تەرمی شەهیدان هێڤی ئوموت و حەقی قامیشلۆ بە خاک سپێرداران

فەرمانداری یەپەژە هێڤی ئوموت و شەڕڤانی قەسەدە حەقی قامیشلۆ بە پێداگریی "بەڵێنی تۆڵەسەندنەوە" لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان بە خاک سپێردران.

سەدان کەس لە دانیشتوانی شارەکانی قامیشلۆ و عامودا، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) هێڤی ئوموت (سەعدیە ئەحمەد) و شەڕڤانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (قەسەدە) حەقی قامیشلۆ (محەمەد ئەل عەباس)یان لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان لە شاری قامیشلۆ بەخاکسپارد.

دانیشتوان بە دروشمی "شەهید نامرن" تەرمی هەر دوو شەهیدیان لە تەرمخانەوە بردە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان. مەڕاسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێکرد.

لە میانی مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری مەجلیسی ژنانی بنەماڵەی شەهیدانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەواهیر عوسمان قسەی کرد  و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری شەهیدان دەربڕی. جەواهیر سەرنجی بۆ کردەوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاکێشا و گوتی: "دەوڵەتی داگیرکەری تورک بەردەوامە لە کردارە پیسەکانی و بە ئامانجگرتنی ژنانی پێشەنگ. ئەو کارانە  نائەخلاقین و ئێمە هەرگیز قبوڵیان ناکەین. دوژمنان دەیانەوێت ئیرادەمان بشکێنن، .بەڵام گەل بەڵێنی شەهیدەکانیان دەپارێزن".

فەرماندەی یەپەژە ڕێڤین جودی، سەبارەت بە تێکۆشانی شەهید هێڤی ڕایگەیاند: "هەڤاڵ هێڤی بێ دوودڵی، لەسەر بنەمای فکری ڕێبەرێتی، هەمیشە بە فیداکاری و خۆنەویستی و بەرپرسیارێتییەوە کاری کردووە. لە کاتی هێرشی داعش بەرخۆدانی کرد، دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە بەرخۆدان و تێکۆشانی پێشەنگەکان تێکدەشکێت و بۆیە دەیانکاتە ئامانج، بەڵێنمان بۆ شەهیدان تۆڵەسەندنەوەیە، دوژمن تێکدەشکێنین و تێکۆشانی هاوڕێیانمان مەزنتر دەکەین".

ئەندامی کۆنگرەی ئیسلامی دیموکراتیک عەلی ڕەسوڵ، قسەی کرد و ڕایگەیاند کە شەهیدبوون جێگەی شانازییە بۆ گەل. ڕەسوڵ لە بەردەوامی قسەکانیدا وتی: "شەهید کۆترێکە ئاشتی لە ئاسماندا بڵاودەکەنەوە. ئێمە سەر بۆ کەس نەوی ناکەین. شۆڕشی ئێمە بە فکری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەستی پێکرد و بە بەشداری ملیۆنان کەس بەردەوامە. ئێمە نەک تەنها بۆ خۆمان، بەڵکو بۆ هەموو جیهان ئاشتی و ئازادیمان دەوێت".

پاشان برای شەهیدی حەقی قامیشلۆ، موراد عەباس ڕایگەیاند کە حەقی برای ناوی هاوڕێکەی خۆی هەڵگرتوە کە ناو حەقی بووە، لە سەرێکانی شەهید بووە و ڕێگەی تێکۆشانی ئەوی هەڵگرتووە.

عەزیز ئەحمەد، برای شەهید هێڤی ئوموت، سەرەخۆشی خۆی بۆ گەل دەربڕی و ڕایگەیاند، وڵات بە ڕەنج و قوربانیدانی شەهیدان بنیات دەنرێت.

باوکی شەهید حەقی قامیشلۆ، عەلی عەباس ئەوەی دەستنیشانکرد کە شەهید حەقی بە ویستی خۆی بەشداری تێکۆشانی چەکداری بووە،  تا کۆتایی لە تێکۆشاندا بووە.

لە دوای قسەکان ناسنامەی شەهیدان هێڤی ئوموت و حەقی قامیشلۆ خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرا.

هاوڕیان و بنەماڵەی شەهیدان تەرمی ئەو دوو شەهیدەیان لەسەر شانی خۆیان هەڵگرت و لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان بەخاکیان سپارد.

فەرماندەی یەپەژە، هێڤی ئوموت، لە ١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤ لە ئەنجامی هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە کاتی بەشداریکردن لە مەڕاسیمی یادکردنەوەی شەهیدانی ڕزگارکردنی شەنگال شەهید بوو. شەڕڤانی قەسەدە حەقی قامیشلۆ (محەمەد ئەل عەباس)  لە ٢٢ی تشرینی دووەم لەکاتی ئەرکی خۆیدا لە شاری حەسەکە شەهید بوو.