ناسنامەی شەهیدانی خواکورک ئاشکرا کرا

هەپەگە رایەگیاند، کە لە خواکورک ٣ گەریلا شەهیدبوون و ئەوەی خستەڕوو، "جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین لە کوردستانی ئازاد کە ئاواتی شەهیدانمان بوو، خاوەنداری لە یاد و بیرەوەری ئەوان بکەین".

راگەیەندراوەکەی ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە بەم جۆرەیە:

"لە هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکدا بۆ سەر هەرێمی خواکورک، لە ٤ی ئابدا هاوڕێیانمان ئاسرین و خویندا، لە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤یشدا هاوڕێمان رۆستەم شەهیدبوون.

هاوڕێیانمان ئاسرین و خویندا کە لە دژی دواکەوتوویی کۆمەڵگەی پیاوسالار و ئەو کردەوە کۆیلایەتیانەی بەسەر ژناندا دەسەپێندرێن، ئایدۆلۆژیای رزگاری ژنیان وەک تاکە رێگەی رزگاری بینی، بە جۆش و خرۆشی زۆرەوە بەرەو ریزەکانی ئازادی هەنگاویان نا. هاوڕێیانمان ئاسرین و خویندا هیوای ئازادی کە شەهیدانی پێشەنگی ئاپۆییمان بە قوربانیدانی زۆر ئافراندیان، لە ئامێز گرت و ئەو هیوایەیان گەورەتر کرد و ویستیان خۆیان بگەیەننە هەموو ژنانی بندەست و بە تێکۆشانی گیانبازانەی خۆیان گەیشتنە ئەو ئامانجە. هاورێیانمان ئاسرین و خویندا بوونە جەنگاوەرانی گیانبازی فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە ئەمرۆ لە هەموو شوێنێکی جیهان لەسەر زمانی ژنان دەوترێتەوە، بە دڵسۆزی خۆیان بۆ پێوانەکانی ئازادی جێگەی خۆیان لە دڵی گەلەکەمان و سەرجەم ژنانی خۆڕاگردا کردەوە.

رۆڵەی قارەمانی خەڵکی سەرحەد هاوڕێمان رۆستەم سەرەتا لە کوردستان دواتریش لە ئەوروپا بەشداری ناو ریزەکانی تێکۆشان بوو، بە دڵسۆزی و لەخۆبوردەیی گەورە ئەرکەکانی وڵاتپارێزی بە جێگەیاند. بڵام گەیشتە ئەو بڕوایەی کە شێوەی تێکۆشانەکەی بەس نییە، هەربۆیە رووی کردە چیاکانی کوردستان و وەک گەریلایەکی ئازادی بەشداری لە ناو تێکۆشاندا کرد. هاوڕێمان رۆستەم بە کەسایەتی راست و دروستی خۆی، بە دڵسۆزی بۆ رێبەر ئاپۆ و شەهیدانی قارەمانمان دەناسرا، لەناو ریزەکانی گەریلادا هەوڵیدا زیاتر بە تێکۆشانی خۆی شایەنی شەهیدان بێت.

وەک هاوڕێیانمان ئێمە سەرەخۆشی لە بنەماڵەی بەنرخی هاوڕێیانمان ئاسرین، خویندا و رۆستەم و سەرجەم گەلی وڵاتپارێزی کوردستان دەکەین و جارێکی دیکە بەڵێن دەدەین کە لە کوردستانی ئازاد کە تامەزرۆی بوون، یادی ئەوان بەرزرابگرین.

زانیاری لەسەر ناسنامەی هاوڕێی شەهیدەکانمان بەم جۆرەیە:

ناسناو: ئاسرین باوەر

ناو و پاشناو: سەڤدا تۆپچو

شوێنی لەدایکبوون: رحا

ناوی دایک- باوک: ئایهان- شێخموس

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٤ی ئابی ٢٠٢٤/ خواکورک

ناسناو: خویندا چیا

ناو و پاشناو: نەجلا ئەحمەد سلێمان

شوێنی لەدایکبوون: دێرکا حەمکۆ

ناوی دایک- باوک: زەینەب - ئەحمەد

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٤ی ئابی ٢٠٢٤/ خواکورک

ناسناو: رۆستەم سەرحەد

ناو و پاشناو: شاهین پەکور

شوێنی لەدایکبوون: ئیدر

ناوی دایک- باوک: گوڵچین- ساڵح

کات و شوێنی شەهیدبوون: ٢٤ی ئابی ٢٠٢٤/ خواکورک