ئەنجومەنی شەنگال: هێرشەکە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی میت و پەدەکەیە

ئەنجومەنی خۆبەرێوەبەری شەنگال نارەزایی بەرانبەر هێرشەکەی شەوی رابردووی شەنگالی پیشاندا و گوتی، " هێرشەکە ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی میت و پەدەکەیە." و بانگەوازی بۆ بەشداریکردن لە رێپێوانەکەی ئەمڕۆ کرد.

ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال ، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە وتیایدا دەڵێت “لە شەنگال پیلانی جدی هەیە بۆ لەناوبردن، ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی میت و پەدەکەیە لەسەر گەلەکەمان ئەنجامی دەدەن، دەیانەوێت بەم هێرشانە ڕێگری لە گەڕانەوەی هاوڵاتیان بۆ شەنگال بکەن”.

 ئەوەشی وتووە: بەو هێرشە هاوبەشانەی میت و پەدەکە مەبەستیانە ڕێگە لە گەشەکردنی ئیرادەی ئازادانەی کۆمەڵگاکەمان بگرن لەم چەند ڕۆژەی دواییدا چەندین هێرش دژی شەنگال ئەنجامدراون و حکومەتی عێراقیش بێدەنگ بووە.

دەڵێت: هێرشی ئاسمانی کرایە سەر ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە شەنگال و تیایدا موحسین شەمۆ هیتۆ، لە کۆمەڵگەی گرزەرک شەهید بوو و ژنێک برینداربوو. بەناوی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری شەنگالەوە سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهید و چاکبونەوەی بریندارەکە دەخوازین.

لە بەشیکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ئەمە پیلانێکی مەترسیدارە لە دژی هەموو ئێزدیەکان. لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە گەلەکەمان دەکەین بێدەنگ نەبن بۆ ئەو مەبەستەش ئەمڕۆ کاتژمێر ٩:٠٠ گەلەکەمان لەبەردەم بینای ئەنجومەنی گەل لە شەنگال ئامادە دەبن و ڕێپێوانێک دەستپێدەکەن."

ف.ق