بە دیمەن

چالاکییەکەی ژنێڤ: ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، نا بۆ گەمارۆی سەر مەخمور

کوردان لە شاری ژنێڤی سویسرا بەردەوامن لە چالاکییەکەیان بۆ ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان. لە چالاکییەکەدا، فشارەکانی سەر کەمپی پەنابەرانی مەخمور شەرمەزارکرا.

ئەو ئێشکگرییەی بۆ ئازادی ڕێبەر ئاپۆ لەبەردەم ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری ژنێڤی سویسرا دەستی پێ کردووە، بەردەوامە. چالاکی ئەم هەفتەیە بۆ هەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر مەخمور و پشتگیری سیاسی ئەنجامدرا.

چالاکییەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی کادرانی پێشەنگی پەکەکە عەلی حەیدەر قەیتان و ڕەزا ئاڵتون و شەهیدانی مانگی ئایار دەستی پێ کرد.

سیاسەتمەدار نورەدین تورگوت ڕایگەیاند گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئاپۆ دژی یاساییە، بانگەوازی لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان کرد هەڵوێستیان هەبێت.

نورەدین جەختی کردەوە، فشارەکانی حکومەتی عێراق و پەدەکە لەسەر مەخمور زیاتربوون، جموجووڵی سەربازیی لە دەوروبەری کەمپەکە و دەستگیرکردنی نوێنەرانی کەمپەکە، ئاماژەیە بۆ هێرشێکی نوێ. تورگوت بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکانی وەک "دووڕوویی نێونەتەوەیی" ناوبرد.

نورەدین تیشکی خستەسەر ڕەوشی سیاسەتمەداری کورد یوکسەل کۆچ کە بەهۆی خەباتە سیاسییەکانییەوە لە ئەڵمانیا دەستگیرکراوە، ڕەخنەی لە وڵاتانی ئەوروپا گرت کە هاوکارن دژی گەلی کورد.