بە دیمەن

ئادەم ئوزون بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد: لە ئیمراڵی یاساکان جێبەجێ ناکرێن!

سیاسەتمەداری کورد، ئادەم ئوزون لە کۆنفرانسی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان قسەی کرد، ڕایگەیاند لە ئیمراڵی سیستەمی ئەشکەنجە دامەزراوە و بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد دەستبەجێ سەردانی ئیمراڵی بکات.

لە چوارچێوەی ٥٧ هەمین دانیشتنی مافەکانی مرۆڤی کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ٧ ی ئەیلول دەستی پێ کرد و تا ٧ ی تشرینی یەکەم بەردەوامە، لەلایەن بزووتنەوەی دۆستایەتی نێوان گەلان دژی نەژادپەرستی (مراپ) بە ناونیشانی "مافەکانی مرۆڤ لە تورکیا _ تاوانەکان دژی گەلی کورد بەردەوامە"، کۆنفرانسێک ئەنجامدرا. لە کۆنفرانسەکەدا تاوانە مێژوویەکانی دەوڵەتی تورک دژی گەلی کورد و هەلومەرجی گۆشەگیری ڕەهای سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان تاوتوێ کرا. شارەزای مێژوو لە زانکۆی زیوریخ، پرۆفیسۆر هانس_لوکاس کیسیر، پەرلەمانتاری دەم پارتی جەنگیز چاندار، ئەندامی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) ئادەم ئوزون وەک قسەکەر بەشداری کۆنفرانسەکە بوون.

نوێنەری هەمیشەیی مراپی نەتەوە یەکگرتووەکان، جیان فرانکۆ فاتۆرینی کۆنفرانسەکەی بەڕێوەبرد.

پرۆفیسۆر کیسیر: تورکیا خاوەنی نەریتێکی پەراوێزخەرە

پرۆفیسۆر هانس_لوکاس کیسیر تیشکی خستەسەر ڕیشە مێژووییەکانی تاوانەکان دژی گەلی کورد، گوتی: "بۆ تێگەیشتن لە فشار و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک کە لە تورکیا و دەرەوەی تورکیا دژی گەلی کورد کردوویەتی، پێویستە بڕوانینە ڕیشەی مێژووییان".

ئاماژەی بەوە کرد دەوڵەتی تورک خاوەنی نەریتێکی پەراوێزخستن و حیساب نەکردنە بەرامبەر کەمەنەتەوەیەتییەکان و گوتی: "بەم مانایە، تاوانەکان دژی گەلی کورد نوێ نین، ئەم تاوانە ڕیشەیی مێژووییان هەیە".

لەکۆتاییدا گوتی: "لە پەیماننامەی لۆزان هیچ حیسابێک بۆ کوردان نەکرا، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ لە چوار پارچەی کوردستان ڕووبەڕووی سیاسەتی نکۆڵی دەبنەوە".

جەنگیز چاندار: سیاسەتی داگیرکاری هەیە

پەرلەمانتاری دەم پارتی جەنگیز چاندار ئاماژەی بەوە کرد لەم ڕەوشەی ئێستەدا ناکرێت باس لە هەبوونی دیموکراسی لە تورکیا بکرێت، تیشکی خستەسەر سیاسەتی دەوڵەتی تورک لە سوریا، گوتی: "تورکیا لە بواری سەربازییدا هەبوونی خۆی لە سوریا درێژە پێ دەدات. چەندین هەرێمی کوردی داگیرکراون و لەلایەن تورکیاوە کۆنتڕۆڵ کراون".

جەختی کردەوە، سەرەڕای قەیرانی ئابووری، تورکیا زۆربەی داهاتەکەی بۆ شەڕ خەرج دەکات.

هەروەها تیشکی خستەسەر پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕژێمی ئەردۆگانەوە.

ئادەم ئوزون: لە ئیمراڵی هیچ یاسایەک جێبەجێ ناکرێت

ئەندامی کەنەکە ئادەم ئوزون ڕایگەیاند مێژووی تورکیا بە قڕکردنی کەمەنەتەوەیاتییەکان دەناسرێتەوە، ئەم قڕکردنە ئەمڕۆش بەردەوامە، گوتی: "دژی گەلی کورد، نەوەک هەر سیاسەتی قڕکردنی جەستەیی، بەڵکو سیاسەتی قڕکردنی کەلتووری و سیاسیی بەردەوامە".

تیشکی خستەسەر هەلومەرجی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گوتی: "ئەوە ٤٢ مانگە هیچ زانیارییەک دەربارەی عەبدوڵا ئۆجالان نییە کە ملیۆنان مرۆڤ لە چوار لای جیهان بە ڕێبەری خۆیان قبووڵی دەکەن. ئۆجالان بە تەواوی لە ڕەوشێکی ڕەهای نەبوونی زانیاریی دایە. دەوڵەتی تورک لە ئیمراڵی هیچ یاسایەک جێبەجێ ناکات، بە ئاشکرا هەموو پەیماننامە گەردوونییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا و پەیماننامەی ژنێڤ و ڕێساکانی نیلسۆن ماندێلا پێشێل دەکات".

"عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەر پێشکەش دەکات"

ئادەم ئوزون ڕایگەیاند بناغەی زۆربەی کێشەکانی تورکیا، پێداگرییە لەسەر چارەسەرنەکردنی پرسی کورد، سەرەڕای هەوڵەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، دەوڵەتی تورک خۆی بەدوور دەگرێت لە چارەسەری پرسی کورد، گوتی: "کوردستان لەنێوان ٤ دەولەت دابەشکراوە. بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و هێزەکانی ئەوروپا ئەم دابەشکردنەیان ئەنجامداوە. ئەم شەڕەی دەوڵەتی تورک دژی گەلی کورد، بە پشتگیری ئەمریکا و ئەندامانی تری ناتۆ بەڕێودەچێت".

هەروەها تیشکی خستەسەر پێشنیار و ڕامانەکانی چارەسەر کە لەلایەن ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانەوە پێشکەشکراوە، گوتی: "چوارچێوەی ئەو چارەسەرە سیاسییەی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ پرسی کورد پێشکەشی کردووە، دەتوانێت کۆتایی بە شەڕ و ستەمی سەد ساڵە لە تورکیا و وڵاتانی دەوروبەر بهێنێت. دیسان بەڕێز ئۆجالان بە تیۆرەکانی چارەسەری بنەڕەتی و ئەڵتەرناتیڤی نوێ پێشکەش دەکات بۆ ئەو کێشانەی ئەمڕۆ ڕووبەڕووی دەبینەوە".

"پێویستە کۆتایی بە سیستەمی ئەشکەنجەی ئیمراڵی بێت"

ئوزون ڕایگەیاند سەلامەتی و تەندرووستی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان جێگەی نیگەرانییەکی مەزنە، گوتی: " لە گۆڕەپانی نێونەتەوەییدا گۆشەگیری وەک ئەشکەنجە سەیر دەکرێت. زیاتر لە ٣ ساڵ بەردەوام بوون لەم ئەشکەنجەیە، زۆر مەترسیدارە. ئێمە جگە لە "سزای دیسپلین" و هەڕەشەی کوشتنی ئەم دواییە بۆ پێشگرتن لە کۆبوونەوەکان، هیچ لەبارەی چارەنووسی ئۆجالانەوە نازانین".

ئادەم ئوزون ڕایگەیاند چیتر ناکرێت ئەم سیستەمی ئەشکەنجەیە بەردەوام بێت، بڕیارەکانی کۆمیتەی ڕێگری لە ئەشکەنجەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی دەربارەی ڕەوشی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بیرهێنایەوە.

"پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان دەستبەجێ هەڵوێست وەربگرێت"

ئادەم ئوزون ڕایگەیاند پێویستە دامەزراوە نێونەتەوەییەکان و بەتایبەت نەتەوە یەکگرتووەکان چیتر دەربارەی هەلومەرجی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بێدەنگ نەبن، گوتی: "پێویستە ڕێگە بدرێت ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان چاوی بە پارێزەر و بنەماڵەکەی بکەوێت، بۆ چارەسەری پرسی کورد ڕۆڵ بگێڕێت، هەلومەرج بڕەخسێنرێت و ئازاد بکرێت. پێویستە کۆنسەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستبەجێ شاندێک بنێرن بۆ ئیمراڵی و هەلومەرجی ئەشکەنجەی سەر ئۆجالان کۆتایی پێ بهێنرێت. ئەگەر دەوڵەتی تورک درێژە بەم ڕەوشە بدات، پێویستە سزای بەرچاو بەسەر تورکیا بسەپێنرێت".