بە دیمەن

پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ لە پەڕلەمانی نەرویج قسەیان کرد

هەریەک لە پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ؛ ئیبراهیم بیلمەز و جەنگیز یورەکلی لەسەر بانگهێشتی پارتی سوری نەرویج (ڕۆدات) سەردانی ئۆسۆلییان کرد و لە پەڕلەمانی نەرویج قسەیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا پەڕلەمانتارانی پارتی سوور؛ بیۆرنار مۆکسنێس، هێگێ بای نیهۆڵد و سەحەر ئایدار، سۆڵیدارێتی مەد کوردستان، نوێنەرانی نەجەدەکە و بەرپرسانی ڕێکخراوەکانی ڕۆژئاوا، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداربوون.

لە کۆبوونەوەکەدا بابەتەکانی گۆشەگیری ڕەهای ئیمراڵی، هەوڵدانەکانی پرۆسەی چارەسەری و بانگەوازی ئاشتی خرانە رۆژەڤەوە.

قسەکردنی سەرەتا لە لایەن پارێزەری نوسینگەی یاسایی سەدە و هاوکات پارێزەری ڕێبەر ئاپۆ، ئیبراهیم بیلەمەزەوە کرا، بیلەمەز ئاشکرای کرد سیستەمی گۆشەگیری ڕەهای ئیمراڵی لەوکاتەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ بە پیلانگێڕی نێونەتەوەیی ڕادەستی تورکیا کرا تاوەکو ئێستا بە پشتیوانی هێزە نێونەتەوەییەکان بونیادنراوە. ئیبراهیم بیلەمەز دەستنیشانی کرد لەمڕۆدا نەک بە تەنها لەسەر ڕێبەر ئاپۆ، بەڵکو لە سەرانسەری کوردستاندا سیاسەتی گۆشەگیری بەڕێوەدەبرێت.

ئیبراهیم بیلەمەز هەروەها سەرنجی خستەسەر پێشکەوتنەکانی ئێستا و وەک چارەسەری دووەمین ناویهێنا و گوتی: "هەموو ئەو پێشکەوتنانەی بەرمەبنای پرۆسەی چارەسەری هاتووەتەئاراوە پێشهاتی زۆر گرنگن."

بیلەمەز ئاماژەی بەوەدا لە دوای ئەم پێشکەوتنانەوە لە نێوان ڕێبەر ئاپۆ و شاندی ئیمراڵیی دەم پارتییدا چاوپێکەوتن ئەنجام درا و ڕێبەر ئاپۆیش پەیامی 'دەتوانم پرۆسەکە لە زەمینەی شەڕەوە بگوازمەوە بۆسەر زەمینەی سیاسی و یاسایی' دا.

ئیبراهیم بیلەمەز لە قسەکانییدا دەستنیشانی کرد بانگەوازی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'ی ٢٧ی شوباتی ڕێبەر ئاپۆ لە تەواوی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەنگی داوەتەوە و خاوەنداری لێکرا.

دواتر پارێزەری نوسینگەی یاسایی سەدە و هاوکات پارێزەری ڕێبەر ئاپۆ، جەنگیز یورەکلی پەیوەست بە کاردانەوەکانی دەسەڵاتداری و ئۆپۆزسیۆن لە تورکیا نموونەیەکی ڕوونی هێنایەوە و گوتی، پێویستە کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش سەرنجیان لەسەر پرۆسەکە بێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا پەڕلەمانتاری پارتی سوور، بیۆرنار مۆکسنێس باسی لەوەکرد بە وردی ئاگاداری پرۆسەکەن و بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ بە گرنگ دەبینین، هەر لە قسەکانیدا مۆخنیس بە دەربڕینی 'چ جۆرە هاوکارییەکتان لێمان دەوێت' ئامادەی پارتەکەی بۆ بەرەوپیشچوونی پرۆسەکە دەربڕی.

دواتر ئیبراهیم بیلمەز لە وەڵامی بیۆرنار مۆکسنێسدا گوتی، 'پرسی کورد بووە بە پرسێکی نێونەتەوەی' و دەستنیشانی کرد چارەسەری هەموو بەشەکانی کۆمەڵگە پەیوەستە بە پرسی کوردەوە و لە درێژەدا گوتی: "بۆ هەموو ئەو هاوکارییانەی لە چوارچێوەی پرۆسەکە دەکرێت سوپاسگوزارین و هیوادارین هاوکاریییەکان زیاتر بێت."

کۆبوونەوەکەدا بە گفتوگۆی کراوە لە نێوان بەشداربووان و سوپاسکردن کۆتای هات.

بڕیارە پارێزەرانی ڕێبەر ئاپۆ لە چوارچێوەیی سەردانەکەیاندا لە ئۆسلۆ بەشداری هەندێک چالاکی دیکە ببن.