جەژنی جەمای هاجالی لە شەنگال پیرۆز کرا

خەڵکی شەنگال سەرباری فەرمان، تاڵانی و کۆچبەربوونیش پەیوەستی رێوڕەسمە ئایینەکانی خۆیانن و رۆژە مانادارەکانیان بە بەردەوامی پیرۆز دەکەن. لەو چوارچێوەیەدا جەژنی جەمای هاجالی لە شەنگال پیرۆز کرا.

جەژنی جەمای هاجالی لە رۆژی دووەمدا پیرۆز دەکرێت. لە رۆژی یەکەمدا ژمارەیەکى زۆری خەڵک سەردانی مەزارگەى هاجالیان کرد و خێریان کرد و شاییان گێڕا. پیرۆزبایی جەژنەکە ئەمڕۆش بە بەڕێوەبردنی رێوڕەسمە ئایینییەکان بەردەوامبوو.

مجێوری قوبەی پیر هەجی لەبارەى رێوڕەسمەکانی جەماوە وتی "کۆمەڵگەى ئێزدی زۆر خێر دەکەن و خێرەکانیان دەهێنن بۆ بەردەم قوبەی هاجالی. ئێمەش خزمەت بە گەلەکەى خۆمان دەکەین. هەموو کەس دەیەوێت خێرێک بکات و لە بەردەم قوبەکەدا دابەشی بکات. کچان و کوڕان پێکەوە هەڵپەڕکێ و گۆڤەند دەگێڕن".

خەزاڵ ئێزدین یەکێک لە بەشداربووەکانی جەژنی جەمای هاجالی بوو و باسی لە دڵخۆشیی خۆی کرد و وتی، بۆ ئەوان زۆر گرنگە کە لەسەر خاکی خۆیان و لەگەڵ دۆستان و هەڤاڵەکانی خۆیاندا جەژنی جەما پیرۆز بکەن.

خێرۆ خەڵەف جەژنی جەمای لە هەموو ئێزدییەکان پیرۆز کرد و وتی "گەرچی مانگی ئاب بۆ ئێمە رۆژانی سەخت و رەشیشی تیادایە،  بەڵام دیسانەوە ئێمە خاوەنی ئیرادە و ورەین و مانا بە هەموو رۆژەکانی خۆمان دەبەخشین".

ژ.ت