کەجەکە پرسەنامەیەکی بۆ کۆچی دوایی جەلال باشلانگیچ بڵاوکردەوە

کەجەکە بۆ کۆچی دوایی رۆژنامەوان جەلال باشلانگیچ لە پرسەنامەیەکدا رایگەیاند: "ئێمە بە رێزەوە لەبەردەم هاوڕێیەتی ئەو لەگەڵ گەلی کورد، وتنی ئازایانەی راستیەکان و بڕوابوونی بە تێکۆشانی دیموکراسی بەژنی خۆمان دادەنەوێنین".

لە راگەیەندراوەکەی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکەدا هاتووە:

"بە خەم و پەژارەوە هەواڵی گیان لەدەستدانی رۆژنامەوان جەلال باشلانگیچمان پێگەیشت. سەرەتا سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار، هاوڕێیانی و کۆمەڵگەی راگەیاندنکاران دەکەین.

بە دڵنیاییەوە لەدەستدانی دۆستێکی دڵسۆزی بەو جۆرە کۆستێکی گەورەیە. جەلال باسلانگیج بە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆی و ئەوەی نیشان دا کە وەستان لە شوێنی دروست بە چ شێوەیەکە و بەم جۆرە بووە مرۆڤێکی بەنرخی تێکۆشان. لە دژوارترین کاتەکاندا لەگەڵ تێکۆشانی گەلی کورد بوو، لە کاتێکدا هەموو کەسێک خۆی لەو تێکۆشانە دەدزیەوە یان چاویان بەسەردا دەنوقاند. بە بێ سڵکردنەوە هەموو ئازار، دژواری و کۆمەڵکوژیەکان کە بەسەر گەلی کورددا هاتوون، نوسینیەوە و گێڕانیەوە. زۆر تاوانی دەوڵەتی لە کوردستان ئاشکرا کرد و لەبارەی راستیەکانەوە رای گشتی ئاگادار کردەوە. لە رێگەی ئاشکراکردنی تاوانەکانی دەوڵەتی تورک لە کوردستان یارمەتیدەرێکی گەورە بوو لەوە راستی دەوڵەتی تورک ببینرێت. بووە دۆستێکی راست و دروستی گەلی کورد و بنکۆڵکارێکی گەورە. لەبەر ئەوەی راستی دەوت و لەگەڵ تێکۆشانی رەوای گەلی کورددا بوو، لەلایەن دەوڵەتەوە گوشار و سزای بەسەردا سەپێندرا، بەڵام هەرگیز سەری لەبەردەم هیچ گوشار و هەڕەشەیەک دانەنەواند و دەستبەرداری وەستانی لە تەنیشت راستی و ئاشکراکردنی راستی نەبوو. بووە خاوەن هەڵوێست و تێکۆشانێکی پێداگرانە و بڕیاردارانە.

دۆستی بەنرخی گەلەکەمان و مرۆڤی تێکۆشان جەلال باشلانگیچ لەپێناو راگەیاندنی کوردیشدا زۆر هاوکاری و هەوڵی خستبووگەڕ. تاساتی گیان لەدەستدانیشی بەردەوامبوو لە پشتیوانی لە راگەیاندنی ئازاد. وەک دەزانرێت بەهۆی پشتیوانییەکانیەوە لە راگەیاندن ئازاد، رووبەڕووی گوشار و سزا بووەوە و بەو هۆیەشەوە ناچار بوو رووبکاتە تاراوگە. لە تاراوگەشدا درێژەی بە هەڵوێست و تێکۆشانی خۆیدا. راگەیاندنی کوردی لە زۆر شتدا قەرزداری ئەوە.

بەڕێزەوە لە بەردەم هاوڕێیەتی ئەو لەگەڵ گەلی کورد، گێڕانەوەی ئازایانەی راستی، بڕوابوونی بە تێکۆشانی دیموکراسی و هەوڵەکانی لەپێناو ئەو نرخانەدا، بەژنی خۆمان دادەنەوێنین. جارێکی تر سەرەخۆشی لە بنەماڵە، کەسوکار، دۆستان و کۆمەڵگەی راگەیاندنی ئازاد و دیموکراتیک دەکەین".

هـ . ب