هه‌واڵی به‌په‌له‌: لە مەتینا ١٥ داگیرکەر سزادران

دوای ٢١ ساڵ ئێسک و پروسک و گۆرەوییەکانی کچەکەیان پێدانەوە

نالین مێردین لە ماوەی ٢١ ساڵدا لە چوار شوێنی جیاجیادا نێژرا. دوای ٢١ ساڵ ئێسک و پروسک و گۆرەوییەکانی شەهید نالین مێردین، کە لە کاتی شەهید بوونیدا لە پێیدا بوو، لە قتوییەکی پلاستیکیدا دایانەوە بە بنەماڵەکەى.

یەکێک لە تەرمەکانی گۆڕستانی خەرزان، کە دەوڵەتی تورک تێکیدا و تەرمەکانی لە گۆڕەکان دەرهێنا و رفاندنی، تەرمی شەهید نادیرە ئەلما (نالین مێردین) بوو. دەوڵەتی تورک دوای ٢١ ساڵ لە دەستبەسەرداگرتن ئێسک و پروسکی نالین مێردینی لە قتویەکی پلاستیکدا بە بنەماڵەکەی دایەوە. دایە مەجبورە ئەلما، کە ئێسک و پروسکی کچەکەى لە تەنیشت گۆڕستانی کلیۆس لە ژێر شوستە و پیادەڕەوێکدا نێژرابوو، وتی، "ئێسک و پروسکی کچەکەى من لە ناو قتویەکدا بوو. کاتێک قتویەکەیان پێداینەوە گۆرەوییەکانیشی لە ناو ئێسک و پروسکەکەیدا بوون. ئەو ٢١ ساڵە بەو گۆرەیانەوە شاردبوویانەوە".

دوای هەشت ساڵ زانییان کچەکەیان شەهید بووە

نادیرە ئەلمای مێردینی لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا لە دژی تیرۆری دەوڵەتی تورک وەستایەوە و لە ساڵی ١٩٩٢دا بەشداری ریزەکانی گەریلا بوو. ساڵی ١٩٩٩ لە لە هاوێلی ناوچەى بەدلیس لەگەڵ دوو هەڤاڵی خۆیدا شەهید بوو بوو. بنەماڵەى ئەلما ساڵی ٢٠٠٧ زانییان، کە کچەکەیان شەهید بووە. دەوڵەتی تورک ئێسک و پروسکی نالین مێردینی لە ماوەی ٢١ ساڵدا چوار جار گواستبووە و لە چوار شوێنی جیاجیادا شاردبووییەوە. دەوڵەتی تورک دوای ٢١ ساڵ دەستبەسەرداگرتن ئێسک و پروسکی شەهید نالین مێردین لە ناو قتویەکی پلاستیکیدا بە بنەماڵەکەى دایەوە.

 لە دوای ٢١ ساڵ ئێسک و پروسکی نالین مێردین لە نسێبینی مێردین لە تەنیشت گۆڕەکەى باوکیدا لەلایەن بنەماڵەکەیەوە بە خاک سپێردرا. باوکی شەهید نالین مێردین تاوەکو کاتی گیان لە دەستدانی لە هەوڵدا بۆ دۆزینەوەى گۆڕی کچەکەى، بەڵام بەهۆی رێگرییەکانی دەوڵەتی تورکەوە نەیتوانی گۆڕی کچەکەى بدۆزێتەوە و بەو تامەزرۆییەوە کۆچی دوایی کردبوو.

 دایە  مەجبورە ئەلما  باسی گۆڕی کچەکەى و بە خاکسپاردنی ئێسک و پروسکەکانی کرد و سەرەتا رۆیشت وێنە چوارچێوە کراوەکەی و وێنەکانی بە خاکسپاردنی لە سندوقێکدا لەگەڵ ئاڵایەک بە رەنگی سەوز، سوور و زەرد و دوای ئەوانەش گۆرەوییەکانی نالین مێردین، کە لە ناو ئێسک و پروسکەکانیدا بوو هێنا....

هەوڵێکی بێوەچان بۆ وەرگرتنەوەى تەرمی رۆڵە شەهیدەکەیان

بنەمالەکەى ساڵی ٢٠٠٧ زانییان، کە کچەکەیان شەهید بووە و هەرچییەکیان کرد نەیتوانی شوێنی بە خاکسپاردنەکەى بدۆزنەوە. لە ٢٠١٥ و لە کاتی "پرۆسەی دیالۆگ"دا بۆیان روون بوویەوە، کە تەرمی شەهید نالین مێردین لە گۆڕستانی خەزرانی بەدلیسە. دایە ئەلما وتی، "کچەکەى لێهاتوو و زیرەک بوو. هەموو کات سەرنج وهۆشی لەسەر ئەم دۆز و تێکۆشانە بوو. دوای ٨ ساڵ لە گەریلایەتی لە چیاکاندا شەهید بوو. ساڵەهای ساڵ بە دوای تەرکەیدا گەڕاین لە دوایدا زانیمان لە بایکانێ شەهید بووە. ئێمە چووین بۆ شوێنی شەهید بوونەکەى، بەڵام گۆڕەکانیان لەوێ نەبوون. وتیان گۆڕەکانیان لە ئۆلەنکایە. ئێمە بە نووسراوی خۆیان رۆیشتن بۆ ئەوێ، لەسەر کێلەکەى نووسرابوو نالین مێردین. دوای ساڵەهای ساڵ گۆڕەکەیمان دۆزییەوە".

بە تێکدانی گۆڕەکەى باوکی بە تەواوی پیر بوو

لە تەلەفزیۆندا دەبینین، کە بە حەفارە و تانک گۆڕستانەکە تێکدەدرێت. ئاگادارکرانەوە، کە گۆڕی کچەکەى ئەوانیش تێکدراوە و تەرمەکەیان بردووە بۆ ئیستەنبول. دایە ئەلما لەو بارەیەوە دەڵێت، "دوای ئەوە دەوڵەت تەرمەکەیان لە مەزاری شەهیدان دەرهێناوە و بردویانە بۆ ئیستەنبول. ئیدی باوکی گۆڕەکەى نەبینی. ئەوە بە تەواوی باوکی پیر کرد، بەڵام هەر کۆڵی نەدەدا و دەیوت 'هەر چۆنێک بووە دەبێت پێش مردنەکەم گۆڕەکەى بدۆزمەوە' کاتێک ئێمە لە بەدلیس بووین وتیان، ئێوە دەتوانن تەرمەکە لێرە ببەن، بەڵام ئێمە خواستمان لە گۆڕستانی خەرزان لەلای هەڤاڵە شەهیدەکانی بمێنێتەوە. دواتر زانیارییمان بە دەست گەیشت، کە تەرمەکەیان بردووە بۆ ئیستەنبول. ئێمە رۆیشتین، گۆڕستانی چی، لە ناو قتویەکی پلاستێکدا ئێسک و پروسکی کچەکەمانیان پێداینەوە. زۆر زۆر پێی بێتاقەت و توڕە بووین. بەدلیسیش وڵاتی ئێمەیە. ئێمە هەستمان بە جیاوازی نەکرد و وتمان با تەرمەکەى لەوێ لەلای هەڤاڵە شەهیدەکانی بێت، بەڵام زۆر بەوە ناڕەحەت و بێ تاقەت بووین لە قتویەکی پلاستیکدا ئێسک و پروسکی کچەکەیان پێداینەوە. مەزارگەى شەهیدان لە خەزران لە ناو چیاکاندا بوو، بەڵام ئێمە دەمانوت هەر کات بمانەوێت و بتوانین دەڕۆین بۆ سەردانی و لەوەی گۆڕەکەى لە خەرزان بوو هیچ نیگەران نەبووین".

"ئێسک و پروسکی کچەکەم لە قتویەکدا بوو"

دایە مەجبورە وتیشی "لەوە قورستر و ناڕەحەتتر نەبوو، تەرمەکەیان چوار جار لێرە بۆ ئەوی برد. ئێسک و پروسکی لە قتویەکدا بوو. ئەو قتوییەى کە بە ئێمەیاندا، ئێمە گۆرەویشمان تیادا دۆزییەوە. ئەوە ٢١ ساڵە ئەو گۆرەیانەوە لەگەڵ ئەو ئێسک و پروسکانەدا شاردراونەتەوە".

دایە مەجبورە ئەلما باسی ئەوەشیکرد، "ئەوە گۆڕە، ئەوە ویژدانە؟ بەبێ ئەوەى بشۆدرێت، بەبێ دکتۆر نێژرابوو. هەر خۆی بەهۆی  زوڵمی ئەمانەوە رۆیشتن و شەهید بوون و لە زیندانەکاندان، دایکان مردن و سوتان... پێش ئەوەى ئێمە بمرین دەمانەوێت گۆڕی رۆڵەکانی خۆمان بدۆزینەوە و زیارەتیان بکەین، بەڵام ئێمە لە وڵاتی خۆماندا ئازاد نین. کوڕەکەم لە ئەڵمانیایە و کاتێک باوکی کۆچی دوایی کرد نەیتوانی بگەڕێتەوە بۆ سەر تەرمەکەى، ئەگەر منیش بمرم ناتوانێت دیسانەوە بێتەوە بۆ سەر تەرمەکەى منیش".

'ئێمە لەگەڵ دوو شەهیدەکەى تردا و لە تەنیشت یەکدا بە خاکمانسپاردن'

دایە ئەلما هەر کە دەستی بە قسەکانی کرد چیرۆکی چوار شار، چوار گۆڕستان و چوار بە خاکسپاردنی تەرمی کچەکەى گێرایەوە و  وتی، بە هۆکاری رق و کینەى دەوڵەتی تورک لەو قتوەدا جلوبەرگی گەریلایەتییەکەیان دانەنابوو وتیشی، "جلوبەرگیان لەگەڵ ئێسک و پروسکەکاندا نەبوو. لەو جلوبەرگانە بێزار بوون، بۆیە جلوبەرگەکانیان لە ئێسک و پروسکەکان جیاکردبووە و جلوبەرگەکانیان وەک کەلوپەلی ئەوان لەگەڵ ئێسک و پروسکەکاندا دانەنابوو. تەنها دوو گۆرەوی لەسەر یەک لەلای ئێسک و پروسەکەکان هەبوو. هەر هیچ نەبوایە دەبوایە پێڵاوەکانیان پێ بداینایەتەوە، بەڵام لەو بڕوایەدام ئەم پارچە پەڕۆیەی تر، کە لەگەڵ ئێسک پروسکەکاندایە، پارچە پەڕۆیەک بووە لە ناو گۆرەیەکەیدا لە پاژنەى پێچابوو. من تەرمی کچەکەی خۆمم برد بۆ مێردین و لەو قتوەدا دەرمهێنا و هەست دەکەم ئازاد بووە. ئێمە هەر دوو گەریلاکەى تریش، کە لەگەڵی شەهید بوو بوون، لەگەڵ تەرمی کچەکەى خۆماندا بە خاکسپارد. ئەوە گۆڕی یادەوەرییە. گۆڕی کچەکانی منن، کە ٢١ ساڵە بوو ئێمە نەمان بینیبوو و ئەو نەبینینەمان لە دڵدا بوو. سەبرمان هەیە. تەواو، شەهید بوو، ئەوان کوشتیان. مردووە، باشە بۆمبی پێوە بوو، کە ئەو هەموو زوڵمەیان بەرامبەر بە تەرمەکەى و ئێسک و پروسکی ئەنجامدا. ئێسک و پروسکەکانی لە قتویەکدا، کە بە چوار شاردا گەڕێندراوە بۆ ئێمە هاتەوە. ئێمە ئێستا چی بکەین؟ ئێمە ئێسک و پروسکی خۆمان برد، بەڵام با تەرمی بنەماڵەکانی تر بدەنەوە".

چی روویدابوو؟

تەرمی ٢٦٨ گەریلای شەهیدی لە کاتە جیاجیاکاندا لە کاتی "قۆناغی دیالۆگ" دا لە گۆڕستانی خەرزان لە گەڕەکی ئۆلەکی ژوور لە بەدلیس بە خاکسپێردرابوون. دەوڵەتی تورک گۆڕستانی خەرزان لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧دا بە حەفارە تێکدا و گۆڕەکانیان هەڵدابوویەوە و تەرمەکانیان بردبوو بۆ پزیشکیی داد.

ناسنامەى ٢١ تەرم و ئێسک و پروسکی گەریلای شەهیدیان لە دوای پشکنینی دی ئێن ئەی روون کردبووە و ئەو تەرمانەیان دابوویەوە بە بنەماڵەکانیان، بەڵام تەرمەکانی تریان خستبووە ناو قتو و لە گۆڕستانی کلیۆس لە ئیستەنبول لە تەنیشت پیادەڕەو و شوستەیەکەدا بە کۆمەڵ کرابوون بە ژێر گڵەوە. کۆمەڵەی مافناسان بۆ ئازادی (ئۆهەدە - OHD) و کۆمەڵەی پارێزەرانی ئامەد لەبارەی  تێکدانی گۆڕستانی خەزران و دەرهێنانی تەرمەکان سکاڵایان تۆمار کردبوو، بەڵام دەوڵەتی تورک بڕیاری "بە دوادا نەچوون"ی بۆ سکاڵاکان دەرکرد.

ژ.ت