تولای حاتەم ئۆغۆللاری: هەرگیز سەر لەبەردەم زیهنیەت و ڕژێمی قەیوم نەوی ناکەین

هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "هەرگیز سەر لەبەردەم زیهنیەت و ڕژێمی قەیوم نەوی ناکەین".

هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تولای حاتەم ئۆغۆللاری لە ٣١ هەمین کۆبوونەوەی گشتی ئاسایی وەقفی کەلتووری ئەنادۆڵی حاجی وەلی، قسەی کرد.

تولای حاتەم ئۆغۆللاری تیشکی خستەسەر کۆمەڵکوژییەکانی کۆچگری و دێرسیم و سێواس و قوربانیانی کۆمەڵکوژییەکانی بیرهێنایەوە. ڕایگەیاند خەباتی مەزنیان کردووە بۆ مافی هاوڵاتیبوونی یەکسانی عەلەوییەکان، بە خەبات و پشتیوانی زیاتر دەکرێت دەستوورێکی دیموکراتیک بنووسرێتەوە کە هەمووان خۆیانی تێدا ببیننەوە.

لە درێژەی قسەکانی حاتەم ئۆغۆللاری گوتی: "ئێمە هەرگیز لەبەردەم زیهنیەتی قەیوم‌پەرست سەر نەوی ناکەین. هەرگیز سەر بۆ ڕژێمی دەسەڵاتخوازی فاشیست نەوی ناکەین. قەیوم دزینی ئیرادەی گەلە. کودەتای سیاسییە بە دەستی دادگا و پۆلیس. هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کودەتای سەربازیی ١٢ ی ئەیلول نییە. لەناوبردنی مافی دەنگدان و هەڵبژاردنە".

هەروەها تیشکی خستەسەر گفتوگۆکان دەربارەی پرسی کورد، گوتی: "ئەوانەی لەم وڵاتە لە هەمووان زیاتر ڕووبەڕووی فشار و نکۆڵی و سیاسەتی یەکپەرستی دەبنەوە، عەلەوی و کوردن. بۆ چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتییانەی پرسی عەلەوی و کورد، تێکۆشان مەزنتر دەکەین".

پاشان سەرۆکی گشتی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل قسەی کرد.