ئارژین نیشتیمان: لە دەوری ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژن یەکبگرن و خۆتان بپارێزن

ئارژین نیشتیمان گەریلای هەپەژە داوای لە ژنانی کورد، فارس، عەرەب، ئازەری و بەلووچ کرد کە لە دەوری ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژنان یەکبگرن و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە ژنان مافی بەرگریکردن لە خۆیان بەکاربهێنن.

ئارژین نیشتیمان گەریلای هێزەکانی پاراستنی ژنان (هەپەژە) باسی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کرد. سەرەتا ژینا ئەمینی و هەموو شەهیدانی راپەرینەکەی بەبیرهێنایەوە و دەوڵەتی ئێرانی شەرمەزار کرد.

'شۆڕش کاریگەری لەسەر جیهانداناوە'

گەریلا ئارژین نیشتیمان ئاماژەی بەوەدا کە ئامانج و خەونی شەهیدان پێویستە ببێتە هەوێنی بەهێزکردنی خەبات بۆ هەموو لایەک و وتی: سەرەتا پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدان و سەرجەم گەلی ئازادیخواز دەکەین. ئیدیعا و ئامانج و خەونی شەهیدان پێویستە ببێتە هەوێنی بەهێزکردنی خەبات بۆ هەموو لایەک. ئێمە ئەم ڕاپەڕین و ڕەوتی شۆڕشە پیرۆز دەکەین کە لەم قۆناغەدا پەرەی سەند. ئەم دینامیزمە کە بە سەرکردایەتی ژنان دەستی پێکردووە و بەردەوامە، پێویستی تێگەیشتنێکی باش هەیە. چونکە ئێمە دەڵێین ژن ژیانە،  ژن ئازادی کۆمەڵگایە، ئەم پڕۆسەیە بە سەرکردایەتی ژنان زۆر گرنگە. بە تایبەتی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم پرۆسەیەدا پێشەنگایەتیەکی ستراتیژییان گرتەبەڕ و هەموو ژن و پێکهاتەکانی ئێرانیان لە دەوری خۆیان کۆکردەوە . لە ڕاستیدا ئەم شۆڕشە نەک تەنها ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵکو هەموو جیهانی گرتەوە.

'ژنێکی کورد بووە بناغەی یەکێتی گەلان'

گەریلا نیشتیمان ڕایگەیاند کە تیرۆرکردنی ژینا ئەمینی بە شێوەیەکی سیستماتیک و بە ئەنقەست لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە ئەنجامدراوە و بەم شێوەیە درێژەی بە قسەکانیدا: "لەم کۆمەڵکوژییەدا بە پێی حیسابات و بەرژەوەندییەکانیان دوو شت هەبوون". یەکێک، ژینا ژن بوو؛ دووەمیان کورد بوو. وەک هەمیشە لەم کارەدا بە ڕوونی نیشانیاندا کە چەندە دژی ژنان و گەلی کوردن. چەندە دژی گەلانن. بەڵام ئەم ڕووداوە ئەوەی پیشاندا کە بە سەرکردایەتی ژنێکی کورد و گەلی کورد لە کوردستان و ئێران، بنەمای یەکگرتوویی گەلان، بنەمای شۆڕشی کۆمەڵایەتی پەرەی سەند. لە سەر ئە م بنەمایە هەموو ژن و کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێکەوە ، هەستان و لە پێناو مافە ڕەواکانی خۆیان دەستیان بە بەرخۆدان کرد. چونکە ئەم دینامیکیە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سیستەمی ئێران، بە شێوەیەکی دڕندانە و نامرۆڤانە هێرش دەکەنە سەر گەل و دەیانکوژن. گەلانیش لە دژی دەوڵەتی ئێران بەرگرییان لە خۆیان کرد و شۆڕشیان بڵاوکردەوە”.

ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی

گەریلا نیشتیمان سەرنجی بۆ سیاسەتی قڕکردن ڕاکێشا و وتی: لە سەرەتای دەوڵەتی ئێرانەوە تا ئێستا سیستمی سەپاندن جێبەجێ کراوە. ئەم سیستمە بەردەوامە لە دەستبەسەرداگرتنی بەها کەلتووری و مێژوویی و کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی کورد و عەرەب و بەلووچ و ئازەری بە هەموو شێوەیەک. لە هەمان کاتدا ژنان بەهۆی ناسنامەی شەریعەتیەکەیەوە قبوڵ ناکات. حکومەتی ئێران، بە سیاسەتەکەی، ویستی کۆمەڵگا بترسێنێت و هەموو ئەو بەهایانە لەناو ببات کە هەبوونی گەلانن و کۆمەڵگایەکی هاوچەشنی وابەستە بەوەوە بنیات بنێت. سەرەتا پێویستە ژنان و پاشان هەموو کۆمەڵگا لە دژی ئەم تێڕوانینە بەرخۆدان بکەن. ئەمەش تەنها بە رێکخستنێکی بەهێز دەکرێت. کۆمەڵگە بە رێکخستنێکی بەهێز دەتوانێت بەرەنگاری هەموو فشار و سەختییەکان ببێتەوە و دەتوانێت ژیانێکی ئازاد و دیموکراسی بنیات بنێت."

' ئازادی کۆمەڵگە وابەستەی ئازادی ژنانە'

ئارژین نیشتیمان گەریلای هەپەژە باسی ئەرک و بەرپرسیارێتی ژنان کرد و وتی: ئێمەی ژنان پێویستمان بەوەیە هێز لە ڕەگ و ڕیشەی خۆمانەوە، لە مێژووی خۆمانەوە وەربگرین و ڕۆڵی مێژووییان بگێڕین. وەک چۆن ژیان بە دەستی ژن بنیات نراوە و بەرەو پێشەوە چووە، ڕزگارکردن لە سیستەمی پیاوسالاری دووبارە بە دەستی ژن دەبێت. ئێمە دەزانین کە ڕۆڵ و ئەرکی ئێمە ستراتیژییە چ لەم پرۆسەیەدا و چ بە درێژایی مێژوو. ڕێبەر ئاپۆ دەڵێت، تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگا ئازاد نابێت! چونکە ئازادی کۆمەڵگا پەیوەستە بە ئازادی ژنەوە، ئەرک و بەرپرسیارێتییەکی گەورە دەکەوێتە سەر شانی ژنان. لەسەر بنەمای ئەو پرەنسیپانە، رێکخستنێکی بەهێز لەدژی سیستمی مۆدێرنیتە سەرمایەداری و بەتایبەتی دژی دەوڵەتی ئێران پێویستە بە سەرۆکایەتی ژنان بنیات بنێن و بە هەموو شێوەیەک بەبێ وەستان لەدژی سیاسەتی دەسەڵات بجەنگین. چونکە بۆ ئێمەی ژن جگە لە بەرخۆدان و ڕێکخستن و خەبات هیچ ڕێگایەکی تر نییە. بۆ هەموو مافە ڕەواکانمان و ژیانێکی ئازاد، هەوڵەکانمان دەبنە بنەمای سەرکەوتن.

'ژن، ژیان، ئازادی بووە بناغەی شۆڕش'

گەریلا نشتیمان ئاماژەی بەوەدا کە دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' فەلسەفە و ئایدۆلۆژیای ژیانی ئازادە و وتی: ڕێبەر ئاپۆ کاتێک ئەم ئایدۆلۆژیایەی پەرەپێدا، دیالێکتیکی نێوان ژن و ژیان و ئازادیی بینی و ئەمەشی کردە بناغەی تێکۆشان. ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ئێرانیش ئەم دروشمە یان ئەم ئایدۆلۆژیایە بووەتە هەوێنی ئەم شۆڕشە. ئەم ڕاستییە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خەڵکی ئەم هەرێمە سەرنجی پەیوەندی نێوان سروشتی مرۆڤایەتی و ئەم ئایدۆلۆژیایەیان بینیوە و ئەم ئایدۆلۆژیایەیان کردووە بە بناغەی خەباتێکی گەشاوە. ئەم هەنگاوە هەنگاوێکی هێندە گەورە بوو دژ بە دەوڵەتی ئێران کە ئێستا ئێران لە ڕەگ و ڕیشەوە دەلەرزێنێت. بۆ ئەوەی ئەم شۆڕشە بە دی بێت، پێویستە تێکۆشان ڕۆژانە فراوانتر و گەورەتر بکرێت."

بانگەوازی بۆ بەهێزکردنی تێکۆشان

ئارژین نیشتیمان گەریلای هەپەژە ڕایگەیاند کە ئەوان وەک گەریلاکانی هەپەژە پشتگیری لەو هەڵمەتە دەکەن کە لەلایەن کەژارەوە دەستیپێکردووە و بەم شێوەیە کۆتایی بە قسەکانیهێنا: "پێویستە ژنانی کورد، فارس، عەرەب، ئازەری و بەلووچ لە دەوری ڕۆشنایی ئایدۆلۆژیای ڕزگاریخوازی ژنان کۆببنەوە و بە رێنماییەکانی ئەم هەڵمەتە لەسەر ڕێگای ئازادی خەبات بکەن. بانگەوازی من بۆ ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ئەوەیە کە بە ئیرادەیەکی بەهێزەوە خۆڕاگری و خەباتیان پەرە پێبدەن، مافی بەرگریکردن لەخۆیان بەکار بهێنن و تاوەکو تاجی سەرکەوتن لەسەر نەکەن، رانەوەستن."

ف.ق