"بە خوێندنەوەی مانیفێستەکانی ڕێبەر ئاپۆ خۆمان بە ڕێکخستن دەکەین"

یاسەمین مەشایخ ئاماژەی بەوەدا کە خوێندنەوەی مانیفێستەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئەوان و وتی: "ئێمە خۆمان لە سەر بنەمای ئەم مانیفێستانە بەڕێکخستن دەکەین."

کەمپەینی " ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ کێشەی کورد" چووەتە قۆناغی دووەمی خۆیەوە، گەلان لە سەرتاسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەستیان بە خوێندنەوەی مانیفێستەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کردووە و گروپی خوێندنیان دامەزراندووە و لە نێو ئەو گروپانەدا گروپی سەربەخۆی ژنانیش هەیە. خوێندنی مانیفێستەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە٧ کانتۆنەوە بە دامەزراندنی گروپی خوێندن دەستیپێکردووە. له هەموو شار و هەرێمەکاندا چالاکییەکان به بەشداری زۆری جەماوەر پێشوازی لێدەکرێت. هەروەها دەزگا و ڕێکخراوه خۆبەڕێوەبەرییە دیموکراتیکەکان به هەموو ئەندامەکانیانەوە بەشداریان له چالاکییەکەدا کرد.

بە پێشەنگایەتی بزووتنەوەی گەنجانی دێموکراتیک گروپێکی ژنان لە شاری قامیشلۆ بۆ خوێندنەوەی مانیفێستەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دامەزراوە، گرووپەکە لە یەکێتی ڕۆشنبیرانی کانتۆنی جزیرە، یەکێتی کرێکاران و هونەرمەندانی شاری قامیشلۆ و ڕێکخراوی ڕۆژئاوا و چەندین ڕێکخراوی دیکە پێک دێن. گروپەکە هەفتەی دووجار (دووشەممە و پێنجشەممە) کۆدەبنەوە و خوێندنی مانیفێستەکان بەڕێوە دەچێت.

خوێندنەوەکان بە زمانی کوردی و عەرەبی بەڕێوە دەچن

به هۆی ئەوەی کەسانێکی دیکە لە نەتەوەکانی دیکە بەشدارن لە گرووپەکاندا، مانیفێستەکان به زمانه جیاجیاکانی وەک عەرەبی و کوردی دەخوێنرێنەوه. لە خوێندنەوەکاندا قسەوباس ڕوودەدات. سەبارەت بە هەر بابەتێک دەست بە لێکۆڵینەوە دەکرێت، بۆچوون و پرسیارەکان دەخرێنەڕوو. هەموو ئەو ژنانە بەشدارییان لە قسەوباسەکاندا کردووە و بۆچوونەکانیان دەربڕیوە دەیانەوێ لەسەر بنەمای هزر و فەلسەفەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خۆیان بەڕێکخستن بکەن.

ئامانج بڵاوکردنەوەی هزر و بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆیە

یاسەمین مەشایخ ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری یەکێتی ڕۆشنبیرانی کانتۆنی جزیرە ئەوەشی خستەڕوو کە مەبەست لە خوێندنەوەی مانیفێستەکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان هۆشیارکردنەوەی هەمووانە بە بۆچوونەکانی ڕێبەری گەلی کورد و وتی: "ئامانجی سەرەکیمان لە خوێندنەوەی مانیفێستەکانی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان ناسین و بڵاوکردنەوەی بیروڕای ڕێبەرایەتیمانە ئێمە ئێستا مانیفێستی کۆمەڵناسی ئازادی دەخوێنین. ئێمە وەک ژنان، دەبێت سوودێکی زۆر لەم مانیفێستانە وەربگرین. دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا، دەرفەتی زۆر بۆ خوێندنەوە هاتووتە پێش. دەبێت کتێبەکانی ڕێبەر ئاپۆ بخوێنینەوە، ڕاستە دەوڵەتی فاشیستی تورک گۆشەگیری بەسەر سەرۆک ئاپودا سەپاندووە، بەڵام ڕێگا و ڕێبازەکانی سەرۆک ئاپو لە دەستی ئێمەدایە. دەبێت بەردەوام لە سەر هزری ڕێبەر ئاپۆ خۆمان بەڕێکخستن بکەین."