لە راگەیەندراوێکدا مەجلیسی پەژاک برینەوەی سزای لەسێدارەدانی بۆ وەریشە مورادی (جوانا سنە) چالاکوانی مافەکانی ژنان و ئەندامی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار) شەرمەزار کردووە و ئەو سزایەشی بە هێرشێک بۆ سەر تەواوی کۆمەڵگە و گەلانی ئێران ناوبردووە.
دەقی راگەیەندراوەکەی پەژاک بەم جۆرەیە:
"هەڤاڵ وەریشە مورادی (جوانا سنە) رۆژی ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣ (١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤) لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری سیستمی سەرکوتکاری ئێرانەوە بە بڕیارێکی دژە ژنانە و دژە مرۆڤانە، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەسەڵاتی دادوری رژێم لە دانیشتنی دۆسیەکەدا مافی بەرگری لە خۆکردنی ئازادانە و رەوای بە هەڤاڵ جوانا نەدا. مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بڕینەوەی ئەو سزا ستەمکارانەیە بۆ هەڤاڵ جوانا سنە بە توندی شەرمەزار دەکات و ئەو سزایە وەک لێدانی گورزێک لە تەواوی کۆمەڵگە و گەلانی ئێران دادەنێت.
کردەوەی بێباکانەی سیستمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرکردنی سزای لەسێدارە بۆ تێکۆشەران و چالاکوانان، لەمڕۆدا بە ئاماری جێگەی داخ و پەژارە بەردەوامە. سزای سێدارە هێندەی دژە مرۆڤانەیە، دژە ژنانەشە و سیستمی ئێران بە ئاراستەی شەڕ لە دژی کۆمەڵگە بێباکتر دەکات. ئەم هەڵوێستە دژە کۆمەڵگایی و دژە ژنانیەی سیستمی ئێران لەمڕۆدا بووەتە بابەتێکی بەردەوام گەرمی جیهانی و لە کاتێکدا هەڵمەتەکانی زیندانیانی سیاسی وێڕای هەبوونی پشتیوانی جەماوەری و پاڵپشتی ئازادیخوازان بە دروشمی "نا بۆ سێدارە" بەردەوامە، بەڵام ئامادە نییە بۆ ساتێکیش بێت لە بەرامبەر کاردانەوە جەماوەری و نێونەتەوەییەکان پاشەکشێ بکات و دەستبەرداری ئەو کردەوانەی بێت. بەم دژایەتی کردنەی ژنان و سەپاندنی سێدارە، بە راشکاوی رایگەیاندووە، کە پێداگرانە نایەوێت دەنگی خەڵک و گەلان ببیستێت، لە هەمان کاتدا هەوڵەکانی بۆ کپکردنی دەنگی خەڵک شکست بووە و ئەم رێچکەیەی گرتوویەتیەبەر بەرەو هەڵدێر و لەناوچوونە.
دەرکردنی سزای سێدارە بۆ هەڤاڵ جوانا سنە سەلمێنەری شەڕی دەسەڵاتە لە دژی کۆمەڵگەی مەدەنی و گەلان و بە دڵنیاییەوە لێکەوتەی قورسی دەبێت، چونکە زیانە وێرانکارەکانی بەرۆکی سەرجەم کۆمەڵگە دەگرێتەوە. ئەم سیستمە دەبێت بزانێت کە لە کاتێکدا قەیرانە سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیەکان لە ئاستێکی تۆقێنەردا کەڵەکەبوون، بە پەنابردن بۆ دیپلۆماسی و نەرمینواندن لە دەرەوە و سەرکوتی بێبەزەییانە و بەردەوام لە ناوخۆ بە دوور لە هەموو بەهایەکی مرۆیی، ناتوانێت ئەنجامە دەسەڵاتخوازانەکانی بپێکێت. ئەم رێبازە مەترسیدارە، رێک پەلکێشکردنی سەرجەم گەلانی ئێرانە بەرەو لێواری هەڵدێر، هەربۆیە لەلایەن گەلان و کۆی کۆمەڵگەوە ئەم کردەوە و هەڵسوکەوت و سیاسەتانە مایەی قەبوڵکردن نیین. گەلانی ئێران لەم بارەوە و لە قۆناغی هەنوکەییدا چەندین جار دەنگی دادخوازانەیان گەیاندووەتە بەر گوێی جیهان. دەرکردنی سزای لەسێدارە بۆ زیندانیانی سیاسی، ئەوەی سەلماندووە کە سیستمی ئێران بەردەوام بیر لە تۆڵەسەندنەوە لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" دەکاتەوە و ئەمەی لەپێشینەی کارەکانی داناوە.
بێگومان ئەو پەیامەی لە پشت دەرکردنی سزای لەسێدارەدانە بۆ هەڤاڵ جوانا، بریتیە لەوەی کە ئەم دەسەڵاتە پێداگرانە نایەوێت دەستبەرداری هەڵوێستەکانی بۆ دژایەتی کورد بێت و خوازیاری ئەوە نییە پرسی کورد بە رێکارێک جگە لە جینۆسایدی کولتوری، سێدارە و سەرکوت چارەسەر بکات. هەربۆیە خۆی لە هەموو چەشنە رێچارەیەکی دیموکراتیک دەدزێتەوە. بە دڵنیاییەوە لێکەوتە قووڵ و دژواری ئەم رەوتە نادیموکراتیک و نامرۆڤانەیە زەبری قورس لە کۆڵەکە بە ستەم هەڵچنراوەکانی سیستمەکەی دەدات. کەواتە دەبێت بزانێت کە کۆمەڵگە دیاردەیەک نییە کە بە ئاسانی بەم رەفتارە توندوتیژانە چاوترسێن بکرێ و خۆی بەدەستەوە بدات. ئەو شۆڕشەی کۆمەڵگەی ئێران بەئیرادەی پتەوەوە لە هەوڵی هێنانەدییەتی و داوای ئازادی دەکات، هێندە بچوک نییە کە بەم رەفتارە توندوتیژانە سەرکوت برێت. هەربۆیە دۆخی سیاسی هەنوکەیی لە ئێران لەدۆخێکی یەکجار هەستیاردایە و هەمووان دەخاتە مەترسییەوە. هەربۆیەش پاراستنی ئەم جیهانە سوڵتەخوازیە کە بیر لە رێکاری سەرکوتکارانە و سەپاندنی سێدارە دەکاتەوە، بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەستەم دەبێت، چونکە ئەوەی لایەنی بەرامبەریەتی؛ کۆمەڵگەیە.
مەجلیسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای شەرمەزارکردنی کردەوەکانی رژێم لەسەر بنەمای سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر هەڤاڵ جوانا سنە، داوا لە سەرجەم کۆمەڵگەی ئازادیخواز، دیموکراسی خواز، ژنان و گەنجان دەکات کە وەک هەمیشە بە هەڵوێستی خەباتکارانەیان، لە دژی سزای لەسێدارە هەڵوێستی روونیان هەبێت. هیچ گومانی تێدانییە کە هەڵمەتە نێونەتەوەییەکان و کاردانەوەی کرداری رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەم پێناوەدا چالاکی و هەوڵەکانی کۆمەڵگەی ئێران بۆ رزگاربوون لە هەموو چەشنە ستەمێک و بەدەستهێنانی ئازادی، بەهێزتر دەکات. ئێمە وەک پەژاک پشتیوانی لەسەرجەم هەڵمەت و کەمپینەکان دەکەین کە تائێستا لەدژی یاساکان و سزاکانی سێدارە رێکخراون و هەروەهاپاڵپشتی هەوڵەکانی سەرجەم ژنان و گەنجان و کۆمەڵگەی لەپێناو ئازادی هەڤاڵ جوانا و هەڵوێستمان لەو رووەوە روونە. دەرکردنی هەموو سزایەکی سێدارە بە واتای رەتکردنەوەی سەرجەم داواکارییەکان و ئازادیخوازی کۆمەڵگەی ئێران و بەتایبەتی ژنان و گەنجانە. کەواتە بەشداربوون لە گۆڕەپانەکانی تێکۆشان ئەرکی هەموومانە و پێویستە گۆڕەپانەکانی تێکۆشان بە چالاکی بەردەوام و رۆژانەی چالاکوانان و تەواوی کۆمەڵگە پڕجۆش و خرۆشتر بکرێن.".