ئه‌دهه‌م بارزانی داوا له‌ حکومەتی عێراق ده‌كات سنورێك بۆ تاكڕه‌ویه‌كانی په‌ده‌كه‌ دابنێت

ئه‌دهه‌م بارزانی، سه‌ركرده‌ی پێشوی په‌ده‌كه‌ ئاشكرای ده‌كات، هاوسه‌ره‌كه‌ی له‌ بازگه‌یه‌كی په‌ده‌كه‌ ڕاگیراوه‌ و مۆبایله‌كه‌ی ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌، هاوكات داوا له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان و حكومه‌تی عێراق ده‌كات، سنورێك بۆ تاكڕه‌ویه‌كانی په‌ده‌كە دابنێن.

ئه‌دهه‌م بارزانی، سه‌ركرده‌ی پێشوی په‌ده‌كه‌ له‌په‌یامه‌كه‌یدا كه‌ له‌ فه‌یسبوكی خۆی بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، "رۆژی سێشەمە 18ی 7ی 2023 خێزانم، دایکی ھیڤی، بۆ سەردانی کوڕ و کچ و نەوەکانی لەمەسیف بەرێکەوت‌ و لەیەکەم بازگەی مەسیف لەدیوی کۆڕێ-وە بۆ زیاتر لەیەک کاتژمێرو نیو ڕادەگیرێت ‌و ھەموو پێداویستی ‌و کەلوپەلەکانیان بەوردی دەپشکنرێت، پاش ئەوەی کە لەسەری ڕەشەوە فەرمانی ئیزندان بۆ دەچێت، ئەوکات مۆڵەتی چونیان بۆ ماڵەوە پێدەدەن، بەڵام مۆبایلەکانی دایکی ھیڤی‌ و ئەوانەی لەگەڵیدابوون، کە دەکاتە 11 دەزگا، مۆبایلیان لێوەردەگیرێت‌ و تاوه‌کو ئێستاش لەلای ئەوانە ماوە بۆ کۆپی لەسەرگرتن".

ئه‌دهه‌م بارزانی باسی له‌وه‌شكردووه‌، "پاش زیاتر لەساڵێک‌ و دوو مانگ لەئاوارەیی‌ و دەربەدەری کە بەھۆی ھەڵوێستەکانم دژ بەداگیرکاری کوردستان‌، نادادپەروەری ‌و نەبونی ئازادی، بەدەستوری سەرۆکی پارتی لەسەر خاکی باب‌ و باپیران بەناحەق دەرکراوم".

ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌یی پێشوی په‌ده‌كه‌، له‌به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا داوایه‌كی له‌حكومه‌تی عێراق كردوه‌، "سنورێک بۆ ئەم تاکڕەوییە لەخاکی پیرۆزی کوردستان کە خاکی شەھیدان‌ و دەیان ھەزار شۆڕشگێڕ و تێکوشەری وەکو منن دابنێن".

ئه‌دهه‌م بارزانی وتیشی: "ئەگەر گرفتێکتان لەگەڵ من ھەیە لەگەڵ من ببن بەتەرەف نەک لەگەڵ خاتونێک کە تەنها پەرۆشی بینینی مناڵەکانی بوە کە زیاتر لەساڵێکە لەبینینیان بێبەش بوەو ئەوە هۆکاربوە بۆئەوەی پێیەکانی بخاتە ئەو زۆنە بەرتەسکە".

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی ئه‌دهه‌م بارزانی:

بەناوی خوای گەورەو میھرەبان

بۆ/ رای گشتی کوردستان

 بەڕێزان:

حكومەت و پەرلەمانی عێراق

سەرۆکایەتی ھەرێم

حزب و لایەنە سیاسیەکان

باڵیۆز و کونسوڵخانەکان و نوێنەری وڵاتان نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخڕاوەكانی مافی مرۆڤ لە عێراق و کوردستان

ئێوەی بەڕێز ئاگادار دەکەمەوە پاش زیاتر لە ساڵێک و دوو مانگ لە ئاوارەیی و دەربەدەری کە بە ھۆی ھەڵوێستەکانم دژ بە داگیرکاری کوردستان و نادادپەروەری و نەبونی ئازادی. بە دەستوری سەرۆکی پارتی لەسەر خاکی باب و باپیران بە ناحەق دەرکراوم.

رۆژی سێشەمە ١٨-٧-٢٠٢٣، خێزانم دایکی ھیڤی، بۆ سەردانی کوڕ و کچ و نەوەکانی لە مەسیف بەرێکەوت و لە یەکەم بازگەی مەسیف لە دیوی کۆڕێ-وە بۆ زیاتر لە یەک کاتژمێر و نیو ڕادەگیرێت و ھەموو پێداویستی و کەلوپەلەکانیان بە وردی دەپشکنرێت پاش ئەوەی کە لە سەری ڕەشەوە فەرمانی ئزن دان بۆ دەچێت، ئەوکات مۆڵەتی چونیان بۆ ماڵەوە پێدەدەن، بەڵام دەزگا مۆبایلەکانی دایکی  ھیڤی و ئەوانەی لە گەڵیدابوون کە دەکاتە ١١  دەزگا، مۆبایلیان لێوەردەگیرێت و تا کو ئێستاش لەلای ئەوانە ماوە بۆ کۆپی لە سەر گرتن .

من داوا لە ھەموو لایەنەکان و حکومەتی عێراق دەکەم کە سنورێک بۆ ئەم تەکڕەووییە لە خاکی پیرۆزی کوردستان کە خاکی شەھیدان و دەیان ھەزار شۆڕشگێڕ و تێکوشەری وەکو منن دابنێن.

لە ھەمان کاتدا بە ھەموو ھاوڵاتیانی خۆشەویست دەڵێم ئەمانەی کە ئەم رفتارەیان لەگەل خێزانم کردووە چ ئەم خاتونە بێت چ خاتونی ھەر ھەژار و شەھیدێک بێت لە لای من وەک یەکن و کە ھاتن لە ئۆتۆمبێلیان دابەزاندووە و بابەت بە بابەت پشکنینیان بۆ ھەموو پێداویستیە تایبەتەکانیان کردووە، ئاخۆ چی لە خەڵکانێکی تر دەکەن یاخود کردوویانە و دەبینین کە سەرانی بەعس بە خێزانیانەوە موعەزز و موکرەم دە سورێنەوە لە پایتەختمان .

ئەمە لەکاتێکدایە کە من ھیچ پەیوەندیەکی سیاسی و حزبیم بەو حزبەوە نەماوە و ئەگەر کارێکی سیاسی لە سەر گۆڕەپانی کوردستان و عێراق ئەنجام بدەم مافی ڕەوای خۆمە و ئەنجامی دەدەم وەک ھەر ھاوڵاتیەک کە یاساکانی کوردستان و دەستوری عێراق بە ھەمومانیداوە.

ئەگەر گرفتێکتان لەگەڵ من ھەیە لەگەڵ من ببن بە تەرەف نەک لەگەڵ خاتونێک کە تەنیا پەرۆشی بینینی مناڵەکانی بوە کە زیاتر لە ساڵێکە لە بینینیان بێبەش بووە و ئەوە هۆکاربوە بۆئەوەی پێیەکانی بخاتە ئەو زۆنە بەرتەسکە، لەھەمان کاتدا من سوپاسی ھێزە ئەمنیەکانی زۆنی تر دەکەم کە بەڕێز و ئیحترامێکی زۆرەوە بەڕێکران بوون.

براتان ـ ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی

ژ.ن