مەراسیمی یادکردنەوەی شەهید فەیسەڵ ئەبو لەیلا لە کۆبانێ

لە گۆڕستانی شەهید دیجلە لە شاری کۆبانێ مەراسیمێک رێکخرا بۆ یادکردنەوەی شەهیدی فەرماندە فەیسەڵ ئەبو لەیلا لە حەوتەمین ساڵیادی شەهیدبوونی.

ئەندامانی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان و مەجلیسی سەربازی لە شاری مەنبەج و دەوروبەری و هەڤاڵان و بنەماڵەی شەهید، بەشداری مەراسیمەکە بوون.

مەراسیمەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی شەهیدان دەستیپێکرد، پاشان ئەندامی مەجلیسی سەربازی مەنبەج، محەمەد جادر گوتەیەکی پێشکەش کرد، ئاماژەی کرد بە ڕۆڵی مەزنی شەهید فەیسەڵ ئەبو لەیلا لە شکاندن و لەناوبردنی چەتەکانی داعش.

هەروەها گوتی: "هەر کەس شان بە شانی ئەبو لەیلا شەڕی کردبێت، گەواهیدەری قارەمانێتی و خاکەڕایەتی، ئەمەش کردی بە پاڵەوان لە دیدی ئەو شەڕڤانانەی ئەمڕۆ بە گیانی خۆیان بەرگری لە هەرێمەکانمان دەکەن".

لای خۆیەوە ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە شاری مەنبەج و دەوروبەری، مەحمود عیدۆ، ئاماژەی کرد بە جێگەی شەهید ئەبو لەیلا لە دڵی ڕۆڵەکانی هەرێمەکە کە بوونە قەرزاری خۆی و بنەماڵەکەی.

مەراسیمەکە بە درووشمی "شەهید نامرن" کۆتایی هات.

لە ٣ حوزەیرانی ٢٠١٦، لەکاتی فەرماندەیی کردنی شەڕی دژی داعش لە هەڵمەتی ڕزگارکردنی مەنبەج، ئەبو لەیلا بە سەختی بریندار بوو، سەرەڕای هەوڵی پزیشکان، بەڵام لە ٥ ی هەمان مانگ شەهید بوو.

لە گەڕەکەکانی حەلەب وەک ئەشرەفیە و شێخ مەقسود و حەلەبی کۆن، هەروەها لە بەرەی لازقیە و عەین عیسا دژی هێزەکانی حکومەتی دیمەشق جەنگا؛ هەروەها بەشداریکرد لە بەرخۆدانی مێژوویی کۆبانێ و هەڵمەتی ڕزگارکردنی سیرین و شاری گرێ‌سپی، لەگەڵ هەڵمەتی ڕزگارکردنی هۆل و شەدادی لەدەستی داعش.