بە دیمەن

باکرهان و بایندر: هەتا کۆتایی دژی کودەتای قەیوم بەرخۆدان دەکەین

کەسکین بایندر هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە: "بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییە کوردییەکان، کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی کورد و دەستگیرکردنی سیاسەتمەداران ئاشتی بەدی نایەت". تونجر باکرهان هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی ڕایگەیاند؛ هەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین.

دوێنێ هاوسەرۆکی شارەوانی سێرت سۆفیا ئالاگاش سزای ٦ ساڵ و ٣ مانگ سزای زیندانی بەسەردا سەپێندرا و ئەمڕۆش قەیوم لە شوێنی دانرا. بەرخۆدان لە دژی دانانی قەیوم، لە بەردەم شارەوانی سێرت دەستی پێکرد و بەردەوامە. تونجر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی و کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) و مەراڵ دانش بەشتاش، هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (حەدەکە) وەکوو شاندێک سەردانی شاری سێرتیان کرد.

لە بەردەم شارەوانی سێرت بەیاننامەیەک خوێندرایەوە. لە شوێنی گردبوونەوەکە پانکارتێک بە ناو نیشانی، "قەیوم کودەتایە دژ بە ئیرادەی گەل" بەرز کرایەوە.

تونجر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، ڕایگەیاند، ئەمە سێیەم جارە دەست بەسەر ئیرادەی گەلی سێرتدا بگیردرێت و وتی: "گەلی سێرت ئیرادەی خۆیان تەسلیمی قەیومەکان ناکەن. گەلی سێرت بەسەر ئەو کەسانەدا کە نکۆڵی لە مافی گەلان دەکەن سەرکەوتنیان بەدەست هێنا. بەڵام هێشتا لە شکست تۆبەیان نەکردووە و دیسان ڕێز لە ئیرادەی گەل ناگرن. لە هیچ شوێنێکی جیهان سیاسەتی تاڵانکاری لەو شێوەیە بوونی نییە. گەل بەردەوام لە سندوقی دەنگدانەوە شکستتان پێدەهێنن، بەڵام هێشتا شەرم لە هیچ ناکەن."

'بەو شێوەیە ئاشتی بەدی نایەت'

تونجر باکرهان ئاماژەی بەوەدا کە بە درێژەدان بەم سیاسەتانە و سەپاندنی قەیومەکان هیچ کات ئاشتی بەدی نایەت و وتی: "ئێمە دەڵێین دیالۆگ، بەڵام ئەوان دەڵێن قەیوم. بەم شێوەیە ئاشتی بەدی نایەت. بە دەستبەسەرداگرتنی شارەوانییە کوردییەکان، کوشتنی ڕۆژنامەنووسانی کورد و دەستگیرکردنی سیاسەتمەداران ئاشتی ڕوونادات. ڵێرەوە بانگەوازی لە باخچەلی دەکەم؛ بەم شێوەیە چۆن دەتوانیت ئاشتی بەدەست بهێنیت؟ ئەگەر متمانەتان بەخۆتان هەیە سەندوق دابنێن و دەنگ بدەن و ڕێز لە ئیرادەی گەل بگرن."

هەروەها بانگەوازی لە هاووڵاتیانی عەرەبیش دەکەم و دەپرسم لەسەر ئەم ستەم کردنە چی دەڵێن؟ ئەوان دەستبەسەر ئیرادەی ئێوەدا دەگرن. پێویستە ئیتر ئێوە ڕێگری لە قەیومەکان بکەن و بیاننێرنەوە. ئێمە بەردەوام شارەوانیەکان بەدەست دەخەینەوە و خزمەتی گەلەکەمان دەکەین، بەڵام ئەوان بە دزین و تاڵانی دەستی بەسەردا دەگرن. بۆیە داواتان لێدەکەم بەرەنگاری ئەمە ستەمە ببنەوە. نابێت گەلەکەمان ڕێگە بدات چیتر ئەم دزیی و تاڵانیە لە هیچ شوێنێک ڕووبدات. ئێمە هەتا هەڵوەشانەوەی قەیوم درێژە بە تێکۆشانی خۆمان دەدەین و داوا لە گەلەکەمان دەکەم خاوەنداری لە هاوسەرۆکی شارەوانیەکانیان بکەن."

بایندر: هەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین

کەسکین بایندر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) لە دژی سەپاندنی قەیومەکان ناڕەزایەتیی  نیشاندا و وتی: "ئەمە سێیەم جارە ئیرادەی گەل داگیر دەکرێت. ئێوە ناتوانن قەناعەت بە کەس بێنن کە لەم وڵاتەدا یاسا هەیە. ئێوە دەوڵەتێکی ستەمکارن. گەلی کورد ئەمە قبوڵ ناکات. ئێمە قبوڵ ناکەین. هەتا ئێمە لە ژیاندا بین قبوڵی ناکەین."

کەسکین بایندر ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەک باسی ئاشتی دەکرێت، لەلایەکی دیکەشەوە قەیوم بەسەر شارەوانیەکاندا دەسەپێنن، ئەمەش دووڕوویەتیە، ئەمە دوژمنایەتییە. بەڵام ئێمە خاوەن ئەزموونین. بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند: "ئەم پرۆسەیە گرنگە، دەرفەتێکە بۆ تورکیا." بەڵام ئەم داگیرکەرانە ئەم دەرفەتە لەناو دەبەن. ئێمە لێرەدا هۆشداری بە دەسەڵات دەدەین؛ بۆ بەرژەوەندی خۆتان دەرفەتەکان تێک مەدەن. گەورەترین کێشەی ئێوە ئەوەیە؛ دەستبەسەر ئیرادەی گەلی کورددا بگرن. بەڵام گەلی کورد ئەمە قبوڵ ناکات. ئەوەی دەکرێت قەدەغەکردنی ئیرادەی گەلی کوردە. ئەمە لە هەموو شوێنێکی جیهان، لە یاسادا ناوی داگیرکردنە و قبووڵ ناکرێت."

بایندر لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: "ئەوان هیچ هیوا و ڕێگایەکیان بۆ نەماوە، بەڵام ئێمە هیوا و ڕێگامان زۆرە. ڕێگامان کراوەیە. ئێمە بۆ گەلەکەمان تێدەکۆشین. ئێمە سیاسەتی دیموکراتیکمان هەڵبژاردووە. ڕۆژ بە ڕۆژ پەرە بە بەرخۆدان دەدەین. چونکە ئەمە مافی خۆمانە. ئێمە بۆ سەرکەوتنی گەلەکەمان درێژە بە تێکۆشان دەدەین. ئەوەی کە دەبێ شەرم بکات ئێمە نین، بەڵکوو داگیرکەر و تاڵانکەرانن. لە سایەی بەرخۆدان و تێکۆشانمان هەر ئێوە دەشکن. ئێمە هەتا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین. بژی ئازادی، بژی تێکۆشان."