بە هۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکەوە بەدەیان ژێرخانی مەدەنی لە کار کەوتن

لەئەنجامی شەپۆلی نوێی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە لە ٢٣ی تشرینی یەکەمدا دەستیپێکرد، زۆرێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و بەدەیان ژێرخانی مەدەنی و خزمەتگوزاری هەرێمەکە لەکار کەوتن.

دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئێوارەی ٢٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ شەپۆلێکی نوێی هێرشی تاوانکاری بۆ سەر باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە تاوانی شەڕ دەناسرێت، ئەنجامدا.

لەو هێرشانەدا ڕاستەوخۆ هاوڵاتی مەدەنی و ژێرخانی خزمەتگوزاری مەدەنی کرانە ئامانج. بە تایبەت لە هێرشەکاندا، ناوەندەکانی تەندروستی و پەروەردە، نانەواخانە، کۆگاکانی ئارد و دانەوێڵە، سایلۆی گەنم، وێستگەکانی کارەبا، کۆمپانیا و کارگەکان، تۆڕەکانی تەلەفۆن و ئاو هەروەها وێستگەکانی گاز و نەوت بۆردومان کران.

لە کانتۆنی جزیرە و فورات نزیکەی ٣٠ ناوەندی خزمەتگوزاری لەناو بران

بە گوێرەی بەرپرسان تەنها لە جزیرە و کانتۆنی فورات زیاتر لە ٣٠ ناوەندی خزمەتگوزاری کراونە ئامانج.

ئەوناوەندانەی کراونەتە ئامانج بەم شێوەیەیە:

دێرەک: وێستگەی کارەبای سوێدیە، بەنزینخانەی سوێدیە، وێستگەی نەوتی گرزۆر، کارگەی ماست و پەنیری زۆزان، کارگەی کیسی نایلۆن لە گوندی مێرگا میرا، گەراجی شاری دێریک.

ڕمێلان: ناوەندی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل، ناوەندی بیناسازی، وێستگەی بەنزین، وێستگەی ئۆکسیژن،

تربەسپی: وێستگەی نەوتی سەیدا، وێستگەی نەوتی باباسی لە گوندی کێل حەسناک، کێڵگەی نەوت و غازی ئۆدە، پاڵاوگەی نەوتی گوندی بەیازێ، پاڵاوگەی نەوتی تەپەی بەپرێ، وێستگەی کارەبا،

قامیشلۆ: بنکەی تەندروستی لە گەڕەکی خەلیچ، بنکەی تەندروستی لە گەڕەکی مەیسەلون، ناوەندی بیناسازی لە جادەی هیزام، کارگەی دروێنەوە و زراعەت، کۆگای دانەوێڵە، کۆمپانیای گەشەپێدانی کشتوکاڵی، ناوەندی بیناسازی لە گوندی هەرێم شێخۆ.

عامودێ: وێستگەی کارەبای نانواخانە،

تل تەمر: کارگەی چیمەنتۆی ئیستیقام، بانکی کشتوکاڵی

عەین عیسا: کۆگای گەنم

کۆبانێ: وێستگەی کارەبا، نانواخانە، کۆگای دانەوێڵە لە گوندی ڕۆڤی.

لە کۆبانی ٣٦٦گوند بەبێ کارەبا مانەوە

عایشە ناسر، هاوسەرۆکی دەستەی وزەی کانتۆنی فورات ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک وێستگەی کارەبای شاری کۆبانێیان لە کانتۆنی فورات کردە ئامانج و لە ئەنجامدا ٣٦٦ گوند و ناوەندی شارەکە بێ کارەبا ماونەتەوە ئەوەش بووەتە هۆی لە کار کەوتنی بیرەکانی ئاوەی خواردنەوەش.

عایشە ناسر ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی جوڵەی بەردەوامی فڕۆکەکانی تورکەوە بەسەر ئاسمانی ناوچەکە، تیمە تایبەتەکان ناتوانن سەردانی وێستگەکان بکەن و هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان بکەن.

بە ملیۆنان دۆلار زیانی ماڵی دروست بووە

زیاد ڕوستەم، هاوسەرۆکی دەستەی وزەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایگەیاندووە، بەهۆی بۆردومانی وێستگەکانی کارەبای عامودێ، تربەسپیەو و کۆبانێ-یەوە بە ملیۆنان دۆلار زیانی ماڵیان پێگەیشتووە.