دوێنێ دادگای هەولێر بڕیاریدا بە سزادانی شێروان شێروانی بۆ ماوەی چوار ساڵ، تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیاندراوێکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە.
ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادی ئاماژە بەوە دەکات، بەم بڕیارە دووبارە دەسەڵات لەڕێگەی دادگا دەستەمۆکانییەوە دژایەتی بۆ ڕۆژنامەنووسانی ئازاد و ڕای ئازاد پیشاندا و شەرمەزارییەکی دیکەیان خستە سەر خەرمانی کارە نایاساییەکانیان.
ڕاگەیاندراوەکەی تەڤگەری ئازادی ئاماژە بە دەستوەردان لە کاری دادگا و دروستکردنی سیناریۆ دەکات و دەڵێت: " ئاشکرایە دەستوەردان لە دادگان لەلایەن حیزب و دەسەڵاتدارانەوە، پێگە و متمانەی ھەرێمی کوردستانی لە ھەموو ئاستێکی ناوخۆیی و دەرەوەدا لاواز و ناشیرین کردوە، سازکردنی سیناریۆ و دۆسییەی ناڕەوا بووەتە جێگەی گاڵتەجاڕیی. ئاشکرایە چەندیین جار لەلایەن رێکخراوە کانی مافی مرۆڤ و یۆنامیی و کۆنسوڵی وڵاتانەوە لەسەر ئەو دەستێوەردان و پێشێلکارییانە بەرامبەر رۆژنامەنووسان و دەنگە ناڕازییەکان رەخنەیان لێگیراوە و ئاگادار کراونەتەوە".
لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەکەن، بەرامبەر تیرۆری ئازادیخوازان و قاچاخچێتی و گەندەڵی و خیانەت و خاک فرۆشی کەس سزا نادرێت، بەڵکو دەپارێزرێن و ئازادانە دێن و دەچن. هەروەها هۆشداری دەدات، ئەگەر ڕێگە لەم زیهنیەتە خۆسەپێنەی دەسەڵات نەگیرێت ڕەوشەکە خراپتر دەبێت.
تەڤگەری ئازادی داوا دەکات ئەم بڕیارە هەڵوەشێتەوە و دەڵێت: " وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی و یاسایی پێویستە لە دادگای تێھەڵچونەوەدا ئەو بڕیارە ناداد پەروەرانەیە ھەڵبوەشێنرێتەوە، بەوەش دەتوانرێت لانیکەم ئەو شەرمەزارییە کەم بکرێتەوە، کە دادگاکان بەسەریاندا سەپێنراوە".
لەکۆتاییدا بانگەواز لە هەمووان دەکات هەڵوێست وەربگرن و دەڵێت: "داوا لەداد پەروەران و پارێزەرانی خاوەن ھەڵوێست و ئازادییخوازان دەکەین رۆڵی یاسایی و ئەخلاقیی خۆیان بگێڕن و نابێت رێگەبدرێت ئەو ستەم و ملھوڕییە بەردەوامبێت کە ھیچ سەر بەخۆیی و سەرەوەرییەکی بۆ دادگاکان نەھێشتووەتەوە، بەڵکو کراونەتە ئامرازی سزادانی مرۆڤە بەھەڵوێست و ئازادییخوازەکان".