"پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا لەدژی تورکیا هەڵوێستیان هەبێت"

ئەڤین ئینجیر ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا کە بەشداری لە دانیشتنی دۆزی کۆبانێ لە ئەنقەرەدا کرد، بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەبەرانبەر پێشێلکاریەکانی ئەردۆ‌غان رەخنە کرد.

ئەڤین ئینجیر پارلەمانتاری ئەوروپا کە لە دانیشتنی دادگای دۆزی کۆبانێ بەشداری کرد، وتی، لەگەڵ براندۆ بەنیفەی هاوپیشەی لەسەر ناوی سۆسیال دیموکراتەکان بەشداریان لە دانیشتنەکەدا کردووە، وڵاتانی وەک ئیسپانیا، ئیتاڵیا و فەڕەنسا و زۆر وڵات چاودێری دانیشتنەکەیان کرد، هەروەها نوێنەرانەی ئیرلەندا، سوید، دانیمارک و یونانیش لە دانیشتنەکەی ئەندامانی هەدەپەدا بەشدار بوون.

ئینجیر وتی، لە دانیشتنەکەدا رەگەزەکانی یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ نەکراوە، بەپێی یاساکانی خۆشیان کاریان نەکردووە، رێگەیان بە پەرلەمانتار و پارێزەران نەدراوە بەشداری لە دانیشتنەکەدا بکەن و وتی، "سەرۆکی دادگا لایەنگری زۆری پێوە دیاربوو. رێگەیان بە پارێزەر و موەکیلەکان نەدرا، قسە بکەن."

ئینجیر رایگەیاند، لە دۆخێکی بەم شێوەیەدا ، کورسیەکانی هۆڵەکە پڕ بوو لە سەرباز و پۆلیس بۆ ئەوەی رێگە بە پەرلەمانتارانی هەدەپە و پارێزەران بگرن بۆ ئەوەی بەشداری لە دانیشتنەکەدا نەکەن کە ئەمەش قبوڵ ناکرێت.

ئینجیر باسی ئەوەشی کرد کە ١٢ی ئایار یەکێک لە ههاوسەرۆکانی هەدەپە، بانگهێشتی پەرلەمانی ئەوروپا کراوە، بەشداری لە کۆبونەوەی گروپی سۆسیال دیموکراتەکان دەبێت و لەبارەی دۆخی تورکیا قسە دەکات.

ئینجیر دەشڵێت، ماوەیەک لەمەوبەر لەبارەی راپۆرتی پێشێلکاریەکان لە تورکیا کە لەلایەن کۆمسیۆنی کاروباری دەرەوە ئامادەکراوە، کاری کردبوو، هەر کاتێک پەرلەمان دەنگی لەسەردا، راپۆرتەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا دەکەن و وتی، "لە راپۆرتەکەدا باسی فشار و هێرشەکان و هەوڵی داخستنی هەدەپە هەیە.

ئینجیر ئاماژەی بە هێرشی سەر هەدەپە و کشانەوە لە پەیمانی ئەستەنبوڵ بە دەستی ئەردۆغان و ئاکەپە کرد و وتی، "لەبارەی ئەو روداوامە و بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئێمە تووڕەین. ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە شێوەیەکی بوێر لەدژی ئەردۆغان قسەی بکردایە، لەوانەیە ئەم روداوانە رویاننەدابا. بۆیەش زۆر شت هەیە کە پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بکەن. پێویستە ئەمریکاش هەڵوێستی جددی هەبێت."

ف.ق