سی پی تی: دوو منداڵەکەى بامەڕنی لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە کراونەتە ئامانج و شەهید کراون

تیمی كوردستانیی رێكخراوی سی پی تی ئەنجامی لێكۆڵینەوەکانی لەبارەی شەهیدکردنی دوو منداڵ و برینداربونی منداڵیكی دیكە لە بامەڕنی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بۆیان دەركەوتووە، هێرشەكە لەلایەن سوپای توركیاوە ئەنجامدراوە.

تیمی كوردستانیی عێراقی سی پی تی ئەنجامی لێكۆڵینەوەکانی لە شەهیدکردنی دوو منداڵ و برینداربونی منداڵیكی دیكە لە ئاهەنگێكدا لە سنوری بامەڕنێ بڵاو كردەوە و ڕایگەیاند، "لە ٢٦ی ئایاردا، نزیكەی ١٠٠٠ هاوڵاتیی مەدەنیی خەڵكی گوندی زێوا سەرێ، لە فیستیڤاڵی ساڵانەی گوندەكەیاندا لە شارەدیی بامەڕنی بەشداربوون.  لە درەنگانێكی ڕۆژەكەدا، ٣ منداڵ سەرقاڵی یاری تۆپی پێ بوون لە قەراغی بازنەی فیستیڤاڵەكە. بەبێ هیچ زەنگێكی ئاگاداركردنەوە، بەلایەنی كەمەوە ٣ تۆپی هاوەن بەدووری چەند مەترێك لە منداڵەكانەوە، بە دوای یەكدا بەر زەوی كەوتن و تەقینەوە. لەئەنجامی ئەو هێرشەدا، یوسف كۆڤانی ١٣ ساڵان و ئاڤەند هۆشیاری ١١ ساڵان گیانیان لەدەستدا و سیپان فەرهادی ٨ ساڵانیش بەسەختی برینداربوو".

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بە ڕاگەیاندراوی، بەڕێوەبەرایەتیی دژە تیرۆری پارتی (پەدەكە) كراوە، كە تیایدا باس لەوەكرابوو ئەو هێرشە لەلایەن گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەوە ئەنجامدراوە و لەو بارەیەوە دەڵێت: "بە پشت بەستن بەو بەڵگانەی كە دەست سی پی تی كەوتوون و بە شیكردنەوەی جوگرافیای ئەو ناوچەیە، كە هێرشەكە تیایدا ڕوویداوە، بە ئەگەری زۆرەوە هێرشەكە لەلایەن توركیاوە ئەنجامدراوە".

ڕێكخراوەكە ئەوەشی ڕاگەیاندووە: كەسوكاری سێ منداڵەكە بە سی پی تی یان ووتووە، "ئەو ڕۆژەی هێرشەكە ڕوویدا، ئەوان بە بەردەوامی گوێیان لە دەنگی سوڕانەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی توركیا بوو بە سەر ئاسمانی ناوچەكە و شوێنی فیستیڤاڵەكەدا. شوێنی ئەنجامدانی فیستیڤاڵەكە، تەنیا ٨٠٠ مەتر دوور بووە لە گەورەترین بارەگای سەربازیی توركیا لە بامەڕنی".

ڕێکخراوی سی پی تی ئەوەشی ڕوونكردووەتەوە: "ووردی “دەقیقی” هاوەنەكە لە پێكانی شوێنی یاریی منداڵەكان هاوکات لەگەڵ سوڕانەوەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی چاودێری بە ئاسمانی ناوچەكەدا، ئاماژەن بۆ ئەوە، كە فیستیڤاڵەكە بە ئەنقەست بە ئامانج گیراوە و هێرشەكە بە مەبەستی ئاگاداركردنەوە یاخود گەیاندنی زیانی گیانی بووە بە بەشداربووانی فیستیڤاڵەكە".

سەرباری هەموو ئەوانەش، ڕێكخراوەكە باسی لەوەكردووە، چیای مەتینا ، کە دەوترێت شوێنی هاوێشتنی هاوەنەكانە لەلایەن پەكەكەوە، لە ئێستادا لە ژێر دەسەڵاتی سەربازیی سوپای توركیا و حكومەتی هەرێمی كوردستاندایە.

ژ.ت