بە دیمەن

چیدەم دۆغو: بەدڵنیاییەوە دەستبەرداری بەهاکانمان نابین

چیدەم دۆغو ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەژەکە ڕایگەیاند کە پەکەکە بە شەهیدانیەوە بەهاکان، ئەخلاق، کولتوور و فەلسەفەی ژیانێکی گەورەی خوڵقاندووە و وتی: "بە دڵنیاییەوە دەستبەرداری ئەم نرخانە نابین."

چیدەم دۆغو، ئەندامی ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەژەکە جەختی لەوە کردەوە کە ئەو بەهایانەی لە ماوەی ٥٢ساڵدا بەرهەم هێبنراون، مسۆگەری بەردەوامی بەهێزترین، دروستترین و جوانترین و ئازادترین فۆرمی خۆی دەکات و وتی: "وەک گەریلاکانی پەکەکە و بەتایبەت ئەو هەڤاڵانەی بەشداریان لەم کۆنگرەیەدا کردووە، بەرپرسیارێتی گەورەتر دەکەوێتە سەر شانمان."

دوازدەهەمین کۆنگرەی پەکەکە لە٥تا ٧ی ئایار لە هەرێمەکانی پاراستنی مێدیا بەڕێوەچوو. دوا لێدوان و بڕیارەکانی ئەم کۆنگرەیە لە ١٢ی ئایار بۆ ڕای گشتی  بڵاو کرایەوە، چیدەم دۆغو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەژەکە، کە لە کۆنگرەدا قسەی کرد، بە ڕێزدارییەوە سڵاوی لە ڕێبەر ئاپو کرد و بەڕێزدارییەوە شەهیدانی بە بیرهێنایەوە و بەمشێوەیە قسەکانی دەستپێکرد:

بەهاکان بناغەی سەردەمی نوێ دەبن

چیدەم دۆغو، ڕایگەیاند: "ئێمە کۆنگرە بۆ کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لەژێر ناوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەبەستین، بەڵام پەکەکە بەهای زۆر گەورەی لەگەڵ شەهیدە گەورەکانیدا دروستکردووە. لەڕاستیدا ئەخلاقێکی زۆر گەورەی بنیاتناوە. کەلتوورێکی زۆر گەورەی خوڵقاندووە، هەروەها فەلسەفەی ژیانێکی ئازادی دامەزراندووە. لەکاتێکدا ئێمە لەژێر ناوی پەکەکە کۆتایی بە چالاکییەکان دێنین. بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم بەهایانە بنەمای پرۆسەی داهاتوومان پێکدەهێنن لە نۆێ بوونەوە و گۆڕانکارییەکاندا.

ئەمە بەمانای شکست نییە

ڕێبەرتی لە بانگەوازەکەی ٢٧ی شوباتدا ڕایگەیاند: "ئێوەش دەبێت وەک هەر کۆمەڵگایەکی هاوچەرخ کە بە زۆر لەناو نەچووە و سەرکوت نەکرابێت دەست بە گۆڕانکاری بکەن و کۆتایی بەو سەردەمە بهێنن." بۆیە ئێمە ناتوانین گفتوگۆی کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکەدا بەوە ناو بنێین کە دوژمن کە زۆرجار وەک شەڕێکی تایبەت بەڕێوەی دەبات و دەڵێت "شکستیان هێنا، هەڵوەشانەوە، ئێمە کۆتاییمان پێیان هێنا و هتد". حکومەتی تورکیا هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ ئەوەی پروسەکە بچوک بکاتەوە وەک بردنەوە و دۆڕان پێناسەی بکات، بەڵام دەزانین کۆتاییهێنان بە چالاکییەکان لەژێر ناوی پەکەکە، راستیەکە بۆ تێپەڕبوون بۆ سەردەمێکی نوێ. بۆیە ئێمە لێرەدا شکستمان نەهێناوە، هەروەها پەکەکە لە کۆتایی تەمەنی ٥٢ساڵەیدا بەهۆی شکستەوە کۆتایی پێناهێندرێت پێویستە هەر کەسێک ئەمە بزانێت.

ئەمە یەکەم جارە راستیەکی لەو شێوەیە ڕوودەدات

 دەمەوێت لێرەدا بەتایبەتی جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە ئەم کۆنگرەیە لە هەموو ڕوویەکەوە کۆنگرەیەکی مێژووییە. وەک ڕێبەرتی ئاماژەی پێکرد، ئەوەندەی من بزانم پەکەکە تاکە ڕێکخراوە کە وەک هەر کۆمەڵگایەکی تری هاوچەرخ بە ئیرادەی خۆیەوە دەچێتە ناو پرۆسەی گۆڕان و گواستنەوە. ڕەنگە بۆ یەکەم جار لە ماوەی هەزاران ساڵدا، راستیەکی لەو شێوەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووبدات. ڕێبەرتیش لە دوایین پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد. لە هەڵسەنگاندنەکانی پێشوویشدا ئاماژەی پێکردووە. لەڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان هەمیشە دواکەوتوون و هەمیشە شکستیان هێناوە لەبەر ئەوەی لەسەر بنەمای ڕەوتەکانی ئێستا نەگۆڕاون و خۆیان نوێ نەکردووتەوە. بۆیە وەک بزووتنەوەیەک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان گەشەی کردووە و پێشکەوتووە، بەستنی ئەم کۆنگرەیە بە ئیرادەی خۆمان نەک بە زۆری کەسێک، نە بە هەڕەشەی دوژمن و نە بە گوشاری هێزە دەرەکییەکان، بەڵکو بەتەواوی بە خواست و ئیرادەی خۆمان و بە ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ کە زۆر بەنرخە و مانادارە بۆمان و لەو باوەڕەداین کە دەرئەنجامەکانی کاریگەری ناوچەیی گەورەی دەبێت ئەم کۆنگرەیە دەبەستین. پەکەکە بە کۆتایی هێنان بە چالاکیەکانی بەناوی خۆیەوە دەست بە پێشەنگایەتی دەکات بۆ چوونە ناو سەردەمێکی نوێیەوە. ئەمەش ڕاستیەکە کە دەبێت وەک سەرکەوتنێک بۆ ڕێبەر ئاپۆ هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

پەکەکە وەک دایکێکە بۆ هەموومان

 بێگومان راستی پەکەکە وەک ڕۆمانێکی بێ کۆتاییە، زۆر بابەت هەن بۆ هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوە و تێگەیشتن کە دواتر بە شێوەیەکی گشتگیر لەلایەن ئێمەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت. تێگەیشتنی دروستمان بۆ ئەوەی کۆتایی بە چی دە‌هێنین و چۆن دوای ئەوە بەردەوام دەبین زۆر گرنگە. هەروەها دەتوانم لە ڕوانگەی پرۆسەی گەشە و پێشەکەوتنە کەسایەتیەکانمانەوە قسە بکەین. ئێمە چەندین ساڵ لەگەڵ هەڤاڵانمان لە بزووتنەوەیەکدا ژیاوین، تێکۆشانمان کرد و یەکترمان ناسی. پەکەکە بۆ هەموومان وەک دایکێک بوو. چۆن قسە بکەیت، چۆن هاتوچۆ بکەیت، چۆن پەیوەندی لەگەڵ گەلدا بکەیت، چۆن دەست بە ڕێکخستن بکەیت، چۆن بەرگری لە خۆت بکەیت، چۆن شەڕ بکات، چۆن هەڵسوکەوت بکات، ڕێز و خۆشەویستیت چۆن بێت، هەڤاڵیەتیت چۆن بێت... هەموو ئەمانە فێر کردین.

ڕەنگە زۆرێک لەو بەها ئەخلاقییە بنەڕەتیانەی کە لە نێو بنەماڵەکانماندا فێری نەبووین واتە لە دایک و باوک و بنەماڵەکانمان فێری نەبووین و ئەزموونمان نەکردبێت، پەکەکە هەمووی فێرکردین. بێگومان ئەمە نەک تەنها بە گەریلاکانی بەڵکو گەل و کۆمەڵگاکەشی فێری هەموو ئەمانە کرد. لە هەمووی گرنگتر ئەمەی بە ژنان فێر کرد. ژن چۆن دەبێت بژیت، چۆن دەبێت هێزی سروشتی خۆی بناسێت، چۆن دەبێت خۆی بناسێنێت؛ بێگومان هەموو ئەمانە بەڕاستی وەک موعجیزەن کاتێک سەیری ڕاستی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین. ئێمە لەگەڵیدا گونجاوین. ئێمە لەم بزووتنەوەیەدا دەژین. لەوانەیە هەندێک شت لە ڕووی کەلتوورییەوە وەکوو خووی لێهاتبێ، بەڵام لە ڕاستیدا وەکوو موعجیزەیە.

ئەخلاق ئازادی دەخوڵقێنێت

بۆیە تێگەیشتنی دروست لەم بابەتە بۆ ئێمە زۆر گرنگە. پەکەکە ئەم ئەخلاقەی داڕشت. ئەخلاقیش ئازادی خوڵقاند. فەلسەفەی ئازادی خوڵقاند. لە ناخماندا باوەڕی بە ئازادی بنیاتنا. ئەوەندەی من لەبیرمدا ماوە یەکەم ڕەخنە و هەڵسەنگاندنە هەمەلایەنەکانی رێبەرتی سەبارەت بە سۆسیالیزم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧. هەڵسەنگاندنی ژنان و بنەماڵەیش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ساڵە.

 هەموو ئەمانە هەڵسەنگاندنەکانی پەیوەست بە کۆنگرەی سێهەمن. کاتێک سەیری هەموو ئەمانە دەکەین، دەبینین کە لە ڕاستیدا شتێکە لە دەرەوەی سۆسیالیزمی ڕئال. شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ژنان، بۆچوونی ئینترناسیۆنالیزم، نەک هەر سۆسیالیزمی نەتەوەیی، بەڵکو خودی بە جیهانی بوونی سۆسیالیزم، ڕوانگەی بۆ سروشت و ژنان، لە ساڵی ١٩٨٧دا بە شێوەیەکی هەمەلایەنە هەڵسەنگاندنی بۆکرا و لەسەر ئەو بنەمایەش دوای کۆنگرەی سێیەم یەکەم بزووتنەوەی ژنانمان دامەزرا.

ئەمانە ئەو ڕاستیانەن کە وەک یەکەم پریشک و نیشانەی زاڵبوون بەسەر سۆسیالیزمی ڕئالدا دەرکەوتن، هەم لە تیۆری و هەم لە پراکتیکدا. رێبەرتی ئەم راستیەی زۆر بەهێزتر لە ڕاپۆرتی سیاسی کۆنگرەی پێنجەمدا داڕشتووە. لە ڕاستیدا ئەو ڕاپۆرتە سیاسییە ڕاستیەکە کە دەبێت هەموو جارێک ئاماژەی پێبکرێت بۆ ئەوەی ڕوونکردنەوەی زیاتری بۆ بکرێت کە چۆن بەسەر سۆسیالیزمی ڕئالدا زاڵ ببیت. هەموو ئەو کێشانەی کە ئەمڕۆ رێبەرایەتی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکات لە پەیوەندی بەو ڕابردووەو هەیە. لەو کاتەوە سوسیالیزمی رئال زاڵ بوو. لە گەڵ ئەوەشدا سەرهەڵدانی بەهێزتری بزووتنەوەی ژنان، سوپای ژنان، ڕێکخستنی ژنان، ئەو پرۆسە گۆڕانکارییانەی کە پەکەکە دەبێت بەسەریدا بڕوات، هەموو ئەمانە بە شێوەیەکی گشتگیر لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە و هەوڵی بەرچاویان بۆ دراوە. پەکەکە وەکو دایکی ئێمەیە، واتە ئەو پەکەکەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ پەرەی پێداوە. کاتێک دەڵێین پەروەردەی کردین و هێزی پێ بەخشین، مەبەستمان ئەمەیە.

هەمیشە رێنماییەکانی پێشکەش کردووین

ڕێبەر ئاپۆ هەمیشە لە ڕووی زاڵبوون بەسەر سۆسیالیزمی ڕئال، سەرمایەداری و خێڵەکی و بنەماڵەیی و هەر جۆرە ڕەفتارێکی کۆنەپەرستانەوە تێڕوانین و ڕێنمایی زۆر گرنگی ئاراستەی ئێمە کردووە. ڕێبەر ئاپۆ بەساڵان لە مێژە هەوڵی داوە ئێمە ئەم بەربەستانە تێپەڕێنین، هەموو شیکردنەوەکان لە ڕاستیدا لە ئەنجامی ئەم هەوڵ و تێکۆشانەدا بووە.

ئێمە ڕەگ و ڕیشەی خۆمان قووڵتر دادەکوتین

ئێمە لە ژێر ناوی پەکەکەدا کۆتایی بە چالاکییەکان دێنین، بەڵام ئەو بەهایانەی لەناو پەکەکەدا دروست بوون زۆرتر قووڵ دەکەینەوە. ئێمە بە نوێ کردنەوە و چوونە ناو سەردەمێکی نوێ، هەنگاوێکی مێژوویی دەنێین کە ئەم بەها بنەڕەتیانەی کە بە پەکەکەوە دروستکران زیاتر وەکوو ڕەگ دادەکوتین، هەموو ئەو بەهایانەی کە بە شەهیدانمان، بە هەوڵ وتێکۆشان و بە زەحمەتیەکی زۆرەوە بەدەست هاتوون قووڵتر دەکەینەوە. بۆیە لەسەر ئەم بنەمایە ئێمە بەڕاستی شاهیدی سەردەمێکی مێژوویین.

هێشتا گەرەنتی ئەوەش ئێمە خۆمانین

لە ڕووی پێشکەوتنی ڕاست و دروستی پرۆسەکە دوای ئەمەش، گەرەنتی بەردەوامبوونی بەهێز و دروستی بە شێوەیەکی ئازاد لە پاراستنی ئەو بەهایانەی کە لە ماوەی ئەم ٥٢ ساڵەدا دروستکراون، هێشتا ئێمە خۆمانین، واتا ئەوانەی لە ژیانداین. بۆیە ​​بەرپرسیارێتی ئێمە وەک گەریلاکانی پەکەکە و بەتایبەت ئەو هەڤاڵانەی بەشداریان لەم کۆنگرەیەدا کردووە، لە ڕاستیدا گەورەترە. هێشتا ڕوون نییە پرۆسەکە چۆن بەرەوپێش دەچێت. بەو مانایە ئێمە لە سەردەمێکی مێژووییداین. چۆن ئەو ئاستەنگە دەبڕین؟ ئەم پرۆسەیە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ دوژمن هێرش دەکات؟ چ شەڕێکی تایبەت ڕوودەدات؟ بێگومان لە هەموو ئەمانەدا نادڵنیایی هەیە. مەترسی هەیە. هەروەها ئەوەی کە پێکهاتەی پارتیمان چۆن لەم پرۆسەیە تێدەگات و لێکدەداتەوە، هەموو ئەمانە خاڵێکی گرنگن.

ڕێبەرتی هەموو ئەمانە بە وردەکاریی زیاترەوە ڕوون دەکاتەوە

 تێگەیشتن و بەرەوپێشبردنی دروستمان بۆ ئەم پرۆسەیە و بەشداریکردنمان لەپرۆسەی داهاتوودا بە بڕیار و ئیرادەی پەکەکە لە هێڵی ڕێبەر ئاپۆ و بەو هۆشیاری و ڕۆحیەتەوە کە دەستی پێکرد، مەترسی و هەڕەشەکانی ئەم پرۆسەیە لەناو دەبات و ئەمەش گرنگیەکی مێژوویی هەیە. رێبەر ئاپۆ لە ٧ خاڵدا ڕۆانگەی خۆی پێشکەش کردووە. بێگومان ڕێبەرتی ئەمانە بە وردەکاریی زیاترەوە ڕوون دەکاتەوە. بێ گومان، ئەمە یەکەم جار نییە کە ڕیبەرتی هەڵسەنگاندن بۆ ئەمانە دەکات، بەڵام هەندێک ڕوانگە هەن کە قووڵتر و سەرنجڕاکێشترن. شێوازی لێکدانەوەی مێژوویی، روانگەی ژیان، ژن، کۆمەڵگە و هەروەها ڕوانگەی کۆمەڵگای دیموکراتیک، لە ڕاستیدا شتێکی تەواو جیاوازە."