دانیشتووانی مەخموور دژی هێرشی دەوڵەتی تورک ڕێپێوانی جەماوەرییان ئەنجامدا
دانیشتووانی مەخمور دژی هێرشی ئەم بەیانییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کەمپەکە، ڕێپێوانی جەماوەریان ئەنجامدا.
دانیشتووانی مەخمور دژی هێرشی ئەم بەیانییەی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر کەمپەکە، ڕێپێوانی جەماوەریان ئەنجامدا.
هەفتەیەک لەمەوبەر و لە ١٠ی ئەیلول دەوڵەتی داگیرکەری تورک دامەزراوەی دایکانی ئاشتیی لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) بۆردوومان کرد و لە ئەنجامدا ٣ ژن بریندار بوون. جارێکی تریش ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٠٠ لە مەخمور، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک باخچەی ماڵێکی بۆردوومان کرد. لە ئەنجامدا زیانەکانی ماددی لێ کەوتەوە.
خەڵکی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخموور) بە ڕێپێوانێکی جەماوەری هێرشەکەیان شەرمەزار کرد. ڕێپێوانەکە لەبەردەم دامەزراوەی بنەماڵەی شەهیدانی مەخموور بە ئامادەبوونی گەلی کەمپەکە دەستی پێ کرد.
لە ڕێپێوانەکەدا درووشمەکانی وەک "بمرێ خیانەت" و "کەس ناتوانێت ڕۆژەکەمان تاریک بکات" و "بژی بەرخۆدانی مەخموور" و پانکارتی وەک "نا بۆ داگیرکاری" و "بۆچی عێراق بێدەنگە" بەرزکرایەوە.
ڕێپێوانەکە لەبەردەم بینای نەتەوە یەکگرتووەکان وەستا، پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدانی ئازادی کوردستان، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمور، فاتمە بیلەن قسەی کرد.
فاتمە هێرشەکەی شەرمەزار کرد، ڕایگەیاند دەوڵەتی تورک و پەدەکە دەیانەوێت عێراق بکەنە هاوبەشی گەمە قێزەونەکانیان، بۆ ئەوەی سەرژمێری نەکرێت لە هەفتەیەکدا دوو جار هێرشیان کردە سەر کەمپەکە، گوتی: "دەڵێین ئەگەر ئەمڕۆ خوێن لە پەنجەی مناڵێکمان بێت، عێراق و ئەو شاندانە بەرپرسیارن کە دێنە کەمپەکە. گەرەنتی نییە کە هێرشی تر ڕوونەدات. ئەمەش وا دەردەخات هێرشەکان بەردەوام بن. با باش بزانن بەرخۆدانی خەڵکی مەخموور ٣٠ ساڵە بەرامبەر کارە قێزەونەکانی دەوڵەتی دڕندە بەردەوامە و لەمەودواش بەرخۆدان بەهێزتر دەکەین".
فاتمە بانگەوازی لە گەلی کورد کرد دژی هێرشەکان هەڵوێست وەربگرن، گوتی: "لە ماوەی ٥ ساڵدا، ١٤ جار کەمپەکە بۆردوومان کراوە، ئەمە هێرشێکی ئاسایی نییە، بەرئەنجامی بێدەنگی حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو کەسانەیە خۆیان بە پارێزەری مافەکانی مرۆڤ ناودەبەن".
ڕێپێوانەکە بە درووشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بمرێ خیانەت" و "ژن، ژیان، ئازادی" کۆتایی هات.