سوپای تورکی داگیرکەر لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە بە بەردەوامی چەکی کیمیایی لە دژی ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی گەریلا بەکاردەهێنێت. بەپێی نوێترین ئامار، کە لە ١٧ی تشرینی یەکەمدا لەلایەن هەپەگەوە بڵاوکرایەوە، لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا بەلایەنیکەمەوە دەوڵەتی تورکی داگیرکەر ٢ هەزار ٤٧٦ جار بۆمب و چەکی کیمیایی قەدەغەکراوی بەکارهێناوە.
سوپای تورک بەرامبەر بە تیمە پسپۆڕ و شارەزاکانی گەریلا و تاکتیکی شەڕی سەنگەر – تونێل شکستی هێناوە و لەبەر ئەوەش پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو. ئەم تاوانە جەنگییانە زۆرجار بە ڤیدیۆ و وێنە و شایەتحاڵەکانەوە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) تۆمار کراون و بڵاوکراونەتەوە.
لە مانگی تشرینی یەکەمدا، یەکێتی پزیشکانی نێونەتەوەیی دژ بە جەنگی ئەتۆمی (IPPNW) ڕایانگەیاند، بەڵگەیان دەستکەوتووە و داوایان کرد، لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ دەست پێ بکرێت.
یەکێک لە ئامانجەکانی هێرشە داگیرکارییەکان و هێرشە کیمیاییەکان بۆ سەر ناوچەی بەرخۆدانی وەرخەلی ئاڤاشینە. ڤیدیۆی نوێ لەبارەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی گەیشتوونەتە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF).
لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا، گروپێک لە سەربازانی تورک دەبینرێت، کە دەچنە تونێلەکانی شەڕ لە ناوچەى وەرخەل و چەند سەربازێک، کە گوریسیان پێوە بەستراوەتەوە بەریان دەدەنەوە بۆ سەر دەرگای تونێلەکان.
دوای ئەوەی سەربازەکان ئەو چەکە کیمیاییانەیان خستە ناو دەرگای تونێلەکانی جەنگ بە خێرایی لە شوێنەکە دوورکەوتنەوە.
گازی بێ بۆن و بۆندار
گەریلا زیلان مێردین یەکێکە لەو گەریلایانە، کە یەکەم جار دەستوەردانی لە دۆخی ئەو گەریلایانە کرد، بە چەکی کیمیایی هێرش کرابووە سەریان و بووە شاهیدی ڕووداوەکە. گەریلا زیلان مێردین ڕووداوەکەی بەم وتانەی خوارەوە باس کرد:
"لە تونێلەکانی شەڕی وەرخەل شەڕێکی زۆر سەخت و بەردەوام لە ئارادایە. بە نزیکەی هەموو ڕۆژێک دوژمن بە بۆمبی قورس و بەهێز تەقینەوەی گەورە لە دەروازەکانی تونێلەکانی جەنگ ئەنجام دەدات. لە هەمان کاتدا، گازی کیمیایی بێ بۆن و بۆندار، گازی بیبەر ڕاستەوخۆ، یان پێکەوە بەکاردەهێنن. بەهۆی تەقینەوەکان بە یەکەوە ڕوودەدەن بەڕاستی بە باشی ڕوون نییە چی دەگوزەرێت و ڕووەدات.
هەڤاڵ باز و هەڵبەت لەڕۆژانی جیاوازدا بە چەکی کیمیایی هێرشیانکرایە سەر. دوای ڕوودانی تەقینەوە گەورەکان، هیچ زانیارییەکمان لە هەڤاڵانمان نەبوو. هەڤأڵان خۆیان گەیاندە ئەوان و گواستنیانەوە بۆ شوێنێکی ئارام و پارێزراو. هەڤاڵان تر چوون و ئەم هەڤاڵانەیان هێنا و ڕێوشوێنی خۆیان گرتە بەر و ڕۆیشتن. وتیان: "هەرچەندە لە تەقینەوەکان بۆنی جیاواز جیاواز دەهات، بەڵام بۆنی چەکێکی کیمیایی زۆر جیاوازیان لێدەهات، گازی خۆڵەمێشی و چڕ و ئەستوور بە ژینگەکەدا بڵاوبوویەوە".
کاریگەری لەسەر دەمار هەبوو
زیلان مێردین ڕایگەیاند، کاتێک دوو گەریلا، کە بە چەکی کیمیایی کاریگەر ببوون و هاتنە ژوورەوە، یەکەم نیشانەی لەبیرچوونەوە و بێ هۆشی تیادا بینرا و مێردین لە بەردەوامیدا وتی: "ئەوان بیریان نەدەکەوتەوە، سەرەتا هەڤاڵ هەڵبەت هۆش و بیری نەمابوو، پاشان جوڵەی بێ کۆنترۆلکراو و وەک ئەوەی شێت بووبێت پێدەکەنی. دوای ئەوەش بورایەوە و شەهید بوو.
وتە و قسەکردن و جووڵەی هەڤاڵ هەڵبەست بەبێ کۆنترۆڵی خۆی بوون. گازی چەکی کیمیایی کاریگەریی لە سیستەمی دەماری کردبوو، کاریگەریی لەسەر فیزیۆلۆژیای ئاسایی جەسەتەی کردبوو و سەرکوتی کردبوو و تێکیدابوو. هەڤاڵ لەناکاو زۆر دڵخۆش پێدەکەنی، حاڵەتێکی نائاسایی بوو، ئەوە لە دەروونناسیدا پێی دەوترێت 'ئۆفۆری - oforî ' و بەهۆی ئەو چەکە کیمیاییە، کە لە دژی بەکارهێنراوە تووشی ئەو حاڵەتە بووە، چونکە هەڤاڵ هەڵبەست فەرماندەیەکی پێشەنگ بوو و ئێمە لە مێژبوو دەمانناسی و هەرگیز لە کاتی ئاساییدا شتی وای نەدەکرد.
ئێمە دەزانین ئەو چەکە کیمیاییانە، کە ئەمجۆرە کاریگەرییانە دروست دەکەن لە دەستی دەوڵەتی تورکدایە و ئەوان بەو جۆرە چەکە کیمیاییانە دەڵێن، 'گازی دەمار' و 'گازی بێکاریگەرکردنی سیستەمی جەستە'. گازەکانی تابون، سۆمان و سارین وەک چەکی کیمیایی بەکاردەهێنن. هەرچەندە 'سیستەمی بێکاریگەرکردنی سیستمی جەستە' لە ژینگەی کراوەدا بکوژ نییە، بەڵام کاتێک ڕوناکی و بڵێسەیەکی بەهێز لەناویدا دروست بکرێت دەبێت بە بکوژ. هەروەک لە ناوی ئەو چەکە کیمیاییە دەردەکەوێت، ئامانج ئەوەیە، کە سیستمی دەمار و ئیرادەی ئەو کەسانە، کە لاکەی ترن تێکبچێت و لە شەڕ دەربچن و توانای کۆنترۆڵکردنی خۆیان نەمێنێت".
لەسەر هۆش بوو، جەڵتە لێی دەدا
مێردین ڕایگەیاند، هەمان کاریگەری لەسەر گەریلایەکی تر بە ناوی باز هەبوو و وتی: "کاتێک هەڤاڵان گەیشتنە لای و هێنایان، هیچی بیر نەدەکەوتەوە، لەسەر هۆشی خۆی نەبوو. هەڵوێستی وەک شێتبوون لە خۆی نیشان دەدا. دۆخی بە بەرارود بە هەڤاڵ هەڵبەست قورستر و خراپتر بوو. لەسەر هۆشی خۆی نەبوو. ئێمە نازانین لە چەند خولەکدا، چەند جۆر چەکی کیمیایی کاریگەریی لەسەر دروستکردووە، کاتێک هەڤاڵان گەیشتنە لای، لەسەر زەوی کەوتبوو... دەستمان بە یارمەتیدان و دەستێوەردانی سەرەتایی.
هەڤاڵ باز بە قورسی هەناسەی دەدا. کاریگەرییەکی گەورە لەسەر هەناسەدانی هەبوو. وەک لە ڤیدیۆکەدا دەبینرێت زۆر ئارەقی دەکردەوە و لەرزی لێدەهات. بەوپێیە جەستەی ژەهراوی بووە و هەوڵی دەدا ژەهرەکە فڕێبدات، چونکە کاتێک مرۆڤێک ژەهراوی دەبێت، میکانیزمی بەرگریی جەستەی مرۆڤ دەست بەکار دەکات، هەوڵدەدرێت ژەهرەکە بە شێوەی سروشتی و لە رێگەى عارەق کردنەوە فڕێ بداتە دەرەوە، لەبەر ئەوە تووشی جەڵتە دەبوو. هەڤاڵ باز لە هەناسەداندا زەحمەتیی دەکێشا، لە کاتی هەناسەداندا سیخە سیخ و خوڕە خوڕەی دەکرد و هەناسەی لێدەبڕا".
بەهۆی کیمیاییەوە شەهید بوون
مێردین وتیشی: "هەڤاڵ باز و هەڵبەست و دەمهات تێکۆشین بەهۆی هێرشی چەکی کیمیایی و بۆمبە قەدەغەکراوەکانە بە بەرچاومانەوە شەهید بوون" و لە بەردەوامی دا وتی:
"بە ئیمکانیەت و دەرفەتی کەمی بەردەستمان هەوڵمان دا دەستوەردان بکەین، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانی هەڤاڵام ڕزگار بکەن. دوژمن هەموو جارێک لە شوێنە جیاوازەکاندا بە شێوازی جیاواز و بە چەکە کیمیاییە جۆراوجۆرەکان هێرش ئەنجام دەدات. ئەوەی ئەو ساتە بەسەرماندا هات و ئێستاش بەردەوامە و بەسەرماندا دێت. ئێستاش هەمان ئەو جۆرە هێرشانە لە دژی ئێمە ئەنجام دەدرێت و ئێمە بەرخودان و خۆڕاگری دەکەین. زۆرێک لە هەڤاڵانمان خۆیان لە گۆڕەپانەکانی جەنگ فیداییانە بەرەنگای و بەرخودان دەکەن. با هەموو کەس بزانێت، هەر شەهیدێک ڕق، تووڕەیی، باوەڕ و ئیرادەی ئێمە زیاتر دەکات. بێگومان ئێمە بۆ خاک و یادی شەهیدان تێدەکۆشین و شەڕ دەکەین و سەردەکەوین".
ژ.ت