لە ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی ھاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادییدا هاتووە: ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ئێستا و دیوانی سەرۆکایەتی کۆنگرە لە خولەکانی پێشودا، ھەڤاڵی ھێژامان سوھەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شارۆچکەی کفری تیرۆر کرا، بێگومان ئەم تیرۆرە ھێرش و دەستدرێژیە بۆ سەر بزوتنەوەکەمان و بە دڵنییاییەوە بێ وەڵام نامێنێتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، مامۆستا جگە لە ئەرک وبەرپرسیارێتی سیاسی وەکو کادرێکی فیداکار و ڕەنجدەری تەڤگەرەکەی لەھەمان کاتدا نوسەر و مێژونوس و جوگرافیاناس و فەرمانبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی کفری بووە و جێگە دەست و خزمەتەکانی بێسنورە و لە بەرچاوە، ھەڤاڵی شەھیدمان ھیچ کێشەیەکی لە بواری ژیانی و کۆمەڵایەتیدا نەبووە، ئەم تیرۆرە تیرۆری دەوڵەتی داگیرکاری تورکیایە بە ھاوکاری خیانەتکارانی ناوخۆیی،
دەستەی ھاوسەرۆکایەتی تەڤگەری ئازادیی دەڵێت:ئەم تیرۆرە و تیرۆرەکانی تر پێمان دەڵێت دوژمنانی گەلی کورد و ئازادی، ئازادانە کردە تیرۆرستیەکانیان ئەنجام دەدەن و دەرباز دەبن، ئەرکی دۆزینەوە و ئاشکرا کردنی بکوژانی مامۆستا شەماڵ لە گەردنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئاسایش و دەزگا ئەمنیەکانی گەرمیاندایە و پێویستە ھەرچی زووە بکوژان ئاشکرا و دەستگیر بکەن، لەو پێناوەشدا ھەموو ئەرکێکی ھەڤاڵێتی و ئەخلاقی و ویژدانیمان جێبەجێ دەکەین.
بانگەوازی بۆ ئازادیخوازان و گەلی وڵاتپارێز و لایەنە دیموکراتخوازەکان دەکەن، خاوەنداری لە شەھیدی خۆیان بکەن، ئەوەشهاتووە: لە ئەگەری خاوەن دەرنەکەوتن لە شەھیدان، ئەم تیرۆرە لەدەرگای تاک بە تاکی ئازادیخوازان دەدات، سۆز دەدەین بەردەوام بین لە خەبات لە پێناو خەون و ئاوات و ئامانجەکانی شەھیددا و بەڵێن دەدەین خوێنی ھەڤاڵی ئێمە باجەکەی گران دەبێت
دوانیوەڕی ئەمڕۆ، دوای گەڕانەوەی لە دەوامی فەرمانگەكەی، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا، سوهەیل خورشید ناسراو بە مامۆستا شەماڵ، نووسەر و ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادیی لە كفری تیرۆركرا.
ف.ق