حزبی شیوعی کوردستان لە بارەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکەوان لە هەولێر، راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە

مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی کوردستان لە بارەی دەستگیرکردنی ژمارەیەک چالاکەوانی مەدەنی کە بە هۆی ئەنجامدانی چالاکیەک بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا لە شاری هەولێر دەستگیر کراون، راگەیێندراوێکی بڵاو کردەوە.

لە راگەیێندراوەکەی حزبی شیوعی کوردستاندا هاتووە:

"ئەمرۆ ١٥/٦/٢٠٢٠ ژمارەیەک لە چالاکەوانی سیاسی دژ بە دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەر خاکى پیرۆزى هەرێمى کوردستان و ڕەتکردنەوەیان لەبەردەم باڵەخانەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر گرد بوونەوە. لایەنە پەیوەندیدارەکانى حکومەتى هەرێم، ئەو چالاکەوانانەیان دەستگیر کردووە، لە کاتێکدا پێویست بوو حکومەتى هەرێم فراوانترین چالاکى بۆ ئیدانەکردنى دەستدرێژییەکانى تورکیا بۆ سەر خاک و خەڵکى هەرێمى کوردستان ئەنجام بدایە، کەچى بە پێچەوانەوە ئەو چالاکەوانانەی دەیانەوێت دەنگى ناڕەزایی خەڵکى بێدیفاعى کوردستان بگەیەننە نوێنەرایەتى نەتەوە یەکگرتووەکان دەستگیر دەکات.

حزبی شیوعى کوردستان، وێڕاى ئیدانەى ڕەفتارە فاشیانەکانی تورکیا، لە هەمان کاتدا ھەڵوێستی حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقیش سەبارەت بە پێشێلکردنی سەروەری دەوڵەتی عێراق بە لاواز دادەنێت.

حزبی شیوعی کوردستان گرتنی ھەندێک لە ھاورێیانمان و سەرجەم ئەو چالاکەوانانەی لە بەردەم نەتەوە یەکگرتوەکان ھەڵوێستیان دەربریوە، مەحکوم دەکات و داوا دەکات دەستبەجێ ئەو چالاکەوانانە ئازاد بکرێن و گرتنی ئەو چالاکەوانانە و مامەڵەى دەسەڵات لەگەڵیان جارێکی دیکە مافى مرۆڤ و ئازادییە گشتییەکان دەخاتە بەر مەترسییەوە.

مەکتەبى سیاسى حزبی شیوعى کوردستان

١٥/٦/٢٠٢٠"

ز.ش