لە حەسەکە دژی گۆشەگیری ڕێپێوان ئەنجام درا

لە حەسەکە دژی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا.

لە شاری حەسەکە بە درووشمی "سڵاو سڵاو، هەزار سڵاو لە ئیمراڵی" دژی سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی و بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا. لە ڕێپێوانەکەدا پانکارتی "سڵاو سڵاو، هەزار سڵاو لە ئیمراڵی" و "ئازادی ڕێبەر ئاپۆ ئازادی ئێمەیە، بەرخۆدانی گەریلا شکۆی ئێمەیە" هەڵگیرا.

ڕێپێوانەکە لەبەردەم چوارڕیانی حەمامە دەستی پێ کرد، لە کۆتایی شەقامی حەی موفتی ڕێپێوانەکە وەستا و خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدان نیشاندرا، دواتر ئەندامی مەجلیسی گشتی پارتی یەکێتیی دیموکراتیک (پەیەدە) هەنا موستەفا گوتی: "سڵاوەکەی ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەموو ئازادیخوازێک بانگەوازی تێکۆشان و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و خەباتە بۆ ئایندەیەکی باشتر، چرایەکە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگەی شۆڕشەکەمان. بۆیە وەفاداردەبین بۆ پەیامی ئازادی و درێژە بە تێکۆشان دەدەین".

هاوسەرۆکی پەیەدەی شاری حەسەکە، فەرحان داود سڵاوی بۆ ڕێبەر ئاپۆ نارد و گوتی: "دەوڵەتی تورک لەڕێگەی سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنەوە، دەیەوێت ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت، ئێمە تا دوا دڵۆپی خوێن بەرخۆدان و تێکۆشان دەکەین بۆ شکاندنی سیستەمی ئەشکەنجە و قڕکردنی سەر ڕێبەر ئاپۆ و مسۆگەرکردنی ئازادیی جەستەیی".

ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی ڕێبەر ئاپۆ" و "بێ سەرۆک ژیان نابێ" کۆتایی هات.