هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا ١٤ کوژراو و ٤٣ برینداری لێکەوەتەوە

لە هێرشێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر ناوچەکانی ناوەراستی سوریا، لانیکەم ١٤ کەس کوژران.

ئیسرائیل ئێوارەی رۆژی یەکشەممە ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی لە ناوەڕاستی سوریای کردە ئامانج.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فەرمی سوریا کە لە زاری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ناوچەکە بڵاویکردووەتەوە، "ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە هێرشەکەدا کوژراون گەیشتووەتە ١٤ کەس و ٤٣ کەسیش برینداربوون".

روانگەی سوری مافەکانی مرۆڤیش ئاماژە بەوەکردووە، ٣ مەدەنی کە لە ئۆتۆمبێلێکدابوون لەگەڵ چوار سەرباز لەو هێرشەدا کوژراون و  ١٥ کەسیش برینداربوون.

هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، ناوەند و بارەگای سەربازی دەوروبەری پاڵاوگەیەک خاپوربوون و لە دەوروبەری ناوەندێکی توێژینەوەی زانستی گروپەکانی سەر بە ئێران ١٣ جار دەنگی تەقینەوەی گەورە بیستراوە.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆیی لە سوریا ە ساڵی ٢٠١١ەوە تائێستا ئیسرائیل بە سەدان جار هێرشی کردووەتە سەر سوپای سوریا و گروپەکانی لایەنگری ئێران. بەرپرسانی تاران باس لەوەدەکەن لە سوریا تەنیا راوێژکاری سەربازییان هەیە.