ناسنامەی دوو شەهیدی هێزەکانی رزگاری عەفرین راگەیەندرا
هێزەکانی رزگاری عەفرین ناسنامەی دوو شەڕڤانی خۆیان ئاشکرا کرد کە لە عيفرین شەهیدبوون و رایانگەیاند، کە پەرە بە تێکۆشانی شەهیدانیان دەدەن.
هێزەکانی رزگاری عەفرین ناسنامەی دوو شەڕڤانی خۆیان ئاشکرا کرد کە لە عيفرین شەهیدبوون و رایانگەیاند، کە پەرە بە تێکۆشانی شەهیدانیان دەدەن.
ناوەندی هەواڵ
هێزەکانی رزگاری عەفرین سەبارەت بە شەهیدبوونی دوو شەرڤانیان رایانگەیاندووە: "سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەڕێز و بەنرخی کەمال پیر و شەهید رەنج و تێکۆشان خالید محەمەد و سەرجەم گەلە وڵاتپارێزەکەمان دەکەین".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کەمال پیر لە ناوچەی راجۆ لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێزدا لەدایکبوو، لەسەرەتای شۆڕشی رۆژئاوا و لەو کاتەی هێشتا تەمەنی گەنج بووە لە ناو کاروباری شۆڕشدا گەورە دەبێت و دواتر بۆ بەرپەرچدانەوەی گروپە چەتەکانی وەک نوسرە و داعش و گروپەکانی دیکەی سەر بە دەوڵەتی تورک کە پەلاماری گەل دەدەن، روودەکاتە سەنگەرەکانی شەڕ. لە رووی سەربازی و بیردۆزییەوە خۆی قووڵدەکاتەوە و دەبێتە شەڕڤانێکی نمونەیی.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە دوای داگیرکردنی عەفرین لە ساڵی ٢٠١٨ روودەکاتە بەرەکانی پێشی پێشەوەی شەڕ لە دژی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر و گروپە چەتەکانی و تا کۆتا ساتی ژیانی بە ئاوات و ئامانجی گەورەوە بەشداری لە رێپێوانی ئازادیدا کرد. لە ریزەکانی پێشەوە جێیگرت و بە گیانبازی ئەرکەکانی راپەڕاند.
سەبارەت بە شەهید خالید محەمەدیش راگەیەندرا، کە لە بنەماڵەیەکی وڵاتپارێز بە کولتوری کوردایەتیەوە گەورە بووە و لەسەر ئەو بنەمایە رەنجێکی زۆری لە پێناو گەلەکەی و گەڕانەوەی گەلەکەی بۆ سەر خاکەکەی کێشاوە. رۆژی ٧ی ئەیلول لە ناوچەی شەرای سەر بە عيفرین لە ئەنجامی هێرشێکی دڕندانەی دوژمندا شەهید بووە و بووەتە شەهیدێکی رەنج و تێکۆشان.
ناسنامەی شەهیدان بەم جۆرەیە:
ناسناو: کەمال پیر
ناو و پاشناو: لوقمان حەنان
ناوی دایک: ئەمینە
ناوی باوک: رەشید
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٤/ هەرێمی عەفرین
ناو و پاشناو: خالید محەمەد محەمەد
ناوی دایک: خالیە
ناوی باوک: محەمەد
کات و شوێنی شەهیدبوون: ٧ی ئەیلولی ٢٠٢٤/ هەرێمی عەفرین