خزمی زیندانیان: لە زیندانەکان گۆشەگیری هەیە

خزمی زیندانیان لە چوارچێوەی چالاکی "دەنگ بدە ئازادی" بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری داد چوونە بەردەم وەزارەت. خزمی زیندانیان گوتیان: "ئێوەش قبووڵی نەکەن، گۆشەگیری هەیە. ئێمە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیری لێرەین".

لە ١٠ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لە سەرانسەری جیهان لە ٧٤ شار هەڵمەتی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد" دەستی پێ کرد. زیندانیانی سیاسی لە باکوری کوردستان و تورکیا لە چوارچێوەی هەڵمەتی ٢٧ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ دەستیان بە چالاکی مانگرتن لە خواردن کرد، لە ٤ ی نیسان چالاکییەکەیان بردە قۆناغێکی نوێ و چاوپێکەوتن و تەلەفۆن و چوونە دادگایان بایکۆت کرد.

هاوکات خزمی زیندانیان دەستیان بە ئێشکگری دادپەروەری کرد، پاشان چالاکییەکەیان بردە قۆناغێکی نوێوە و بۆ پشتگیری لە زیندانیان ویستیان لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری داد کۆببنەوە، بەڵام کاتێک سەرلەبەیانی ویستیان بچنە بەردەم وەزارەت ڕێگەیان لێ گیرا.

پەرلەمانتارانی دەم پارتی و خزمی زیندانیان لە پەرلەمانەوە هاتنە بەردەم وەزارەت، بەڵام ڕێگە نەدرا لە پاسەکان دابەزن، پۆلیسەکان بە دایکانیان گوت "پێویست بە قەرەباڵغی ناکات" و ڕێگە نادەن چاویان بە وەزیری داد کۆببنەوە.

پەرلەمانتاری دەم پارتی، سیری ساکیک بە پۆلیسەکانی گوت: "ئێوە کێن؟ کەس ناتوانێت لەودیو شوشە تاریکەکانەوە فەرمانمان پێ بکات. ئەگەر پێویست بکات تێدەکۆشین، دایکان ئەمڕۆ هەرچیان بوێت ئێمە دەیکەین".

دایکان ناڕەزایەتیان بەرامبەر پۆلیس دەربڕی ڕایانگەیاند ئەوان بۆ چارەسەر لەوێن، گوتیان: "ئێوە ڕێگە نادەن قسە بکەین. "لێبووردنی گشتی" بۆ هەمووان دەردەکەن، بەڵام ڕۆڵەکانمان لە زیندان دەهێڵنەوە. ئێمە دەڵێین با گۆشەگیری هەڵبگیرێت، بۆ ئەم مەبەستە لێرەین. بۆ وەستانی خوێن لێرەین. موخاتەبی ئێمە وەزیری دادە".

پاش ئەوەی ڕێگەیان لێ گیرا بچنە وەزارەتی داد، دایکان لەبەردەم دەرگای پەرلەمان کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیان بەست.

دواتر بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی زیندان" و "ماف، یاسا، دادپەروەری" چوونە نێو پەرلەمان.