کەنەکە: دەبێت لە سەر کۆمەڵکوژی دێرسیم لێپرسینەوە لە دوژمن بکرێت.

کۆنسەی بەڕێوەبەری کەنەکە بە بۆنەی ساڵڕۆژی کۆمەڵکوژی دێرسیم بەیاننامەیەكی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "دەبێت ڕێگە نەدەین تێکۆشانمان لاواز بێت، دەبێت لەسەر کۆمەڵکوژی دێرسیم لێپرسینەوە لە دوژمن بکرێت."

کۆمەڵکوژی دێرسیم

کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، کەنەکە بە بۆنەی ساڵیادی تەرتەلەی(کۆمەڵکوژی) دێرسیم کە بە بڕیاری فەرمی دەوڵەت لە ٤ی ئایاری ١٩٣٧ ئەنجامدرا ، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

دەقی بەیاننامەکەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

"٨٧ ساڵ لەمەوبەر، گەلی کورد لە دێرسیم لە حەوت مانگانەوە تا ٧٠ ساڵان کۆمەڵکوژ کران. کۆمەڵکوژییەکی دڕندانە، هێرشێکی پاکتاوکاری بەسەر دێرسیم و دێرسیمیەکاندا ئەنجامدرا. لە ٤ی ئایاری ١٩٣٧ بە بڕیاری فەرمی دەوڵەت و حکومەتی تورک، هێرشێکی سەربازی بەرفراوان بە ئامانجی لەناوبردنی گەلی دێرسیم ئەنجامدرا. دەوڵەت و حکومەتی تورک بە قین و کینی تۆڵەسەندنەوە لە ئاسمان و زەوینەوە هێرشیان کردە سەر دێرسیم. هەزاران کەسیان لە دێرسم کۆمەڵکوژ و بریندار کرد و بە هەزاران کەسیان ناچار کرد کۆچ بکەن و دەربەدەریان کرد. کۆمەڵکوژییەک فەرمی بە بڕیاری دەوڵەت و حکومەت تۆمار کرا. ئەمە فەرمانی کوشتنی هەموو گەلی دێرسیم بوو. ئەوەی دەوڵەت و حکومەتی تورک لە دێرسیم بە سەر گەلی کوردیان هێنا، خراپترین دوژمنەکانی کورد نەیانکردووە. جگە لە کۆمەڵکوژی و برینداربوون و کۆچبەرکردنی بنەماڵەیی، ناوی دەرسیم بە یاسایەکی تایبەت گۆڕدرا بۆ تونجلی. ئەو بڕیاری کۆمەڵکوژییە، ئەو سیاسەتە دوژمنکارییە، تا ئەمڕۆش بەردەوامە. دڵی گەلی کورد بە هۆی ئەو کۆمەڵکوژییە گەورەیەوە سووتا و قەد لەبیر ناچێتەوە و لەبیر ناکرێت. کورد هەم وەک کردەوە و هەم ئەنجامدەرانی ئەو ڕووداوە دەبێت لەبیری نەکات وبۆ هەمیشە لە یادەوەرییەکانیدا بیهێڵێتەوە.

کەنەکە لە ٤ی ئایاردا، ئەم کۆمەڵکوژییە بە بیر دێنێتەوە و دوای ٨٧ ساڵ بە هەموو هێزی خۆیەوە دیسان شەرمەزاری دەکات. گرنگ نییە بەرپرسانی دەوڵەت و حکومەتی خوێنڕێژ چی ئەڵێن، دەرئەنجامی سیاسەتی گشتی چییە هیچ جیاوازیەک نییە و ئەم دڕندەییەی کە بەرامبەر گەلەکەمان دەکرێت لاپەڕەیەکی ڕەشە لە مێژووی خوێناوی دەوڵەت و حکومەتی تورکیادا. لە هەر یادکردنەوەیەکی ئەم کۆمەڵکوژییەدا ئەم ڕۆژە پڕ ئێش وئازارانەدا، گەلەکەمان، ڕێبەر، پێشەنگ و تێکۆشەرانی بزووتنەوەی نەتەوەیی گەلەکەی، لە یادەوەرییەکانیدا بە ڕوونی و حورمەتەوە دەهێڵنەوە و لەسەر پرسی ئەم کۆمەڵکوژییە لێپرسینەوە لە دوژمن دەکەن و ڕێگە نادەن تێکۆشانیان لاواز بێت.

دەبێت لە سەر کۆمەڵکوژی دێرسیم لێپرسینەوە لە دوژمن بکرێت.

کۆمەڵکوژی دێرسیم لەبیرناکرێت و نابێت لەبیر بکرێت."