تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان: لە ماوەی مانگێکدا ٧ کەس لە سێدارە دراون

بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی یەک مانگدا لە شاری سنە و ورمێ ٥٢ کەس دەستبەسەر و ٧ کەس لە سێدارە دراون و ٦ کۆڵبەر کوژراون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاماری پێشێلکارییەکانی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ٢٢ی تەمموز تا ٢٢ی ئاب راگەیاند.

بەپێی ئامارەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، ٥٢ کەس لە شارەکانی سنە و ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی تاوانی سیاسی دەستبەسەر کراون و لەو ژمارەیە ٧ کەس سزادراون و ١٠ کەسیش بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کراون. هەندێکی دیکەش تا ئێستا دەستبەسەرن و هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی مانەوەیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، هێزەکانی رژێمی ئێران لە شاری مەهاباد، سەرەڕای ڕێگری لە پرسەی هاوسەرۆکی پێشووی کۆدار شەهید ڕێزان جاوید، (یوسف ڕەبانی)، دایک و براکەی بانگهێشتکراون و فشاریان خستە سەر بنەماڵەی شەهید رێزان ، بۆ ئەوەی بەشداری لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی بکەن و شەهیدبوونی رێزان بخەنە ئەستۆی پژاک."

بەپێی راپۆرتەكە، لە ماوەی مانگێكدا 7 زیندانی كورد بە تۆمەتی "كوشتنی ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەكان" لە سێدارە دراون.

هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ش ده‌كرێت كه‌ له‌م مانگه‌دا به‌هۆی هێرشه‌كانی هێزه‌كانی ئێران ٦ کۆڵبەری كورد كوژراون و ٣٢ کۆڵبەریش بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئێران، کەوتنە خوارەوە و مینەوە بریندار بوون.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، لە شاری کرماشان ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژراوە و ٦ کرێکاریش لە شوێنی کاردا گیانیان لەدەستداوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ئاشکراشی دەکات، لەم مانگەدا ٥ هاوڵاتی و ئەندامی تیمی هەڵگرتنەوەە مین لە شارەکانی بانە و مێهران بە هۆی تەقینەوەی مینەوە بریندار بوون.

ف.ق