی ئێشکگری لە گۆڕەپانی سەید ڕەزا بەردەوامە. ئەندامانی پارتە چەپەکان سەردانی چالاکییەکەیان کرد، وتەبێژی پارتی چەپ حەقی تۆمبول قسەی کرد و ڕایگەیاند تێکۆشانی هاوبەش دژی قەیوم دەکەن.

هاوسەرۆکی شارەوانی وان، نەزلیهان شەدال گوتی: "دێرسیم بەرخۆدان و سەرهەڵدانە، زێدی ئەو مرۆڤانەیە کە سەر نەوی ناکەن. زێدی بەرخۆدانە دژی سیاسەتی قێزەون و قڕکەر". جەختی کردەوە، تا ناردنەوەی قەیوم تێکۆشان بەردەوام دەبێت.

نەزلیهان ناڕەزایەتی دەربڕی بەرامبەر قەدەغەکردنی درووشمی "ژن ژیان ئازادی"، گوتی: "درووشمی ژن ژیان ئازادی لە هەموو بوارێکی ژیان بەدی دەهێنین، ژن ژیان ئازادی".

چالاکییەکە بە ڕێپێوان بەرەو بینای دەم پارتی دێرسیم کۆتایی هات.

کۆنیا

ڕێکخستنی دەم پارتی کۆنیا لە بینای پارتەکەی کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەست. هاوسەرۆکی دەم پارتی کۆنیا، مولا شیشمەک ڕایگەیاند قەیوم سەر بە زیهنیەتی کودەتاچییە و دژی ئیرادەی گەلە، قەیوم هێرشە بۆ سەر بەها و کەلتوور و مێژووی گەلی کورد، بەڵام مێژوو شاهیدە دێرسیم سەر لەبەردەم ستەم نەوی ناکات.

قەرس

رێکخستنەکانی دەم پارتی و تەژەئا قەرس و ناوچەکانی دەوروبەری ڕاگەیاندراویان خوێندەوە. بەڕێوەبەری دەم پارتی شارەکە سەردار ئایدن ڕایگەیاند دانانی قەیوم هێرشە دژی ئیرادەی گەلی کورد و تەواوی گەلان.

سەردار ئایدن ڕایگەیاند خاوەندارییەکی بەهێز لە بەرخۆدان و تێکۆشانی گەلی دێرسیم دژی قەیوم دەکەن، گوتی: "دژی کودەتای قەیوم بەرگری لە ئیرادەی گەل دەکەین. دێرسیم لەلایەن گەلی دێرسیمەوە بەڕێوەدەبرێت و فاشیزم شکست دەهێنێت".

ڕاگەیاندراوەکە بە درووشمی "نا بۆ قەیوم" کۆتایی هات.  

ئاگری

رێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپە و تەژەئای ئاگری و ناوچەکانی دەوروبەری لەبەردەم بینای دەبەپە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانیان بەست. هاوسەرۆکی دەبەپەی ئاگری حیکمەت ئادی گوزەل گوتی: "نە دێرسیم و نە هیچ شارێکی تر بە قەیوم بەڕێوەنابرێت. قەیوم دەچن، ئیرادەی گەل دەمێنێتەوە. بانگەواز لە هێزە دیموکراسیخوازەکان دەکەین دژی ئەم کودەتایە و دەستبەسەراگرتنی ئیرادە، تێکۆشانی هاوبەش بکەن".