سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادیدا سەپێنرا
زیندانی سیاسیی کورد و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) وریشە مورادی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
زیندانی سیاسیی کورد و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) وریشە مورادی، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
زیندانی سیاسیی کورد و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار) وریشە مورادی، لەلایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی "بەغی" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ١٠ی تشرینی دووەم، بڕیاری لەسێدارەدانی وریشە مورادی بە پارێزەرەکانی ڕاگەیەندراوە. لە کاتی دانیشتنەکانی دادگادا ڕێگەی پێنەدرا بەرگری لە خۆی بکات و دادوەر سەڵەواتی تەنانەت ڕێگەی نەدا پارێزەرەکانیشی بەرگری لێ بکەن. هەروەها پارێزەرەکان کە مافی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیان لێ زەوت کرابوو، دوای کۆتایی هاتنی دووەمین دانیشتنی دادگا، توانیان تەنها بۆ چەند کاتژمێرێک لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی موەکلەکەیان بکەن.
سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی لە کاتێکدایە کە پێشتر لە سزانامەکەدا داوای جێبەجێکردنی مادەی ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی کرابوو کە ئەوپەڕی سزاکەی ١٥ ساڵ زیندانییە، بەڵام دادوەر سەڵەواتی لە پرۆسەیەکی نایاساییدا و بەپێی مادەی ٢٨٧ی هەمان یاسا سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاند. ئەم دادوەرە لە ڕێکەوتی ٦ی ئایاری ٢٠٢٤ ـەوە وریشە مورادی لە مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵە بێبەش کرد.