'لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان پێویستی هەمووانە'

وەزیری پێشوی ناوخۆ و دادی ئایسلەندا ئۆگموندور جۆناسۆن باسی لەوەکرد لابردنی گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان کاریگەری دەبێت لەسەر هەموو جیهان.

گۆشەگیرکردنی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ەوە بەردەوامە، لە ترسی کاریگەرییەکانی ئایدیا و بیرۆکەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، ماوەی ٤٢ مانگە بەتەواوی لە ژێر سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیری ڕەهادایە و هیچ زانیارییەک لە بارەیەوە نیە. لە بارەی کاریگەرییەکانی سیستەمی گۆشەگیریی ئیمراڵییەوە وەزیری پێشوی ناوخۆ و دادی ئایسلەندا ئۆگموندور جۆناسۆن کە بەشداربووە لە کۆنفرانسی ئاشتی و دیموکراسی بەرلین، بۆ ئاژانسمان قسەیکرد و ئاماژەی بەوەدا سیستەمی گۆشەگیری کاریگەری لەسەر بارودۆخی ئاشتی هەموو جیهان و بەتایبەت لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.

لە دەستپێکی قسەکانیدا ئۆگموندور جۆناسۆن ئەوەی بیرهێنایەوە سیستەمی گۆشەگیری ئیمراڵی لە ساڵی ١٩٩٩ەوە بەردەوامە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو لە قسەکانی: "گۆشەگیری ئیمراڵی وا چارەکە سەدەیەکە بەردەوامە، ئەمەش هەرچۆن هەڵسەنگاندی بۆ بکەی دۆخێکی جدییە. کاتێک لەڕووی شەخسییە لە بابەتەکە بڕوانین بەڕاستی جۆرێکە لە ئەشکەنجە. ئەمەش پێچەوانەی پەیمانی مافەکانی مرۆڤە، هەر بۆیە دۆخێکی جدی و پێشلکارییە. وە جگە لەوەش ئەم دۆخە لە دژی هەموو کورد و گۆشەگیرکردنی گەلی کوردە."

'تەڤگەری ئازادی بۆ مافی دیموکراتیکی کوردان و مافی مرۆڤ تێدەکۆشێت'

لە بەردەوامیدا ئۆگموندور جۆناسۆن ئاماژەی بەوەدا هەموو کەسێک عەبدوڵا ئۆجالان وەک سەرۆکی تەڤگەری ئازادی کوردستان دەناسێت و وتی: "تەڤگەری ئازادی بۆ مافی دیموکراتیکی، سیاسی، کولتوری کوردان و مافەکانی مرۆڤ تێدەکۆشێت. پەیامی ئەنقەرە بە گۆشەگیری ئیمراڵی پەیامێکە بۆ کوردان کە پەیوەندی بە تێکۆشانی ئازادییەوە هەیە. هەر بۆیە کوردان گۆشەگیری ئیمراڵی وەک گۆشەگیری لەسەر هەموو کورد دەبینین. هەوڵدانێکی مافدارە کە مرۆڤ پەیوەست بە ڕژێمی ئیمراڵی قسەبکات، پێویستە کۆتایی بە ڕژێمی ئیمراڵی بهێنرێت."

لە درێژەدا ئۆگموندور جۆناسۆن سەرەنجی خستەسەر ڕاپۆرتی ٢٠١٩ی سی پی تی و باسی لەوەکرد لەو ڕاپۆرتەدا داواکرا بەتەواوی کۆتایی بە ڕژێمی گۆشەگیری بهێنرێت، بەڵام شتێکی وا ڕووینەدا چونکە تورکیا و ناتۆ ئاشتییەکی مەرجدارییان دەوێت.

'ئاشتی لە کوردستان دەچەسپێنین؛ لە جیهاندا بڵاوی دەکەینەوە'

لە کۆتاییدا ئۆگموندور جۆناسۆن ئاماژەی بە گرنگی بونیاتنانی تۆڕی تێکۆشانی نێونەتەوەی کرد و وتی: "وەک چۆن ئەوەی هێزە ئیمپرالیستەکانیش کردوویانە، هاوکاری دەکەن. پێویستە ئێمەیش هەمان شت بکەین، خەباتی مرۆڤایەتی بکەین. کاتێک لە مێژوو دەڕوانین، دەبینین سەرکەوتودەبێت.

تەڤگەرەکان بەم شێوەیە سەردەکەون. بە خۆپیشاندان و کاری جەماوەری ئامانجی تەڤگەرەکان سەردەکەوێت، هەروەک ئەوەی لە ساڵی ١٩٨٠دا کاتێک ئەمریکا دەیویست سیستەمی موشەکی لە ئەڵمانیا جێگیربکات، بەڵام بە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری ڕیگە لەو هەوڵە کرا و تەڤگەرە جەماوەرییەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنان.

بۆیە هیوادارم لە بابەتی عەبدوڵا ئۆجالانیشدا هەمان کار بکەین، چونکە لە ئێستادا لە هەموو جێگەیەکی جیهاندا دۆخێکی هەستیار و شەڕ هەیە، گەر قۆناغی ئاشتی دەستپێکرێتەوە، وە کۆتایی بە گۆشەگیری ئیمراڵی بهێنرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە کاریگەی لەسەر ئاشتی جیهانی دەبێت. ئامانجەکە هاوشێوەیە تیۆری دۆمینەیە؛ لە کوردستانەوە دەست بە ئاشتی دەکەین و دواتر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا بڵاوی دەکەینەوە. جیهان هەموو پێویستییەکی بەمە هەیە، یانی ئەمە نەک بە تەنها پێویستی کوردانە، بەڵکو هەموو مرۆڤایەتی پێویستی بە کۆتایهێنان بە گۆشەگیری سەر عەبدوڵا ئۆجالان هەیە."