ئارێز عەبدوڵا: کاتێک پێویستمان بە قەندیل بوو، قەندیل ئامادەبوو

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە وتارێکدا ئاماژە بەوە دەکات پەکەکە لە ڕوبەڕوبونەوەی داعشدا بە هانایانەوە چووە، نابێت ئەوە لە بیر بکەین.

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەسەر بارودۆخی ئەم دواییەی ناوچەکە وتارێکی بڵاوکردوەتەوە و تیایدا باس لەوە دەکات کە چۆن پەکەکە لە کاتە سەختەکاندا هاوکاری باشوری کوردستانی کردووە.

ئارێز عەبدوڵا وەک لە وتارەکە ئاماژەی پێدەکات، دەڵێت:" دوای ئەوەی داعش مەخموری گرت و هەڕەشە کەوتە سەر هەولێر، حکومەتی هەرێمیش لە پشتیوانی تورکیا نەک هەر بێ ئومێد بوو، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەرکەوت کە تورکیا لە پشت داعشەوەیە. بۆیە روومان کردە قەندیل". 

هەروەها باس لەوەش دەکات کە چۆن پەکەکە بە دەم داواکاریەکەیانەوە هاتووە و دەستبەجێ هێزی بۆ کەرکوک، هەولێر و دەشتی نەینەوا ناردووە.

لە درێژەی وتارەکەیدا ئارێز عەبدولا ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت:" ئەو ڕۆژە قەندیل ئامادە بوو بەرگری لە خاکی کوردستان و حکومەتی هەرێمیش بکات. دواتر هاوپەیمانان هاتنە مەیدانەکە و بە سوپاسەوە پێویستمان بە قەندیل نەما، من لێرەدا جارێ هەر ئەوەندە وەبیر دێنمەوە، نابێ بێ ئەمەک و چاکە کوێر بین".

ز.ش