باقرخان: قەیوم دوژمنایەتییە، گەل وەڵامی قەیوم دەداتەوە
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "لەکاتێکدا گەل لە شەقامەکان بەرخۆدان دەکات، قەیوم وەک یەکەم کاری خۆی خزمەتی بە زمانی کوردی ڕاگرت، قەیوم دوژمنایەتییە".
هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان گوتی: "لەکاتێکدا گەل لە شەقامەکان بەرخۆدان دەکات، قەیوم وەک یەکەم کاری خۆی خزمەتی بە زمانی کوردی ڕاگرت، قەیوم دوژمنایەتییە".
هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) تونجەر باقرخان لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمان دوایین پێشهاتەکانی هەڵسەنگاند.
باقرخان تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی گەلی ئێلح و گوتی: "لەکاتێکدا گەل لە شەقامەکان بەرخۆدان دەکات، قەیوم وەک یەکەم کاری خۆی خزمەتی بە زمانی کوردی ڕاگرت. قەیوم شتێکی وایە. ئێمە دەڵێین قەویم دوژمنایەتییە. گەلەکەمان قەیومیان ناوێت، دیموکراسییان دەوێت، دەیانەوێت ڕێز لە ئیرادەیان بگیرێت".
هەروەها تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی گەل لە مێردین و خەلفەتی و گوتی: "ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتی قەیومە".
لە وەڵامی ئەردۆگان کە دەستخۆشی لە بڕیاری دادگا کردبوو و گوتبووی "با کاندیدی پاکیان نیشان بدایە"، باقرخان گوتی: "پێوەری پاکبوون چییە؟ خۆزگە کەرەستەیەکی پێوانی پاکێتی هەبووایە، تا بزانرایە کێ پاکە و کێ پیس".
قەیوم پرسی هەمووانە
باقرخان گوتی: "قەیوم ئیتر تەنها پرسی کورد نییە. لە ئەسەنیورت ئەم ڕاستییە دەرکەوت. ئەگەر پێکەوە لە ڕاستی قەیوم تێ نەگەین، نەوەک تەنها لەسەر خاکی کوردان، لە هەموو جێیەکی تورکیا قەیوم دادەنرێت".
لە وەڵامی سەرۆکی پەرلەمان کە گوتبووی "بە دەستێک چەک و بەدەستێک سندووقی دەنگدان، نابێت"، باقرخان ڕایگەیاند ئێمە هەرگیز چەکمان هەڵنەگرتووە، سیاسەتی دیموکراتیک بە چارەسەر دەبینین، گوتی: "لە کورتولموش دەپرسم؛ ئەم قسەیەت دژی دانانی قەیوم نییە؟ لێی دەپرسم، بە دەستێک ئیرادەی نەتەوەیی و بە دەستێک دانانی قەیوم دەبێت؟ ئیرادەی نەتەوەیی و دیموکراسی و کودەتا لەپاڵ یەکدا ناگونجێن".
بانگەواز لە پەرلەمان: یاسای قەیوم هەڵبگرن
باقرخان بانگەوازی لە پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان و سەرۆکی پەرلەمان کرد، لەسەر یاسای قەیوم کۆببنەوە، تاوەکو بەڕێوەبەرە هەڵبژێردراوەکانی گەل تا هەڵبژاردنی داهاتوو شارەکان بەڕێوەببەن.
باقرخان ئاماژەی بەوە کرد، دەسەڵات ئێستە دەرچوونی ترامپ وەک دەرفەتێک دەبینێت و دەیەوێت زەمینەیەک بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا ئامادە بکات، تاوەکو قەیرانەکانی ئێستە بشارنەوە، قەیرانەکان وەها چارەسەر نابن. تاکە دەرفەت بۆ تورکیا چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کوردە. چارەسەر لە واشنتۆن و مۆسکۆ و تاران نییە، چارەسەر لە ئامەد و ئەنقەرەیە.
سزای دیسپلین لە ئیمراڵی
لەکۆتاییدا باقرخان گوتی: "باخچەلی باسی گۆشەگیری بەڕێز ئۆجالان و ڕۆحی پەرلەمانی بنیاتنەر و مافی هیوا و سیاسەتی دیموکراتیکی کرد. گوتمان ئەمانە لێدوانی گرنگن. ئەی چی ڕوویدا؟ پاش قسەکانی باخچەلی، سزای دیسپلین بۆ ماوەی ٣ مانگ بەسەر بەڕێز ئۆجالان سەپێنرا. باخچەلی قسە دەکات، ئەردۆگان پشتگیری دەکات. با بزانین لە ڕۆژانی ئایندە قسەکانی ئەمانە چی لێ دەکەوێتەوە".